28/4/2020 10:33 AM

بۆچی ئێمیل زۆلا بەرگری لە ئەفسەرێکی جوولەکە کرد؟

ئەردەڵان عەبدوڵڵا
ئێمیل زۆلا یەکێکە لە نووسەرە دیارو مەزنەکانی فەرەنسا و جیهان، پێگەیەکی گەورەی لە ئەدەبیاتی فەرەنسی و جیهانیشدا هەیە و دامەزرێنەری رەوتی " سروشتگەرایی"یە کە بە یەکێک لە رەوتە گرنگەکانی بواری ئەدەبی و هونەری سەدەی نۆزدەو بیست دەژمێرێت.
لەپەنا بەرهەمە جوانە ئەدەبییەکانیدا، خاڵێکی تر کە بووە هۆی ناساندنی  ئەم نووسەرە  لە جیهاندا، رۆڵ گێڕانییەتی لە کێشەی ئەفسەرێکی جوولەکە بەناوی دریفوس. وتارە بەناوبانگەکەی " من سکاڵام هەیە" بە یەکێک لە کارە جوان و ناسراوەکانی زۆلا دەناسرێت و پاشتریش وەکو مانیفێستێکی لێهات بۆ هەموو نووسەرانی فەرەنسا و جیهانیش.  بگرە ئەم وتارەی دەبێتە پاسپۆرتێک بۆ ئەم نووسەرە مەزنەی فەرەنسا، هەر کەباسی زۆلا کرا، یەکسەر ناوی ئەم وتارە و کێشەی دریفوسیش دێت.
پێش هەموو شتێک دەبێت ئەوە بڵێم هەموو نووسەرێکی مەزنی فەرەنسا مەسەلەیەکی هەبووە، کە دواتر پێی ناسراوە ئەمەش بووە سیمای تایبەتی نووسەر و رۆشنبیری فەرەنسی. بەڵام سەرەتا دەبێت بزانین ئەم کێشەیە چییە کە وایکردووە ئەم نوسەرە مەزنە داکۆکی لێبکات؟ هۆکاری کێشەکە چین؟ دریفوس کێیە؟ دواجار بۆچی زۆلا بڕیاریداوە داکۆکی لێبکات و  ژیانی خۆی بخاتە مەترسیی  و ئاوارەبوونەوە؟! ئایا هیچ پەیوەندییەکی خێزانیی یان ئایینی یان شەخسی لەگەڵ ئەم ئەفسەرە جوولەکەیە هەبووە؟ یان هیچ بەرژەوەندییەکی شەخسی هەبووە؟ دەرئەنجامەکانی چین؟
هەوڵ دەدەم لەم وتارەدا وەڵامی ئەمانەی سەرەوە بدەمەوەو چەند بابەتێکی تریش باسبکەم.

رای گشتی  فەرەنسیی و  دابەشبوونی بەسەر دوو بەشدا
یەکێک لەو کێشە گەورانەی کە تەواوی رای گشتی فەرەنسی لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەو سەرەتای بیستدا مەشغوڵکرد، کێشەی ئەفسەرێکی جوولەکەی سووپای فەرەنسی کۆڵۆنێل ئەلفرید دریفوس بوو،  لە ساڵی 1894 ەوە هەتاوەکو ساڵی 1906 ئەم کێشەیە دەبێتە کێشەیەکی گەورەی رای گشتی و کۆمەڵگەی فەرەنسیش دەکاتە دوو بەشەوە بەشێکیان بەوپەڕی هێز و توانای خۆیانەوە دژی ئەلفرید دریفوس  و جوولەکەکانی فەرەنسا دەوەستنەوە، بەشێکی تریان داکۆکی لەم جەنەڕاڵە و جوولەکەکان دەکەن. لەم کێشەیەشدا سەرۆک کۆمار، حکومەت، پەرلەمان، رۆژنامەکان، دادگاکان، پارێزەرەکان، دواتریش تەواوی کۆمەڵگا پێوەی خەریک دەبێت. خەڵکێکی زۆریش دەبنە قووربانی بەتایبەتی جوولەکەکانی فەرەنسا، هەروەها لە زۆربەی قاوەخانە و شوێنە گشتییەکان، نیقاشی گەورە و زۆرجاریش  قسەی ناخۆش و دڵگرانیی و شەڕی دەستە ویەخە لەنێوان خەڵکیدا دروست دەبێت. ئەم کێشەیە سەرەتا کێشەیەکی دادوەری ، سیخوریی بوو، دادگا وروژاندی، دواجاریش هەر لە رێگەی دادگاوە، کۆتایی بە کێشە دێت. هەرچەندە جگە لە دریفوس خەڵکی تریش رووبەروی سزادان دەبێتەوە بەتایبەتی ئەوانەی داکۆکیان لێکرد، لەسەرووهەموشیانەوە ئێمیل زۆلا، کە ناچار دەبێت فەرەنسا بەجێبهێڵێت و رابکات بۆ بەریتانیا.
کاتێک جەنەڕاڵێکی جوولەکە بەناڕەوا سزا دەدرێت
Alfred Dreyfus ئەلفرید دریفوس  ئەفسەرێکی سووپای فەرەنسا بوو، لە 9 ی ئۆکتۆبەری ساڵی 1859 لە شارۆچکەی میولهاوسن لە هەرێمی ئەلزاسی سنووری نێوان فەرەنسا و ئەڵمانیا لەدایک بووەو لە 12ی حوزەیرانی ساڵی 1935 کۆچی دواییکردووە. دریفوس لە بنەماڵەیەکی جوولەکەی دەوڵەمەند لەدایک بووە، باوکی خاوەنی ئاش و  کارگەی  رستن و چنین بووە.  ئەو یەکەمین منداڵی خیزانەکەی بوەو هەشت خوشك و برای هەبووە. بەپێچەوانەی ویستی خێزانەکەیەوە، حەزی بە بازرگانیی و جیهانی پارە نییە، بگرە زیاتر حەزی بە جیهانی سەربازی بووە. هەربۆیە کۆلیژی سەربازی دەخوێنێت و پاشان دەچێتە ناو سووپای فەرەسنییەوەو بەپلە سەربازییەکاندا سەردەکەوێت هەتاوەکو ساڵی 1893 دەگاتە پلەی کۆڵۆنێل و پاشانیش دەبێتە ئەندامی مەکتەبی ئەرکانی سەربازی سووپای فەرەنسی. ساڵی 1890  Lucie Hadamard   دەخوازێت، ئەمەیش لەبنەماڵەیەکی دەوڵەمەندی جوولەکەی فەرەنسا دەبێت، باوکی لوسی بازرگانێکی دەوڵەمەندەی جوولەکەیە کە بازرگانی ئەڵماس و ئاڵتوون دەکات. هەروەها خوشکی زانای ماتماتیکی ناسراوی فەرەنسی جاک هادەماردە، کە یەکێکە لە زانا گەورەکانی بواری ماتماتیکی فەرەنسا، واتە لەبنەماڵەیەکی ناسراوی فەرەنسییە.

ساڵی 1894 دادگای سەربازی دریفوس بەوە تاوانبار دەکات، کە سیخوری بۆ دەزگای هەواڵگری ئەڵمانی کردووەو زانیاری زۆر گرنگی سەربازی دەربارەی سووپای فەرەنسا پێداون، هەربۆیە سزای زیندانی هەتاهەتایی بۆ دەبڕنەوەو لە فەرەنسا دووریدەخەنەوە بۆ دوورگەی شەیتان، کە دوورگەیەکی بچووکە کەسی تێدا ناژی و زیاتر وەکو زیندانێکی گەورە وایە، دەکەوێتە دەریا کاریبیک لە کێشوەری ئەمریکای لاتین، ئەم ناوچەیە بە دوورگەکانی گوایانی فەرەنسی دەناسرێت.  
دیارە لەوکاتەدا ئەمەش توندترین سزا بووە، دەرکردن لە وڵات و زیندانی هەتاهەتایی، بۆ تاوانە قوورسەکان دادەنرا.  هەروەها لە 5 یانوەری سالی 1895 لە ئەکادیمیای سەربازی فەرەنسا لە پاریس، بە بەرچاوی زیاتر لە 10  هەزار سەرباز و پلەداری سووپای فەرەنسیی و خەڵکی ئاساییەوە،  دریفوس دادگایەکی جەماوەری دەکرێت، هەموو پلە سەربازییەکانی و شمشێرکەشی لێدەستێنرێت و  بەدیاری چاوی خەڵکییەوە دەشکێنرێت، جگەلەوەش جلە سەربازییەکانی لێدەستێنەوەو جلی زیندانی لەبەر دەکەن. خەڵکیش جنێو قسەی ناشیرینی پێدەڵێن،  دریفوسیش لە کۆتاییدا هاوار دەکات:

 سەربازەکان باوەڕ مەکەن، من بێتاوانم
بەبێتاوان سزام دەدەرێت
من خائین نیم
بژی سووپای فەرەنسی
بژی فەرەنسا
بەم وشانە کۆتایی بەو دیمەنە تراژیدییە دەهێنرێت کە لە ئەکادیمیای سەربازی فەرەنسای لە پاریس، بۆ ئەم کۆڵۆنێلە داماوە ساز دەکرێت، لێرەشەوە کێشەی دریفوس دروست دەبێت.
چۆن دۆسییەکە ئاشکرابوو
ساڵی 1894 ژنێکی خزمەتگوزار  لە باڵیۆزخانەی ئەڵمانیا کاردەکات و رۆژانە ژوورەکان پاک دەکاتەوە، کاتێک لە مەکتەبی باڵیۆز لەسەر مێزەکەی کۆمەڵێک وەرقەی پارچەپارچە کراو دەدۆزێتەوە، دەیباتەوە لەگەڵ خۆیی و پاشان رادەستی دەزگای هەواڵگری فەرەنسای دەکات. ئەو ژنە ئەندامی دەزگای هەواڵگری فەرەنسی بووەو بۆ ئەوان کاریکردووە. ئەو وەرەقەیە کە کراوە بەشەش پارچەوە، پاشئەوەی ژنەکە پێکەوەیان دەلکێنێتەوەو دەیبات بۆ دەزگای هەواڵگری، لەوێ سەیری دەکەن بریتییە لە راپۆرتێکی سەربازی  لەبارەی سووپای فەرەنساوەو لەلایەن یەکێک لە سیخورەکانی دەزگای هەواڵگری ئەڵمانیی لەناو سووپای فەرەنسا نووسراوە، پێدەچێت  سیخورەکە پلەی سەربازی بەرز بێت، چونکە زانیارییەکان زۆر نهێنیی و گرنگن، پاشان دەستدەکرێت بە لێکۆڵینەوەو گەڕان و پشکنین دەستپێدەکات.
لەوکاتەدا دریفوس ئەندامی ئەرکانی باڵای سەربازی سووپای فەرەنسا دەبێت، ئەو تاکە جوولەکەیە لەو مەکتەبە، هەربۆیە یەکسەر پەنجەی تاوان بۆ دریفوس درێژ دەکرێت و پسپۆرێکی بواری دەستوخەت نووسینیش، درۆیەکی گەورە  دەکات و دەڵێت، ئەم دەستوخەتە هی دریفوسە، هەموو ئەمانەش درۆبوون، لەکاتێکدا ئەویش نەبووە  بگرە جەنەڕاڵێکی تر بووە.
رای گشتی و کێشەی دریفوس
پاشان ماتیۆی برای دریفوس  دوو پارێزەرەی باش و ناسراو بۆ براکەی دەگرێت بۆئەوەی داکۆکی لێبکەن، بەڵام ئەوانیش ناتوانن دۆسییەکەی بەرنەوەو دریفوس ئازاد بکەن.  پاشان براکەی واز ناهێنێت و هانا بۆ  خەڵکی تر دەبات بەتایبەتی رۆژنامەنووسان. لەوکاتەدا رۆژنامەنووسی ناسراوی فەرەنسی"  بێرنارد لەزار Bernard Lazare" دێتە ریزەوەو لە رۆژنامەکان بەرگری لە دریفوس دەکات. پاشانیش قەناعەت بە سیاستەمەدار و رۆژنامەنووسی ناوداری فەرەنسی  georges Benjamin Clemenceau جورج کلیمەنسۆ دەکەن کە ئەویش بێتە ریزی داکۆیکارانی دریفوس. جێگەی ئاماژەیە پاشان  ئەم پیاوە دەبێتە یەکێک لە پیاوە مەزنەکانی فەرەنسا، لە کاتی جەنگی یەکەمی جیهانی  لە نێوان ساڵانی 1917 بۆ 1920 دەبێتە سەرۆکی فەرەنسا و سەرکەوتنی گەورە تۆمار دەکات. بەهاتنی کلیمەنسۆ بۆ داکۆکیکردن لە کێشەی دریفوس، هەوادارانی دریفوس زیاتر دەبن و کێشەکە دەبێتە رای گشتی.
دووبارەکردنەوەی دادگاییکردنی دریفوس
 پاشان ساڵی 1896  کۆڵۆنێل جۆرج بییرکارت -Georges Picquart  بەرپرسی دەزگای هەواڵگری سەربازی فەرەنسا، لەلایەن سووپای فەرەنسییەوە داوای لێدەکرێت، کە دووبارە لە کێشەی دریفوس بکۆڵێتەوە. پاشان جۆرج بیکارت بۆی دەردەکەوێت کە دریفوس سیخور نییە، بگرە جەنەڕاڵێکی ترە کە ئەویش ناوی Ferdinand Walsin-Esterházy فێردینارد ڤالسین ئێرتاهیزییە، بەڵام دادگای سەربازی باوەڕ بە قسەکانی ناکات، جگەلەوەش سزای دەدەن و لە سووپای فەرەسنی دەریدەکەن و   بڕیاریش دەدەن بۆ تونس دووریبخەنەوە. لەگەڵ ئەوەشدا  دادگای  سەربازی بڕیاری بێتاوانی و ئەستۆپاکی بۆ  فێردینارد ڤالسین ئێرتاهیزییە دەردەکات، لەکاتێکدا ئەویش تاوانبارە، پاشان ئەویش کە ئازاد دەبێت، یەکسەر رادەکات بۆ بەریتانیا و هەتا کۆتایی ژیانی لەوێ دەژی.


بۆچی  کێشەی دریفوس بووە کێشەی رای گشتی؟
ئەمە یەکێکە لەو پرسیارانەی کە زۆرێک لە مێژوونوسان پێوەی خەریکن، بۆچی کێشەی ئەم ئەفسەرە جوولەکەیە ، بووە قسەوباسی هەموو کۆمەڵگەی فەرەنسا، دیارە لەمەشدا کۆمەڵێک هۆکار رۆڵیان هەبووە لێرەدا بەکورتی باسی هەندێكیان دەکەن.
1/ دوژمنی ئەڵمانی
لەپاش داگیرکردنی فەرەنسا لە ساڵی 1871 لەلایەن ئەڵمانیا، هەروەها لێسەندنەوەی  ناوچەی ئەلزاس و لۆرین لە فەرەنسا و بردنی بۆ خۆیان،  ئیتر ئەڵمانیا بوو بە دوژمنی هەموو گەلی فەرنسا، هەمووکاتێک ئەڵمانیا، بە دوژمنی سەرسەخت و پلە یەکی فەرەنسا دادەنرا، خەڵکیش بە گشتی رقیان لە ئەڵمانیا دەبوویەوە، بەتایبەتی لەو سەردەمەدا، دواتریش مەسەلەی خائینی و جاشایەتی بۆ دوژمنیش، هەمیشە دەبێتە مایەی ناڕەزایی هەموو خەڵكی.
2/ دژایەتیکردنی جوولەکە
هەمیشە جوولەکەکان لە فەرەنسادا دەچەوسانەوە زۆرجاریش بەبێ هۆ تاوانبار دەکران، ئەم کێشەیەی دریفوسیش، وەکو دیارییەکی خودا بوو بۆ دوژمنانی جوولەکە لە فەرەنسا، تاوەکو هێندەی تر دژایەتی جوولەکەکان بکەن و پەلاماریان بددەن و بە خائین و دوژمنی گەلیان دابنێن.
زۆرجار خەڵکی وادەزانن تەنها لە ئەڵمانیا دژایەتیی جوولەکە کراوە، بەڵام لەراستیدا گیانی دژایەتیکردنی جوولەکە لە تەواوی ئەوروپا و ئەمریکاشدا مێژووییەکی زۆر قێزەونی هەیە و لە هەموو وڵاتانی ئەوروپا دژایەتی جوولەکە کراوە بەتایبەتیش لە فەرەنسا. هەرچەندە ئێستا خەڵکانێک دەڵێن ئەوروپا و ئەمریکا جوولەکە بەڕێوەی دەبات یان رۆڵی بەهێزیان هەیە، دیارە ئەمەش بەهەوڵ و کۆششی بێ وچانی جوولەکەکان خۆیان بووە، دەنا کۆمەڵگەی ئەمریکی یان ئەوروپا، لە سەرەتادا زۆر دژایەتییان کردوون، بەڵام ئەمڕۆ ئەو دژایەتییەیان نەهێشتووەو لۆبییەکی زۆر بەهێزیشیان بۆ خۆیان لە وڵاتانی رۆژئاوادا دروستکردووە، ئەمەش مەزنی گەلی جوولەکە پیشان دەدات، کە چۆن سوودیان لە تراژیدیاکانیان وەرگرتووە بۆ بونیاتننانی داهاتوویەکی پرشنگدار.
بەهەرحاڵ لەپاش بڵاوبوونەوەی کێشەی دریفوس، لە تەواوی فەرەنسادا بەتایبەتی لە پاریس دووبارە جوولەکەکان دەکەونە بەر هێرشێکی ناڕەواو لەهەموو لایەکەوە پەلاماریان دەدەن. لەوکاتەدا ژمارەی جوولەکانی فەرەنسا دەگەیشتە 150 هەزار، نزیکەی 50 هەزاریان لەپاریس دەژیان.  دریفوس هێندەی تر ژیانی جوولەکەکانی ناخۆشکرد، چونکە فاشیستەکانی فەرەنسا هەمیشە  بە دوای بیانوییەک دەگەڕان بۆ ئەوەی دژایەتی جوولەکەکان بکەن، ئەمەش وەکو دەڵێن دیارییەکی خودا بوو بۆ ئەوان، هەمووکاتێکیش فاشیستەکان، جوولەکەکانیان  بە خائین و دوژمنی فەرەنسا دادەنا.


3/ کێشەی سیخوری
هەمووکاتێک مەسەلەی سیخوری دەبێتە مایەی سەرنجی خەڵکی، جیهانی سیخوری و هەواڵگری جیهانێکی داخراوەو نهێنییە، هەمیشە خەڵکیش حەزی لێیە ئاگاداری شتە نهێنییەکان بێت.
4/ بنەماڵەی دریفوس
بنەماڵەی دریفوس بەتایبەتی براکەی ، هەموو هەوڵێکیان دەدا تاوەکو دریفوس لە زیندان دەربکەن، ئەوانیش هانایان بۆ زۆر رۆژنامەنووس و نووسەر و رۆشنبیر برد، تاوەکو داکۆکی لە براکەیان بکەن، ئەمانیش وایاندەزانی لە رێگەی جووڵاندنی رای گشتی بۆ لای خۆیان، دەتوانن براکەیان رزگار بکەن، بەڵام لەسەرەتادا ئەم کارەیان زەرەری نەک لە خۆیان بەڵکە لە هەموو جوولەکەی فەرەنسا دا، هەرچەندە لە کۆتاییدا لە جوڵاندنی رای گشتی بە قازانجیان گەڕایەوە، بەتایبەتی کاتێک نووسەرێکی مەزنی وەکو زۆلا کەوتە بەرگریکردن لە دریفوس.
5/ بەهێزبوونی رۆڵی  رۆژنامە
لەوکاتەدا بەتایبەتی لە کۆتایی سەدەی نۆزدەدا، رۆژنامەکان رۆڵی بەرچاویان هەبوو لە جوڵاندنی رای گشتی و بڵاوکردنەوەی هەواڵ و زانیاریی. بنەماڵەی دریفوسیش ئەمەیان دەزانی، هەروەها پارەشیان هەبوو، بۆیە هانایان بۆ رۆژنامەکان برد، ئەوانیش توانییان کێشەی دریفوس بکەنە، کێشەی کۆمەڵگا. لەبەرامبەریشدا فاشیستەکانیش لە رێگەی رۆژنامەکانەوە، کەوتنە دژایەتی جوولەکەکان، ئەوانیش رۆژنامەکانیان بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکارهێنا.
هەموو ئەمانە وایکرد کە کێشەی دریفوس ببێتە، رای گشتی و کێشەی هەموو فەرەنسا.


زۆلا و دریفوس
وەکو وتم کێشەی دریفوس دەبێتە کێشەی رای گشتی فەرەنسی و لەناو رۆشنبیرانی فەرەنساش بە گەرمی ئەم کێشەیە باس دەکرێت، لەوکاتەدا زۆلا بڕیار دەدات کە بەرگری لەم ئەفسەرە جوولەکەیە بکات و پێی وایە کەسێکی بێتاوانە،نابێت ئەوەشمان لەبیربچێت لەوکاتەدا زۆلا لە لووتکەی شۆرەت و ناوبانگیدا بووە، ناوی لە هەموو فەرەنسادا هەبوو، کتێبەکانی، وتارەکانی خەڵکی دەیخوێنەوە. دواتر بڕیار دەدات لە13 یانوەری 1898  لە رۆژنامەی (L'Aurore واتە سبەی ، لە لاپەڕەی یەکەمدا، وتارە بەناوبانگەکەی لەژێرناوی (J'accuse من سکاڵا دەگرم بنووسێت.
ئەم رۆژنامەیەش زیاتر وەکو مینبەری چەپەکان بوو بەتایبەتی پارتی چەپی پێشكەوتنخوازی کۆماری کە کلیمنسۆ رابەرێتی دەکرد، لەوکاتەدا ئەم رۆژنامەیە وەکو یەکێک لەمینبەرەکانی چەپی فەرەنسا سەیر دەکرا. ئەو رۆژە رۆژنامەکە نزیکەی 300 هەزار ژمارەی لێ بڵاودەبێتەوە. ئەمەش  هەرایەکی گەورە دەنێتەوە پاشانیش دادگای فەرەنسا سزای زۆلا دەدات، هەروەها نیشانی شەرەفی کۆمارییشی لێدەستێننەوەو سزای زیندانی بەسەردا دەسەپێنن. بەڵام ئەو ناچێت بۆ زیندان ، بەڵکە رادەکات بۆ بەریتانیا. وەکو دەڵێن هێندە بەپەلە رایکردووە کە تەنها جانتایەکی جلوبەرگی کۆنی   پێبووەو  کەمێک پارەو هیچی تر.  ماوەی ساڵ و نیوێک لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا بە بەهەژاری دەژی و پاشان دەگەڕێتەوە بۆ فەرەنسا و پاش ماوەیەک دەمرێت.


بۆچی زۆلا داکۆکی لە دریفوس کرد ؟
دیارە بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە، زۆر رەخنەگری ئەدەبی و مێژوونوس و زۆلا ناسی فەرەنسی  و جیهانیش، خۆیان بەم پرسیارەوە خەریکردووە. لەوکاتەدا زۆلا لەوپەڕی شۆرەتدا بوو، پاش چەندین ساڵ لە هەژاریی و نەداریی، رەوشی دارایی باشبووە، خانویەکی گەورەی هەبوو، هەروەها نیشانەی شەرەفی لە سەرۆک کۆمارەوە وەرگرتبوو، خاوەنی پێگەیەکی بەهێزبوو لەناو رۆشنبیران و ئەدیبان و سیاستەمەدارانی فەرەنسا، بەهەموو پێوەرێک لە لووتکەدا بوو، بەلام بۆچی ئەم کابرایە موجازەفە بەو هەموو شتانەوە دەکات و لە تەمەنێكی پیریدا،  خۆی دەکاتە نەیاری حکومەت و  رووبەروی سزا و دەربەردی دەبێتەوە؟! هۆی چییە ئەم پیاوە شەق لەو هەموو نازونیعمەتەی خۆی دەهێنێت و ماڵ و منداڵ بەجێهدەهڵێت و خۆی دەخاتە بەر رەحمی غەریبییەوە؟! لەکاتێکدا هیچ بەرژەوەندییەکەی ماددی و مەعنەوی لەگەڵ ئەم پیاوە نەبووە، بە دوور و نزیک هەر نەیناسیووە کێیە. ئەو کابراییەکی جوولەکە بووەو ئەمیش کەسێکی مەسیحی و چەپ و پێشكەوتنخواز، واتە هیچ شتێک بەم پیاوەی نەبەستۆتەوە، بەڵام ئەی بۆ بەرگری لێکردووە؟!
بەش بەحاڵی خۆم هۆکاری ئەم هەڵوێستەی  زۆلا  بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێنەمەوە.
1/ رای گشتی
وەکو وتم کێشەی دریفوس بوو بوو بە کێشەیەکی رای گشتی کۆمەڵگەی فەرەنسی، لەوکاتەشدا ئەم مەسەلەیە لەهەموو کون و قوژبنێکی فەرەنسا باس دەکرا، هەروەها زۆلاش وەکو نووسەرێکی ناودار دەبوایە هەڵوێستی هەبێت، نەدەکرا ئەو بێدەنگ بێت بەتایبەتی کاتێک کە ناوبانگی هەموو فەرەنسای داگیرکردبوو.
2/ سیمای رۆشنبیری فەرەنسی
یەکێک لەسیماکانی نووسەرو بیرەمەند و فەیلەسووفانی فەرەنسی ئەوەیە، کە تەنها لەبواری فکری یان ئەدەبی کاریان نەکردووە، بەڵکە زۆرجاریش وەکو چالاکوانێکی مەدەنیش دەرکەوتوون و بەرگریان لە مەسەلەیەک کردووە، ئەمەش لە ڤۆلتێرەوە دەستیپێکرد، بەتایبەتی لەپاش رووداوەکانی کالاس و سیرڤین و شوالیە دولابار*
لەپاش ڤۆلتێریش نووسەرانی تر بۆ نموونە ڤیکتۆر هۆگۆ مەسەلەی دژایەتیکردنی جەنگ و  حوکمی لەسێدارەدانی کردبووە مەسەلەی خۆی. گوستاڤ ڤلوبێر رووبەروی فکری توندڕەوی ئایینی بوویەوە.  پێموایە زۆلاش کە خۆی بە خوێندکاری ڤۆلتێرو ڤلوبێر دەزانی، ئەویش ویستوویەتی مەسەلەیەک بۆ خۆی هەڵبژێرێت و پێی بناسرێت، هەربۆیە  مەسەلەی دریفوسی هەڵبژارد، کە زۆر لە مەسەلەکانی ڤۆلتێرەوە نزیک بوو، ئەمیش بەرگری لە  جوولەکانی دەکرد، کەلەوکاتەدا بە ناشیرینترین شێوە دەچەوسانەوە.
3/ دژایەتیکردنی فکری راسیم و نایەکسانی
خاڵێکی گرنگی تر ئەوەیە، هەمیشە زۆلا خۆی تەرخانکردبوو بۆ دژایەتیکردنی نایەکسانیی و راسیزم و نادادپەروەری، هەروەها ئەو لە زۆربەی نوویسنەکانیدا، بەرگری لە خەڵكی چەوساوەو زوڵملێکراو دۆڕاو کردووە، هەربۆیە لەمەشدا دووبارە بەرەی زوڵملێکراوەو چەوساوەکانی هەڵبژارد، نابێت ئەوەشمان لەبیربچێت، کە زۆلاش خۆی بە بنەچە ئیتالی بوو، واتە بێگانە بوو، تاڕادەیەک جێژی نایەکسانیی و جودایی بینیبوو.
4/ فکری چەپ
لە لایەکی ترەوە نابێت ئەوەشمان لەبیربچێت، کە فکری چەپ بەتایبەتی چەپی هومانیستیی، رۆڵی زۆری بەسەر فکر و دونیابینی زۆلاوە هەبوو، لەوکاتەشدا بەگشتی چەپەکان لەبەرەی داکۆکیکردن لەخەڵکی چەوساوەو زوڵملێکراو بوون.


وتاری سکاڵام هەیە
دیارە ئەم وتارە رۆڵی گەورەی هەبوو لە جوڵاندنی رای گشتی، لەهەمانکاتیشدا لە تووڕەبونی نەیارانی زۆلا بەتایبەتی حکومەت. ئەوەبوو هەر لەپاش ئەم وتارە، یەکسەر دادگایی کرا و سزای بەسەردا سەپێنرا،بەڵام بۆچی وتارە  هێندە حکومەتی تووڕە کرد؟
ناوەڕۆکی وتارەکە
دیارە ئەم وتارە یەکێکە لە وتارە جوان و گرنگەکانی زۆلا، چ لە رووی زمان و شێوازی نووسین و ناوەڕۆکەوە، زۆر جوانە، بەتایبەتی ناوەڕۆکەکەی، کە داکۆکییەکی سەخت لە یەکسانیی و دادپەروەری دەکات، لەهەمانکاتیشدا دژی نادادپەروەری دەوەستێتەوە.
ئەم وتارەی زۆلا بۆ فيليكس فاوریان سەرۆکی  ئەوکاتی فەرەنسا نووسراوە، تێیدا زۆلا باسی کێشەکە دەکات، دواتر داکۆکی لە دریفوس دەکات و  لە کۆتایشدا کۆمەڵێک کەسایەتی ناوبانگی فەرەنسی تاوانبار دەکات ، هەر ناوی وتارەکەش لەمەوە هاتووە چونکە لە کۆتاییدا زۆلا سکاڵا لە دژی ئەو کۆمەڵە کەسایتییانە دەکات کە لە بواری دادوەری و  سەربازیی و حکومی فەرەنسیدا رۆڵی بەرچاویان هەبووە، هەر ئەمانیش بەتۆمەتی ناوزڕاندن زۆلا دەدەنە دادگا.
سەرەتای وتارەکە بەمشێوەیە دەستپێدەکات:
جەنابی سەرۆک
سەرەتا رێگام پێبددەن، بەهۆی ناسینی بەرێزتانەوە کە رۆژێکیان بەوپەڕی رێزەوە پێشوازیتان لێکردم ، پێمخۆشە لێرەدا پێتان رابگەینم، کە من ترسم لە مەزنی تۆ هەیە، ڕێگەم پێ ددەن پێتان رابگەینم کە هەتاوەکو ئێستا ئەستێرەی بەختان لە ئاسماندا دەدرەوشایەوە، بەڵام لە ئێستادا لەبەردەم هەڕەشەی نەمان و تەنانەت ریسواییشدایە.
دیارە زۆلا بە شێوازێکی ئەدەبی بەزر و جوان نامەکەی نووسیوە،  هەربۆیە زۆر کاریگەر بووە. هەروەها کۆمەڵێک وشە، دەستەواژە، رستەی گرنگ و پڕمانای بەکارهێناوە، کەهێندەی تر هێز و توانای بە وتارەکە بەخشیوە.  یەکێک لەو دێڕانەشی کە هەتاوەکو ئێستاش لە جیهاندا دەووترێتەوە ئەمەیە:
کاتێک هەقیقەت دەخرێتە ژێرگڵەوە، ئەوا لە ناخی خۆیدا هێندە ماددەی تەقینەوە کۆدەکاتەوە، کاتێک تەقیەوە ، ئەوا دەتوانێت هەموو دەوربەرەکەی لەناوبەرێت، هەربۆیە زۆربەی کارەساتە گەورەکان، پێشتر ئامادەسازی بۆ کراوە.

لە کۆتایشدا سکاڵا لە کۆمەڵێک بەرپرسی گەورەی فەرەنسا دەکات، هەر لێرەشەوە ناوی وتارەکەی دێت، دوا دێڕیش بە شێوەیەکی جوان کۆتایی  بە وتارەکەی دەهێنێت و مەبەستی سەرەکی وتارەکەشی ئاشكرا دەکات  و دەڵێت:

ئەوەی کە هانیدام ئەم وتارە بنووسم تەنها هەقیقەتێکی پاکوبێگەردی مرۆڤایەتییە، کە شایستەی ئەوەیە بە خۆشی بژیت، ئەم ناڕەزاییە بورکانییە، تەنها گوزارشت لە هاوارێکی رۆحم دەکات. هەربۆیە ئاساییە گەر لە رۆژی رووناکدا  دادگاییم بکەن و سزام بددەن .

دەرئەنجام
یەکێک لە دەرئەنجامە جوان و پڕ ماناکانی ئەم مەسەلەیە ئەوەبوو، کە  دووبارە زۆلا ئەو سیما جوانەی بۆ نوسەران و بیرمەندای فەرەنسا گەڕاندەوە، کە هەمیشە دەبێت داکۆکی لە خەڵكی چەوساوە بکەن و دژی زوڵم و ناعەدالەتی بوەستنەوە، بەبێ ئەوەی ئەو کەسە بناسن یان بەرژەوەندییەکی شەخسیان لەو بەرگرییەدا هەبێت.  هەروەها سیمای ئەوەشی بۆ گەڕاندەوە، کە نابێت تەنها نووسەر و رۆشنبیر  لە بواری ئەدەب و فکریدا چالاک بێت، بگرە دەبێتە لە هەموو بوارەکانی ژیاندا چالاک بێت و داکۆکی لە کێشەکانی گەلەکەیی و خەڵكی چەوساوە بکات. هەرئەمەش وایکرد کە نووسەرانی پاش خۆی شوێنپێی ئەو هەڵبگرن و زۆلا ببێتە سەرمەشق بۆ نووسەرو بیرمەند و فەیلەسووفانی پاش خۆی.  بۆنموونە ژان پۆل سارتەر،نووسەرو  و فەیلەسووفی گەورەی فەرەنسا، داکۆکی لە ئاشتی دوای جەنگی دووەمی جیهانی دەکرد، هەروەها دژی جەنگی ڤێتنام بوو، یەکێکیش بوو لەو کەسانەی کە داکۆکی لە خەباتی  گەلی جەزائیری دەکرد و دژی حکومەتی فەرەنساش وەستایەوە.
دەرئەنجامێکی تری ئەوەبوو، ئەم کێشەیە بووە بابەتێکی باش بۆ زۆر کتێب و لێکۆڵینەوەی مێژوویی، هەروەها زۆر فیلم و دراماشی لێدروستکراوە.
لە کۆتایشدا یەکێک لە دەرئەنجامە گرنگەکانی ئەم داکۆکیکردنەی زۆلا ئەوەبوو، کە دواتر حکومەتی فەرەنسی ناچار دەبێت، لە کێشەی دریفوس بکۆڵێتەوەو ساڵی 1899 بڕیاری بێتاوانی بۆ دەردەچێت و ساڵی 1906 دەگەڕێتەوە بۆناو سووپاو  هەموو پلە سەربازییەکانی بۆ دەگەڕێنرێتەوەو هەتا کۆتایی ژیانی لە ساڵی 1935 لە سوپادا دەمێنێتەوە.




پەراوێزەکان:
*Calas کالاس، رووداوێکی دادوەری بەناوبانگە، ساڵی 1762 کەسێک بەناوی ژان کالاس بووە قوربانی فکری توندڕەویی ئایینی.  ئەو کەسێکی پرۆتستانت بوو بەناهەق تاوانبارکرا، کە کوڕەکەی خۆی کوشتووە چونکە ویستوییەتی ببێتە کاسۆلیک، ئەمەش درۆ و بوختانێکی گەورە بوو بۆ کابرا کرا،چونکە پرۆتستانت بوو. لێرەدا ڤۆلتێر بەرگری لێدەکات و تا دواجار پاش مردنی ساڵی 1795 ، دادگا رەدی ئیعتیباری بۆ دەگەڕێنێتەوە.
Pierre Paul Sirven پرۆتستانێکی فەرەنسی بوو، کە کاسۆلیکەکان  تاوانباریان کرد، کە کچەکەی خۆی بۆ ئەوەی نەبێتە کاسۆلیک کوشتووە، ئەمەشیان هەر درۆ بوو، دواتر بەهەوڵ و خەباتی ڤۆلتێر ، رەدی ئیعتیباری بۆ کرایەوە.
 Chevalier de la Barre نەجیبزادەیەک بوو کە بە بێ دینی تاوانبار کرا و سەریان لە لە شی جیاکردەوە. بە هۆی خەباتی ڤۆلتێرەوە، ئەنجومەنی نیشتمانی  رەدی ئیعتیباری بۆ کردەوە.

سەرچاوەکان:
1/ Elke-Vera Kotowski. Der Fall Dreyfus und die Folgen. www.bpb.de

2/ . die Dreyfus-Affäre. www.geschichtslehrer.in
3/ ندى حطيط. سيرة حياة إميل زولا في منفاه اللندني. رۆژنامەی الشرق الاوسط. الأحد - 3 شهر رمضان 1438 هـ - 28 مايو 2017 مـ.
4/ رسالة من إميل زولا الى رئيس الجمهورية الفرنسية فيليكس فور عام .1898 .www alantologia.com









created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved