4/5/2020 03:07 PM

‌محەمەد نووری

محەمەد نووری‌ ناسراو بە عەتری‌ گڵۆڵانی‌ شاعیر و نووسەر و کەسایەتی ناوداری کورد لە ساڵی‌ 1926 لە ناوچەی‌ گەورکایەتی‌ بۆکان لەدایک بووە. لە تەمەنی‌ لاوییەوە تێکەڵاوی‌ کار و تێکۆشانی‌ کۆمەڵایەتی‌ و سیاسی‌ بووە. بەتایبەت لە ساڵانی‌ 1944 بەو لاوە تا ساڵانی‌ 1948 و 1949 بە پێی‌ سوڕی دەوران و ئاڵوگۆڕی‌ زەمان، سەیر و سەمەرەی‌ زۆری‌ لە ژیاندا ھاتۆتە پێش، دیارە دوای‌ کۆماری‌ کوردستان وەک زۆربەی‌ نووسەران و شاعیران و تێکۆشەرانی‌ ئەو سەردەمە تووشی‌ دەربەدەری‌ و چەرمەسەری‌ ژیان دەبێ‌. ساڵی‌ 1975 لە ھەڵبژاردنی‌ پەرلمانی‌ چوارەمی‌ سەردەمای‌ پاشایەتیدا وەک نوێنەری‌ شاری‌ بۆکان لە لایەن خەڵکەوە ھەڵبژێردرا. بە گوێرەی‌ ئەو کۆمەڵە شیعرانەی‌ کە لێرە و لەوێ‌ و بەتایبەتی‌ لە گۆڤاری‌ سروە و لەم دوایانەشدا لە دیوانەکەیدا چاپ کراون هەڵدەگرێ ‌ وەک وێژەرێکی‌ رەسەن و زمان پاراو و شاعیرێکی‌ ناسک خەیاڵ‌ لە قەڵەم بدرێ‌. شێواز و بیر و خەیاڵ و زمانی‌ دەربڕین لە جیھانی‌ شیعری‌ مامۆستا نووریدا‌ بە چەشنێک ئاوێتە بوون کە شێوازێکی شێعری تایبەت بە ئەم شاعیرەی خوڵقاندووە.
محەمەد نووری لە ماوەی ساڵانی ژیانی خۆیدا چەندین بەرھەمی جۆراوجۆری شیعری و نووسراوەی بەپێزی ھێنایە بەرھەم و لە بوارەکانی نووسین و شیعر و ھەڵبەست و پەخشان و زمان و ئەدەبیاتی کوردیدا خزمەتێکی زۆری کرد. نووری ھاوتەمەن و ھاوبیری ھەژار، ھێمن، ئاوات، ھێدی و سەعید ناکام (عەبدوڵڵا مستەوفی) بووە.
محەمەد نووری ئێوارەی دووشەممە 19ـی ژانویەی 2009 بە ھۆی نەخۆشییەکی درێژخایەن لە تەمەنی 82  ساڵیدا لە شاری بۆکان کۆچی دوایی کرد.

 

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved