1/5/2020 11:11 PM

پرۆژەی سینەماکارێکی کورد لە 10 باشترینەکانی فیلمی کانە

نوێترین پرۆژەی سینەمایی سینەماکاری کورد "کەیوان کەریمی" لەنێوان 10 باشترین پرۆژەی بەرچاوی دنیا لە حەفتاوسێیەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی کانی 2020 هەڵبژێردرا.

"ئایا ئێوە شتێک سەبارەت بە هیوا دەزانن؟" Do you know anything about Omid? نوێترین و دووهەمین پرۆژەی سینەمایی سینەماکاری بانەیی "کەیوان کەریمی" بە نوێنەرایەتی لە وڵاتی ئێران، لەنێوان 10 باشترین پرۆژەی کۆتایی لە بەشی "سینەمای جیهان لە کان" Cinema du Monde لە حەفتاو سێیەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی کان لە ساڵی 2020 هەڵبژێردراو دەرهێنەرانی ئەم 10 پڕۆژەیە، لە ڕۆژانی بەڕێوەچوونی ئەم ڕووداوە گرنگەی سینەمای جیهاندا لە شاری کانی وڵاتی فەڕەنسا ئامادەدەبن و لە کۆبوونەوە پسپۆڕانەکانی ئەوێ بەشداری دەکەن، بینەری فیلمەکانی فیستیڤاڵ دەبن و لەگەڵ دنیای پیشەیی سینەما ئاشنا دەبن.

بەشی "سینەمای جیهان لە کان" بە ناونیشانی سەرەکی Cinema du Monde بەشێک لە ڕێکخراوەی سینەمایی وڵاتی فەڕەنسا CNC دێتە ئەژمار کە پشتیوانی لەو پڕۆژانە دەکات کە لە دەرەوەی ئەوروپا بەرهەمدێن و مەبەست لە بەڕێوەچوونی ئەم بەشەش، سازکردنی پردێکی پەیوەندی لەنێوان پڕۆژەکان و بەرهەمهێنەرەکان، بڵاوکەرەوەی فیلمەکان و هەروەها ناوەندە بەرهەمهێنەرە سینەماییەکانە تاکو هەر ساڵە، 10 پڕۆژەی بەرچاوی جیهان بگەنە قۆناغی بەرهەمهێنان و بە سینەمای دنیا زیادبکرێن.

ئەم بەرهەمانە بە شێوەی بەردەوام لەلایەن ڕێکخراوەی سینەمایی فەڕەنسا پشتیوانی ئیداری دەکرێن و نزیکەی سەتا حەفتای ئەم پڕۆژانە دەگەنە قۆناغی کۆتایی و نمایشکردن و لە بەشە جۆراوجۆرەکانی فیستیڤاڵە گرنگەکانی دنیا، لەوانە: فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی کان و هەروەها فیستیڤاڵە بەرچاوەکانی جیهان نمایش دەکرێن.

ڕێکخراوەی سینەمایی فەڕەنسا بە پشتیوانی ڕێکخراوەیی و ئیداری خۆی تاکو قۆناغی کۆتایی بەرهەمهێنانی ئەم پڕۆژانە لە تەنیشت دەرهێنەرەکانیاندا دەبێت، تاکو بەرهەمهێنەرو بڵاوکەرەوەی خۆیان ببیننەوەو بەم هەنگاوە، داهاتووی ئەم پڕۆژانە گەرەنتی دەکات.  

بەشی "سینەمای جیهان لە کان" کە بە بەشی کەشف و ناساندنی پرۆژە سینەماییەکانی جیهان ناسراوە، هەموو ساڵێک 10 سیناریۆو 10 دەرهێنەری سەرکەوتووی دنیا دەستنیشان دەکات کە ئەمساڵ پرۆژەی نوێی سینەماکاری کورد "کەیوان کەریمی" بە ناوی "ئایا ئێوە شتێک سەبارەت بە هیوا دەزانن؟" لە ئێران، لە تەنیشت 9 سیناریۆی دیکە لە دەرهێنەرەکانی وڵاتانی میسر، موزامبیک، سێنێگال، بڕازیل، کۆماری دۆمێنیکەن، قەزاقستان، تایلەند، ڤییەتنام و مۆنتێنەگرۆ بەرچاودەکە,ێت. ئەم پڕۆژە سینەماییە چیرۆکی و دیکۆمێنتاریانە، لە قۆناغی جۆراوجۆری بەرهەمهێناندان، کە لەڕاستیدا بەرهەمی یەکەم یا دووهەمی دەرهێنەرەکانیان دێنەئەژمار.

ئەم 10 دەرهێنەرە لەلایەن "ڕەشید بووشارب" Rachid Bouchareb دەرهێنەر، ئەکتەرو بەرهەمهێنەری ناوداری ئەلجەزایری و دانیشتووی وڵاتی فەڕەنسا هاوڕێیەتی دەکرێن. ئەم فیلمسازانەی هەڵبژێردراوی لە بەشی "سینەمای جیهان لە کان" لە ڕۆژانی بەڕێوەچوونی حەفتاو سێیەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "کان" لە وڵاتی فەڕەنسا ئامادە دەبن تاکو چەغماغی بەرهەمهێنانی 10 پڕۆژەی هەڵبژێردراو و چوونە ناو سینەمایی جیهان لێبدەن.

"کەیوان کەریمی" دەرهێنەری 35 ساڵەی سەربەخۆی سینەمایی، تائێستا کورتە فیلمەکانی "سنووری شکاو" Broken Border، "ڕووداوەکانی ژن و شووی کرێکار" Adventure of a Married Couple، فیلمی دیکۆمێنتاری بڵندی "نووسین لەسەر شار" Writing on the City، چەندین کورتە فیلمی دیکۆمێنتاری و چیرۆکی و هەروەها فیلمی سینەمایی "تەپڵ" Drum سازکردووەو بەم بەرهەمانە لە فیستیڤاڵە جۆراوجۆرەکان لە ئاستی دنیادا بەشداری کردووەو کۆمەڵێک خەڵاتی گرنگیشی بەدەستهێناوە.

فیلمی سینەمایی "تەپڵ" یەکەمین بەرهەمی بڵندی سینەمایی "کەیوان کەریمی" لە یەکەمین بەشداری نێودەوڵەتی خۆیدا لە ساڵی 2016 لە بەشی "حەوتووی ڕخنەگران" لە حەفتاو سێیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "ڤێنیز" لە وڵاتی ئیتاڵیا نمایشکراو لەلایەن بینەران، ڕۆژنامەنووسان، سینەماکاران و ڕخنەگرانی سینەمایی بەشداربوو لە ڤیستیڤاڵ پێشوازی لێکراو لە درێژەدا لە فیستیڤاڵی جۆراوجۆر لە دنیاو هەروەها لە ناوەندە فەرهەنگی و هونەری چووەسەر پەرەی سینەماکان و هەر لەهەمان ساڵدا لە ڕوانینی هەندێک لە ڕخنەگران و ڕۆژنامەنووسانی بەرچاوی جیهان لەوانە: "ژان میشێل فڕۆدۆن"، "جوولیانۆ وچیلینی"، "جونا نازارۆ"، "رافائێل میل"، "فێدریکۆ رۆسین" و... لەنێوان 10 باشترین فیلمی سینەمای جیهان لە ساڵی 2016 دەستنیشان کرا.

حەفتاو سێیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "کان" بە سەرۆکایەتی "پیێر لێسکیۆر" Pierre Lescure و بە بەڕێوەبەری هونەری "تیێری فرێمۆ" Thierry Frémaux بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کوشەندەی کۆڕۆنا تا ئەم ساتە، دیارنییە کە لە چ کاتێک و بە چ شێوازێک بەڕێوەدەچێت؛ بەڵام بەشی بازاری فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "کان" بە ناونیشانی سەرەکی Marché du Film لە ڕۆژانی 22 تا 26ی جوونی 2020 بە شێوەی ئۆنلاین بەڕێوەدەچێت.

بڕیاروایە بەشی "پێشبڕکێی سەرەکی"، بەشی پێشبڕکێی "جۆرێک ڕوانین" Un Certain Regard، بەشی پێشبڕکێی "سینە فۆنداسیۆن" The Cinéfondation، بەشی پێشبڕکێی "کورتە فیلم" و چەندین بەشی دیکەی حەفتاو سێیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "کان" بە بەرهەمی دەرهێنەرانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان لە کاتێکی گونجاو لە شاری ساحیلی کان لە باشووری وڵاتی فەڕەنسا بەڕێوەبچێت؛ بەڵام ئەمساڵ، بەشی "دوو حەوتووی دەرهێنەران" Directors' Fortnight و بەشی "حەوتووی ڕەخنەگران"ی Critics` Week ئەم ڕووداوە گرینگەی سینەمایی بەڕێوەناچێت.

خاك - مەنسوور جیهانی





زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved