25/4/2020 02:57 PM

مایەپووچبوونی هەندێک لە یانەکان

ئەدریانۆ گالیانی جێگری سەرۆکی پێشووی یانەی ئەی سی میلان لەچاوپێکەوتنێکدا ترسی خۆی لە قەیرانی دروستبوو بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا نیشان دەدات.
ئەندازیاری گواستنەوەی پێشووی میلان و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری یانەی مۆنزا لەئێستادا باس لەوە دەکات کە بەهۆی ئەو قەیرانەی لەجیهاندا درورستبووە، چەندین یانەی بواری تۆپی پێ ناچار دەبن مایەپوچبوونی خۆیان ڕابگەیەنن.
گالیانی دەڵێت: "توشی دڵەڕاوکێ بووین لەبارەی بوارە دارایی و ئابورییەکانی جیهان، بەتایبەتیش داهاتووی یانەکانی ئەوروپا بەهۆی ئەو قەیرانەی بەرۆکی هەمووانی گرتووە."
هەروەها دەڵێت: "یانەکان زیانی قورسیان بەردەکەوێت، بەهۆی نەمانی داهاتی پەخشی تەلەڤیزیۆنی و باجەکان و موچەی یاریزانان و هەموو ئەمانەوە بابەتەکە دەبێتە کارەساتی ڕاستەقینە، بەو هۆیەشەوە چەندین یانە مایەپوچ دەبێت."
لەکۆتاییدا ڕایدەگەیەنێت: "چەندین یانە بەهۆی قەیرانەکەوە دەناڵێنێت، سەیری یاریگای یانەی بەرشلۆنە بکەن کە لە یارییەکدا 80 هەزار هاندەری کۆدەکردەوە، یان شاری تۆکیۆ کە ئامادەکاری بۆ گەیشتنی ملیۆنان گەشتیار و وەرزشکار دەکرد بەهۆی ئۆڵۆمپیادەوە، هەموو ئەمانە کۆتاییان پێهاتووە، بیری لێبکەنەوە زیانە داراییەکانی چەند گەورەبوون."
لەدوای فرۆشتنی یانەی ئەی سی میلان، ئەدریانۆ گالیانی هاوشانی سیلڤیۆ بێرلسکۆنی سەرۆکی یانە، یانەی مۆنزایان کڕی و هەوڵ دەدەن ئەو یانەیە بۆ خولەکانی پلە دوو و یەک بەرزبکەنەوە.

 

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved