2/5/2020 03:30 PM

سەگ و کۆرۆنا

لەئێستا یەکێک لە گەورەترین کێشەکانی جیهانی پزیشکی، ناسین و پاڵاوتنی هەڵگرانی ڤایرۆسی کۆرۆنایە. ئەم ڤایرۆسە لەوانەیە لە زۆر کەسدا خۆی دەرنەخات، بەڵام ئەم کەسانە ئەتوانن سەدان کەس تووش بکەن. هەر بۆیە کۆتایی هاتنی کەرەنتینە و گەڕانەوە بۆ ژیانی ئاسایی هەندێک ئەستەمە. توێژەرانی بەریتانی لەسەر ئەو بڕوایەن کە سەگەکان ئەتوانن هەڵگرانی ڤایرۆسەکە لە رووی بۆنەوە دەستنیشان بکەن.
بە گوتەی توێژەران هەر ڤایرۆسێک لە ناو جەستەی مرۆڤدا بۆنێکی تایبەت دروست ئەکات و سەگەکان بە ئاشنا بوون لەگەڵ ئەم بۆنە ئەتوانن هەڵگرانی کۆرۆنا بناسنەوە. توێژەرانی کۆلێژی تەندروستی و دەرمانی لەندەن(LSHTM) بەتەمای بەڕێوەبردنی پرۆژەیەکن بۆ راهێنانی سەگ بۆ ئەوەی هەڵگرانی کۆرۆنا بدۆزنەوە.
ئەگەر دەرەنجامی ئەم توێژینەوەیە ئەرێنی بێت، حکومەتی بەریتانیا لە سەرەتای هاوینی ئەمساڵەوە ئەم سەگانە لە شوێنە گشتیەکان بەکاردێنێت بۆ ئەم مەبەستە. جێی ئاماژەیە کە ئەوە یەکەم جار نییە کە سەگ بەکاردەهێندرێت بۆ دۆزینەوەی نەخۆش و هەڵگرانی میکرۆبە زیانبەخشەکان. پێشتریش ئەم بوونەوەرە بە مەبەستی دۆزینەوەی تووشبووانی نەخۆشی پارکینسۆن و چەندین جۆری شێرپەنجە بەکارهاتووە.
رێکخراوی LSHTM بۆ دۆزینەوەی تووشبووانی مەلاریا، دوو چەشن سەگی راهێناوە کە بەباشی ئەم نەخۆشانەیان دۆزیوەتەوە و ئەم دەسکەوتانە تەنانەت ریکخراوی تەندروستیی جیهانیشی تووشی شۆک کردووە.

 

سەرچاوە: fortune

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved