28/4/2020 03:28 PM

LG پەردەی لەسەر Velvet لادا

Velvet مۆبایلێکی مامناوەندە کە تۆڕی 5G سەپۆرت ئەکات و شێوازی دیزاینی ئەم مۆبایلە لەگەڵ بەرهەمە کۆرییەکانی دیکە جیاوازی هەیە. باتری ئەم مۆبایلە پشتگیری لە تەکنەلۆژیای نوێێ "کواڵکام"ـیش ئەکات و لە ماوەی 15 خولەکدا 50٪ شەحن ئەبێتەوە.
دیزاینی بەشی پشتەوەی ئەم مۆبایلە زۆر سەرنجڕاکێشە. لێنزی کامێرا سێ بەشییەکە بەشێوەیەک بە ژێر یەک ریز بوون کە هاوشێوەی دڵۆپی ئاون کاتێک دەکەونە خوارەوە. لەم پێکهاتەیەدا هەستەوەری سەرەکی 48 مێگاپیکسڵە. کامێرایەکی 8 مێگاپیکسڵی UltraWide و کامێرایەکی 5 مێگاپیکسڵی بۆ بەراوردی قووڵایی دیمەنەکان، بەشەکانی دیکەی ئەم سیستەمە پێک ئەهێنن. ئۆپشنی Voice Out Focus ئەم مەجالە بە بەکارهێنەر ئەدات کە لە کاتی تۆمارکردنی ڤیدیۆدا  دەنگه لاوەکییەکان لە دەنگی سەرەکی بسرێتەوە.
پرۆسێسەری Velvet لە ئەستۆی چیپسێت سنەپدراگۆنی 765ـە و پشتگیری لە تۆڕی 5Gـیش ئەکات. رامی ئەم مۆبایلە ٨ گێگابایت و بیرگەکەی 128 گێگابایتە و بە بەکارهێنانی بیرگەی microSD ئەم ژمارەیە تا 2 ترابایتیش بەرز ئەبێتەوە. باتری ئەم مۆدێلەی LG 4300 میلی‌ئەمپێرە و بەهۆی تەکنەلۆژیای Quick Charge 3ـی پلاسی کواڵکام لە ماوەی تەنها 15 خولەکدا ئەتوانێ 50٪ شەحن ببێتەوە.
Velvet تا دوو هەفتەی دیکە لە چوار رەنگی سپی، رەش، سەوز و پەمەییدا رەوانەی بازاڕەکانی کۆریای باشوور دەکرێ، بەڵام هێشتا باسی ئەوەیکە ئاراستەی بازاڕە ناودەوڵەتییەکان دەکرێ یان نا نەکراوە. لەئێستادا باسی نرخی Velvet نەکراوە بەڵام پێدەچێ نرخەکەی دەوروبەری 500 دۆلار بێت.

 

سەرچاوە: phonearena

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved