1/5/2020 12:38 PM

خیام، فەیلەسوف یان شاعیر، کافر یا عارف؟

"غیاث الدين ابو الفتح عمر ابراھیم" خیام لەشارى نیشاپور لە دایک بووە، ساڵی لەدایک بوون و مردنی بە دروستی نازانرێت و ڕوون نیە، بەڵام ھەندێ بۆچوون دەڵێت: لە ڕۆژی پێنج شەممەی ١٢ محەرەمی ٤٣٩ ك ی لە دایک بووە.

لە نێوان ساڵەکانی (٥٠٨ -٥٣٠)ك ھەندێکی تر دەڵێن (٥١٥) کۆچی دواییکردووە، بەشێوەیەکی گشتی ئەتوانرێت بگوترێت لە نیوەی یەکەمی سەدەی پێنجەم ھەتا سەرەتاکانی دەیەی سەدەی شەشەم ژیاوە، نازناوی "خیامی" لە باوکیەوە بۆماوەتەوە چونکە پیشەی خێمە دورین بووە، ئەو شارەزایی زانستەکانی بیرکاری، فەلسەفە، پزیشکی و ئەستێرەناسی بووە.

"بەس ھەڵ بخولێ بە دەوری پیس و پاکا
تا کەنگێ بەشوێن ھەموو خراپ و چاکا
گەر زەمزەمی ، یا دایبنێ ئاوی ژیانی
ناچاری دەبێ ڕۆچی بە سینەی خاکا" (م. ھەژار )

خیام کێ بوو، ئەو شاعیرە مەی نۆشە ھیندۆسیە لەزەت پەرەستەی کە صادقی ھیدایەت باسی دەکات یان، فەیلەسوف،عارف،کافر،کامیانبووە؟.
ئایا دەتوانین وەڵامی ئەم پرسیارانە بدەینەوە ؟

بیستومە بەھەشتێ ھەیە حۆری تێدا
ڕووباری شەرابی پاکی دەڕوا پێدا
من لێرە مەی و یارێ پەیاکەم چ دەبێ ؟
دەسکەوتەکە ھەریەکن بە ھەردووک ڕێدا (م. ھەژار)

خیام فەیلەسوف یان ..؟
خیام لە زەمەنی ژیانی خۆیدا ھیچ کەسێک ئەوی بە ناوی شاعیرەوە نەناسیوە ھەمووان ئەویان وەک فەیلەسوف و حەکیمێک دەناسی، خیام ژیانی بە ناونیشانی بیرکاری زان و فەیلەسوف بەڕێکردوە لە کاتێدا ھاوچەرخەکانی لەو بەناوبانگیەی کە بەھۆی دوو بەیتیەکانیەوە پێ ی ناسراوە بێ ئاگابوون، واتە ئێستا دۆخەکە بەتەواوەتی پێچەوانە بووەتەوە لەسەردەمی خۆیدا کەس بە شاعیر نەی دەناسی وەک فەیلەسوف لێیان دەڕوانی ، لەسەردەمی ئێستا کەم کەس ئاگاداری لایەنە زانستیەکانیەتی و بەھۆی شعرەکانیەوە دەیناسن.


خیام لە زانست و فەلسەفە و زانستی بیرکاری و ئەستيرە ناسى، چەند کتێبێک و چەند لێکۆڵینەوەيەكى ھەیە وەک:
١- رسالە فی الکون و التکلیف :- ناوەرۆکی ئەم کتێبە باس لە چۆنیەتی دروست بوونی گەردون دەکات ھەروەھا ئەو ئەرکانەی کە مرۆڤ لەسەریەتی بەرامبەر خودا ئەنجامی بدات.
٢- ترجمە خطبە الغرا : ئەم کتێبە کۆ باسێکی ئەبو علی سینایە و لەلایەن خیامەوە وەرگێڕاوەتە سەر زمانی فارسی.
٣- مختصر فی الطبیعات : ئەم کتێبە لەبارەی فەلسەفەی زانستی سروشیەوەیە و باس لە دروست بوونی سروشت و کانزاکان و بەردە گرانبەھاکان و ھەندێ بابەتی تر دەکات .
٤- رسالە در کلیات وجود : خیام لەم کتێبەدا ( فێرخوازانی ڕێگای خودا ) ی کردووە بە چوار کۆمەڵەوە ، ووتار بێژان ، فەیلەسوفەکان ، اسماعیلیەکان ، متصوفەکان ، ئەم کتێبە بەزمانی فارسی نوسویەتی و پێشکەشی یەکێک لە کوڕەکانی خواجە نظام الملک بەناوی مؤید نظام الملکی کردووە .
٥- رسالە الوجود : ئەم کتێبە ( الاوصاف للموصوفات ) یشی پێدەگوترێت.
٦- یەکێکی تر لە بەرھەمە بەجێماوەکانی لەبارەی زانستی بیرکاریەوەیە بەناوی ( فی شرح ما اشکل من مصادرات کتاب اقلیدس )
ھەروەھا دوو بەرھەمی تری ھەیە بەناوی ( مشکلات الحساب )، (رسالە در صحت طریق ھندی برای استخراج جذر و کعب ) بەڵام ئەم دوو کتێبە تەنھا ناویان ماوە و نازانرێت ناوەرۆکەکەی باس لە چی دەکات.
ھەروەھا خیام ڕۆڵێکی گرنگ و کاریگەری ھەبووە لە بونیات نانی ڕۆژمێری کۆچی / ھەتاوی کە دواتر بە ناوی ڕۆژمێری جلالی ناسرا ، ھەموو ئەمانە پشتگیریەکی بەھێزە لەوەی کە خیام لە زەمەنی ژیانی خۆیدا ھیچ کەسێک ئەوی بە ناوی شاعیرەوە نەناسیوە .

بۆچی لەسەردەمی خۆیدا خیام وەک شاعیر نەناسراوە ...؟
لەو سەردەمەدا شیعرەکانی خیام زۆر بەناو خەڵکیدا بڵاو نەبووەتەوە، تەنھا لەناو چەند کەسێکی ھاوڕەنگی خۆیدا نەبێت، لەڕستیدا لەو زەمەنەدا خیام خۆیشی ھیچ بەلایەوە گرنگ نەبووە کەوەک شاعیر بناسرێت، لەبەر دوو ھۆکار:

ھۆکاری یەکەم :- لەو سەردەمەداچەندین گروپی دینی لە سونی ، شیعە ، ئەشعەری، معتەزیلە ، سەرگەرمی لێکوڵینەوە و بایەتی اصولی کلامی و دەربڕینی ڕاوبۆچون و مناقەشاتی فەلسەفی بوون ، کەسە دیار و فەیلەسوفەکان لەلایەن ئەم جۆرە کۆمەڵانەوە بە کافر تاوانبار دەکران و دەرمار گیری ئاینی و مەزھەبی باڵی بەسەر کۆمەڵگادا کێشابوو ئەم کەسانە بووبونە ھۆکاری سەرلێشێواندن و تێکدانی فکر و ھزری کۆمەڵگەی ئەوکات ، ھیچ کەسێک زاتی ئەوەی نەدەکرد بە ئاشکرا ڕاوبۆچونی خۆی بڵێت ، تەنانە ئیمام محمد غەزالیشیان بە کافر و بێ بڕوا ناودەھێنا ، ئەگەر چاوی بخشێنین بە سیاسەت نامەی خواجە نظام الملک، دۆخی شێواوی ئەو سەردەمەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە.
ئەگەر ھاتباو خیام لەو کاتەدا شیعرەکانی بەناو خەڵکیدا بڵاو ببوایەتەوە بیگومان نەک تەنھا دەکەوتە بەر نەشتەری ڕەخنە ، بەڵکو وەک حەلاج لەسەر ھەڵوێست و شیعرەکانی، دەکەوتە مەترسیەوە و ژیانی لەدەست دەدا. لەوانەیە شیعرەکانی ھەر لەبەر ئەم دەمارگیریە ئاینی و ھەزھەبیە لە خەڵکی شاردراونەتەوە بڵاو نەکراونەتەوە.

ھۆکاری دووەم :- لەسەردەمی ئەودا شاعیران بەسەر دوو بەرەدا دابەش بوون ، شاعیرانی دەربار و شاعیرانی صۆفی ، ھەرکەسێک لەو سەردەمەدا شاعیری پیشەی بوایە خەڵکی وەک ماستاوچی و مداح بۆ سوڵتان و پاشاکان لێیان دەڕوانی ، یەکێک لە تایبەتمەندیەکانی خیام ئەوە بووە کە لە بەرھەمەکانیدا ھیچ شوێنەوارێکی ماستاو چێتی و پێدا ھەڵگوتن بە پاشا یان دەستەڵاتدارانی دەربار بەدی ناکەیت.
بۆیە خیام ھەمیشە خۆ پارێزی کردووە لەوەی کەوەک شاعیر بناسرێت و ھونەری چوارینەی ھەڵبژاردوە و ھێزی شاعیری خۆی لە چوارینەدا بەکار ھێناوە و ئەم جۆرە لە ھونەر باشترین قاڵبی شعری بووە بۆ تۆمارکردنی ساتە کەم خایەنەکانی ژیانی . ئەم چوارینانە لە سەر کێشی ( وەزن ) ی ( لاحول ولا قوە الا بااللە ) نوسراون یەکێکە لە دژوارترین بەشەکانی شیعر، چونکە بەو ھەلومەرجەی کە بۆی دێتە پێشەوە مەودای دەربڕینی ھەست و سۆز تێدا زور کەمە و شاعیر دەبێت بەتوانا و بلیمەت بێت ھەتا بتوانێت بە ڕەوانترین و جوانترین شێوە دوبەیتیەکەی خۆی بخولقێنێت ، لەھەمان کاتدا خیام نە حەزی بەسیاسەت بووە و نە صۆفیایەتی وە یەکێک بووە لە دوژمنە سەرسەختەکانی صوفیایەتی.
یەکەمین کەسێک ئەوی بە شاعیر ناساندبێت ( شارەزووری) بووە لە کۆتاییەکانی سەدەی شەشەم و سەرەتایی سەدەی حەوتەم لە کتێبی ( التاریخ الحکما).
"دنیا بەدەستی دەستە کەر و گایێکە
ھەر جاشە کەرە وەزیر و پاشایەکە
دیندار بە کەسێ دەڵێن نەزان و گێژە
ھەر کەس دەڵێن کافرە زانایێکە" (م. ھەژار )

"بۆ ژانی دڵان ھەر مەیە دەرمانێ بێ
زانا ئەوەیە کە تامی لە مەی زانیبێ
ئەو کۆنە پەڕۆی لێوی لە مەی پێدە سڕن
بەرماڵی ھەزار صۆفی بە قوربانی بێ" (م. ھەژار )

خیام کافری مەی نۆش یا عارف......؟
خیام شاعرێکی کەم دوو بووە، ئەگەرچی لیوان لێو بووە لە زانست و زانیاری، بەڵام لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا زۆربەی خەڵکی بە ھۆی چوارینەکانیەوە دەیناسن. بەھۆی بیرو بۆچوونەکانیەوە ڕای جیاواز ھەیە لە ناو خەڵکیدا، ھەندێک کەس بە شەرابخۆر ناوی دەھێنن تەنانەت ھەندێ کەسی تر وشەکانی ئەو بە کوفر ئامێز دەادەنێن و ئەو بە مرۆڤێکی بێ باوەڕ و کافر دەزانن.

"مەیگێڕ وە رە بۆم تێکە دڵم زۆر تەنگە
کێ باشە ؟ ھەموو کەس دە ڕوو و سەد ڕەنگە
با مەی بپەرەستین و ئیتر واز بێنین
تا وابێ، مسڵمانیەتی شەرم ونەنگە" (م. ھەژار )

بێگومان قبوڵکردنی یان ڕەتکردنەوەی شعرەکانی پەیوەندی بە سەلیقەی ئەو کەسەوە ھەیە کە دەیخوێنێتەوە ھەرکەسەو لە ڕوانگەی خۆیەوە لە خیام دەڕوانێت، ماتریالیستێک خیام بە کافر دەزانێت ، خودا پەرەستێک بە عارفی دەزانێت ، بەڵام بەڕای من خیام شاعیرێکە بۆ ھەمووان و بە ھەموو بیرە جیاوازەکانەوە ، چونکە چوارینەکانی خیام لێکۆڵینەوە و لێکدانەوەی زۆر ھەڵدەگرێت و ڕەگێکی فەلسەفیان ھەیە ، خیام خۆی وای ویستووە کە بەو جۆرە لیکدانەوەی بۆ بکرێت ، چونکە ھەتا گومان نەبێت ناگەیت بە یەقین.
لەڕاستیدا شاڕێ ی یەقین بەناو ویستگەی گوماندا تێدەپەڕێت.
ئەوەی مێشکی خیام ئالۆز کردووە تێڕامان بووە لە بابەتە گرنگەکانی ژیان وەک : مەرگ و قەزا و قەدەر و جەبر و اختیار ، لە ڕێگای زانست و فەلسەفە و ئاینەوە نە گەشتوونەتە وەڵامێکی بنەڕەتی کە قەناعەتی پێ بھێنن. بۆیە توشی نا ئومێدی و بێ ھیوای بووە و دەست دەکات بە گلەیی کردن و تەنھا مەی بە دەرمان دەزانێت وەک بۆدلێر (Baudelaire) بەھەشتێکی خەیاڵی (Paradis Artificels) بۆ خۆی دروست دەکات.

"خۆلامەدە دەی بادەکە بابێ مەیگێڕ
بەرماڵ و جبەت گرە و لابێ مەیگێڕ
گوێ بگرە لەمن ھەرچی مەلا و شێخ گوتیان
لە گوێ ی مەگرە، لات وەک بابێ مەیگێڕ" (م. ھەژار )

"لەم خانە دوو دەرگانە کە پێت تێ َناوە
ھاتووی بەپەلە و دەچیە دەرێ لەولاوە
ژینت بە خەفەت بارییە مەرگیشت سەربار
پێت وایە نەدۆڕاوی ؟ خەیاڵت خاوە" (م. ھەژار )

کۆنترین کتێبێک لەبارەی خیامەوە بڵاو کرابێتەوە کتیێبێکە بەناوی ( خریدە القصر ) ی عمادالدین کاتبی شیرازیە بەزمانی عەرەبی لە ساڵی ٥٧٢ کۆچی واتە دوای پەنجا ساڵ لە مردنی خیام بڵاو کراوەتەوە.
کتێبێکی تر بە ناوی ( مرصاد العباد ) ی نجم الدین رازی یە ئەم کتێبە نزیکەی ١٠٠ ساڵ دوای مردنی خیام واتە لە ٦٢٠کۆچی بڵاو کراوەتەوە .
نجم الدین ی رازی صۆفیەکی دەمار گیر بووە و درێغی نەکردووە لە بێ ڕێزی کردن بە خیام لەبەر بیرو بۆچونە کفر ئامێزەکانی.

"دەنگبێژ و کچێک و گۆشەیەک پەیدا کەین
خۆشی سەر و دڵ لە ماچ و مەی داواکەین
نە ھومێدی بەزەیی کەس و نە ترسی دواڕۆ
باخاکێ بە با و ئاوێ بە ئاگرداکەین" (م. ھەژار )

"ئەگەر خیام فەیلەسوف و بیرکاری زان و ئەستیرەناس نەبوایە ھەرگیز شعرەکانی بەم جۆرەی ئێستا نەدەبوون"
ئەوەی ئێمە بەلای خیامدا ڕادەکێشێت فەلسەفەی واقع گەرایی یە لە چوارینەکانیدا. خیام ژیان بە شیرین دادەنێت دەیەوێت پێمان بڵێت ئەوە خۆمانین کە ھەل و مەرجی شادومانی یان غەمگينى بۆ خۆمان ھەڵدەبژێرین ، واتە ھەرچی ڕوو دەدات لە ژیانماندا ھۆکارەکە خۆمانین .
خیام بەزمانی ھەموو خەڵک و بە فکر و بیری جۆراوجۆر دەدوێت. لەڕاستێدا پرسیار دەخاتە ڕوو و لە دیدگای جیاوازەوە لێ دەڕوانێت، بەڵام بڕیاری کۆتایی یان ڕێگە چارەی کۆتایی ناخاتە ئەستوى خۆى و دەیخاتە ئەستۆی قسەکەر.
خیام خۆی وەک عارفێکی تێنەگەشتوو نەزان لە دونیای شاراوە نيشاندەدات و زانیاریەکانی بە شتێکی ناقابیل و کەم دەزانێت، ئەو ھیچ کات نەھاتووە یەک ڕوانگە و یەک عەقیدەی تایبەت بخاتە ڕوو، ئەو عقایدی جیاواز بەیان دەکات ئەویش بە جوانترین شێوەی ممکن.

"ھات و چوو بەبێھودە مناڵی و جوانیم
پیر بووم بە بێ داخەکەم و خۆزیانیم
شاگردی زەمانە بووم و زۆریش چەوسام
وەستام لە ھەموو کار و لە ھیچ وەستا نیم" (م. ھەژار )

لەبەر ئەمەیە من وابیر ئەکەمەوە کە ئەو فەیلەسوفیێک و عارفێک بووە . لەوانیە بڵێن چۆن فەیلەسوف دەبێت بە عارف ، فەلسەفە دەنگی عەقڵە و عرفان دەنگی دڵ وە ھەمیشە گرژی و ئاڵۆزی لە نێوانیاندا ھەیە.
بەڵام ئەگەر بەوردی تێبینی بکەن تەواوی شعرەکانی خیام بە شێوەیەک بەیانگەری ئەو کێشمە کێشمانەیە ، لەھەندێ شوێندا ئەم کێشمەکێشمانە چووەتە قاڵبی سازشەوە.
صادقی ھیدایەت چوارینەکانی خیامی کردوە بەم بەشانەوە ( ئیلاھیات ، سروشت ، دەھری ، صۆفی ، گەشبینی ، ڕەشبینی ، لەناوچوون ، ئەفیونی ، بنگی ، شھوەت پەرەستی ، مادی ، لا مەزھەبی ، لێزانی ، فێڵبازی ، تریاکی ).
ئایا مومکینە کەسێک ئەم ھەموو دۆخ و مەرحەلانەی بڕی بێت و سەر ئەنجام فەیلەسوف یان بیرکاری زان نەبێت ؟، ئایا وەلامی ئەم پرسیارانەی لەسەرەوە ئاماژەمان پێکرد ناکرێت نەرێنی بێت ؟ مەگەر ئەم ھەموو ھونەری خواستن و لێکچواندن و ڕەوانبێژیە زمانی زانست ( عیلم ) نیە.
"لەكوتايدا ماوەتەوە بڵێن
ھر طایفەای بە من گمانی دارد
من زان خودم چنان کە ھستم، ھستم"

نوسین: ئاکام حەمە ئەمین
خاك - زاموا زاهیر 





زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved