7/5/2020 11:29 AM

ئەفسانەی خوێنەری ئەرخەیان!

ئاوڕێک لە چیرۆکی ئەفسانەی مانگ – ی عادڵ قادری

ئەنوەر عەباسی (هەرەس(
عادڵ قادریمان زیاتر وەکوو ڕەخنەکاری ئەدەبیات ناسیوە. من وێڕای ئەوەی کە دەمزانی جار جار چیرۆکیش دەنووسێ بەڵام وەکوو بڵێی پەیمانێکی نەنووسراوم لەگەڵ خۆم واژۆ کردوە هەمیشە بە بەدگومانییەوە لە شێعر و چیرۆکی کەسانی ڕەخنەکار نزیک دەبمەوە. هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە زۆربەی ڕەخنەکارەکان ناتوانن تیۆرییەکان لەسەر کاغەز هەڵگرن و ‘بیژین’ هەر بۆیە کە دەست دەدەنە شێعر و چیرۆکنووسین، کارەکەیان میکانیکی و بێ هەست و داتاشرا و ناسرووشتی دەنوێنێ. ئەم گومانەم لەسەر چیرۆکی ئەفسانەی مانگی عادڵ قادریش هەبوو بەڵام دەستپێکی هونەرمەندانەی نووسەر وایلێکردم کە زۆر خێرا خۆم لەم گومانە داماڵم و وەکوو چیرۆکی چیرۆکنووسێک هەڵسووکەوتی لەگەڵ بکەم.
من زیاتر سەرنجی فۆڕمی ئەم چیرۆکەم داوە بەڵام دەکرێ بە یارمەتی تیۆرییە سەردەمییانەکانی دەروونشیکاریی و تەنانەت فێمینیستی و بە ئاوڕێک لە ئاندرۆسەنتەریسم و ماسکولینیزمێک که لەم چیرۆکەدا نووسەر وریایانە پەرژاوەتە سەریان بچینە سەر خوێندنەوەی ئەم چیرۆکە بەڵام ڕاستی ئەوەیە کە ئەم بابەتە تەنیا دەتوانێ سووچێکی چیرۆکەکە ڕوون بکاتەوە و کەڵکەڵە فۆڕمییەکانی یەکی وەکوو من ڕازی ناکات و دڵنیام کەسانێک کە زۆرتر لە من هۆگر و شارەزای ئەو شێوازە خوێندنەوانە بن دەتوانن باشتر لەسەر ئەم لایەنەی ئەم چیرۆکانە کار بکەن. لەم بابەتەیا دەمەوێ وڵامی ئەو پرسیارە بدەمەوە کە بۆچی ئەم چیرۆکە چیرۆکێکی چاک یان درووستتر بڵێم سەرکەوتووە…
ئەفسانەی مانگ چیرۆکێکی هاوکات ئاسایی و نائاساییشە. ئاساییە چونکا لە خوێندنەوەیدا هەست ناکەین لەگەڵ ناچیرۆکێکی تێکئاڵۆزکاوی زۆر شەخسی ڕووبەڕووین کە لەم ڕۆژانەدا زۆرییان دەبینین (لێرەدا ناچیرۆک وشەیەکی نێگەتیڤ نییە- چونکا ناچیرۆکیش دەتوانێ وەکوو دەقێکی نێوانژانری خوێندنەوەی تایبەت بە خۆی بۆ بکرێ) بەڵکوو لەگەڵ گێڕانەوەیەک بەرەوڕووین کە لە شوێنێکەوە دەست پێدەکا و پاش تێپەڕینی بە زەمان و زمان و تەکنیک و گۆشەنیگا و ناوەرۆک دا، دەگاتە شوێنێک کە دەتوانین ناوی بنێین کۆتایی. لە هەمانکاتدا چیرۆکێکی نائاساییە چونکا لە ڕەوتی باوی چیرۆکێک کە خوێنەری گشتیی خووی پێگرتووە پێڕەوی ناکا و گێڕانەوەکەی هێڵیی و ناوەرۆک و مەدلول و هێماکانی سەقامگیر و پلۆتەکەی کلاسیک و کۆتاییەکەی بڕیاردەر و دیاریکەر نییە. (هەڵبەت واتای ئاسایی و نائاسایی بێگومان بەستراوەتەوە بە جۆری ڕوانگەی ئێمەوە، من لێرەدا خۆم لەوە بواردووە کە بە جێگای ئاسایی بڵێم کلاسیک و مۆدێڕن و بەجێگای نائاسایی بڵێم مۆدێڕن و پۆستمۆدێڕن چونکا ئەم دابەشکارییە پەراوێز و لێوردبوونەوەی ئێجگار زۆرتری دەوێ.) ئەگەر ڕێگا بە خۆم بدەم ناوێکی تایبەت بۆ ئەم شێوازە لە نووسین دیاریی بکەم دەتوانم پێی بڵێم: دەقێکی نێوانشێوازیی!
گێڕەرەوە لە دەستپێکدا پەندەکەی ‘ڕۆبێرت سکۆڵز’ی گوێ گرتووە کە پیوایە دەبێ هەر لە سەرەتای چیرۆکەوە کەسایەتییە سەرەکییەکان بناسێنرێن و پێوەندیی نێوانییان ئاشکرا بکرێ. نووسەر نەک هەر ئەم کارە دەکا  و دوو کەسایەتی سەرەکی واتە خۆی و باوکی بە خێرایی دەناسێنێ بەڵکوو هەر لە سەرەتاوە ئاماژە بە قەیران و دۆخی تایبەتێک کە چیرۆک دەبێ هەیبێ دەکا و لە ڕێگای ئەمەوە خوێنەر لە ناکاو وەکوو سێوێکی گەیشتوو (تێگەیشتوو) دەکەوێتە داوێنی چیرۆکەکەوە و تێیدا دەمێنێتەوە. نووسەر بەمەیش قەناعەت ناکا و بە ئایرۆنیک کردنەوەی وشەی ”کۆمۆنیست” بە جێگۆڕکێی زارەکی، لە زاری باوکێکی (تەبعەن) نەخوێندەوارەوە (کۆمیسیون) و دیسان ئایرۆنیک کردنەوەی ”هەر عەیب بوو لە یەک دەرچین” و ”ماڵی ئاوەدان” بە لە ناشوێنی خۆی دانان کە ئامانجەکەی جۆرێکە لە توانج، کاریگەریی زیاتر لەسەر بەردەنگ دادەنێ و ئەوەندەیتر موشتاقی دەکات کە بزانێ ئەم زمانە توانجاوییە شیرینە چی بۆ هەڵچنیوە:

"بە پێچەوانەی ئەوەی کە باوکم دەیڵێت گوایه‌ من کۆمۆنیست یان به‌ قه‌ولی ئه‌و کۆمیسیۆنم، له‌ ناخی خۆمدا ده‌زانم شتێکی گه‌وره‌تر له‌وەی‌ که‌ ئه‌و ده‌یڵێت و تا ئێسته‌ش بیستوومه‌ و بینیومه‌ و خوێندوومه‌ته‌وه‌، هه‌یه‌. ناڵێم خوداپه‌ره‌ستم به‌ڵام هه‌ستێکی دوور پێم ده‌ڵێت ناتوانم بێ خوداش بم! ئه‌م ئه‌ندێشه‌یه‌م له‌و شه‌وه‌وه‌ ده‌ستی پێکرد که‌ مانگم له‌ شکڵ و شوێنگه‌یه‌کی سه‌یردا دیت! شه‌وێک که‌ باوکم فڕاندمی و ده‌ستم له‌ زه‌مین و ئاسمان بڕا!"
لێرەوە کە بڕیارە لە درێژەدا بۆمان ڕوون بێتەوە بۆچی پێچەوانەی قسەی باوکی گێڕەوە کە پیوایە کوڕەکەی کوموسیون (کۆمۆنیست)‌ـه، گێڕەوە نەک هەر کۆمیسیون نییە بەڵکوو بڕوای بە شتێکی بانسرووشتی هەیە، چیرۆکەکە دەچێتە نێو چەن لۆیەک کە سەرەتا بە باس کردن و تاوتوێی هەرکام لەو لۆیانە چیرۆکەکەی دەکاتەوە. سەرەتا دۆخی حەوشە و پێگەکەی بەبێ ئەوەی درێژدادڕی بکات بە یەک دوو ڕستە دیاریی دەکات و پاشان خۆی فڕێ دەداتە نێوییەوە. واتە سەرەتا سێن– ـەکە ئامادە دەکات پاشان شانۆ. ئەمە هەر ئەو شتەیە کە لە زۆربەی گێڕانەوە نوێخوازانەکانی سەردەمدا نەبوونەکەی هەست پێدەکرێ. لێرەدا ئەبێ ئاماژە بەوە بکەم کە ئەم ئامادەکردنی سێن– ـە لە تایبەتمەندییەکانی چیرۆکی مۆدێڕنە کە هاتووەتە نێو بەرهەمە سەرکەوتووەکانی پۆستمۆدێڕنیستەکانیشەوە.
ئەبێ بەستێنێک هەبێ هەتا لێشاوە یەک لە دوای یەکەکانی زەین، لاقی کاراکتەرەکان و بە دوای ئەواندا لاقی خوێنەر لەسەری بێت دەنا هەموو شتێک بە حەواوە و مۆلەق دەبێ و هەموو گێڕانەوەکە دەکاتە کۆمەڵێک وڕینە (هەرچەن ئەمەیش خۆی لە ئاستێکی سنوورداردا و بە قەستی تاقی کراوەتەوە). ئەمە بەربەستێکە کە هەر چیرۆکێکی نوێخوازانە دەبێ ڕووبەڕووی ببێتەوە. لە هەندێک دەقی نووسەرانی هاوچاخدا دەبینین کە ئەم بابەتەیان بە گشتی وەلا ناوە، واتە هەوڵییانداوە بە سڕینەوەی بەستێن چیرۆکەکەیان جیاواز یان ئاڵۆز و تەکنیکی بکەن کە خوێنەری چالاک لە یەکەم بەرکەوتندا پێی دەزانێ.
حەوشە شوێنێکە لە نێوەڕاستی دەرەوەی خراپەکار و ماڵەوەی هەژمونی پیرۆز. ئاماژەیەک کە دەکرێ: ”شەوێک باوکم فڕاندمی و دەستم لە زەوین و ئاسمان بڕا.” قەرینەی هەمان دۆخە نێوەنجییەیە کە حەوشەیش تێیدایەتی.
و پاشان گێڕەرەوە خۆی لە حەوشەدا دەبینێتەوە کە ئەگەرچی هەمدیسان هی باوکییەتی بەڵام لە دەرەوە کە بە دەردی دایکی کە دەڵێ: ”دەرەوە پڕە لە گورگ و پیاوی خراپەکاریش” ئەمنترە و لە لایەکیتریشەوە: ”دواجار (ئێمە) باوک و کوڕ بووین! (وەکوو) سێبەر و مادە کە لێک دەرنەئەچوون! هەر عەیب (یش) بوو‌!”
بە گەڕانەوە بۆ بەیانی ئەو باسەی کە گێڕەوە وروژاندوویەتی (کە دواجار هەموو چیرۆکەکەیە)، لە دەستپێکە چڕ و پڕەکەی دادەبڕێین کە پلۆتی (Plot) چیرۆکەکە بە پێی لۆژیکی عیلەت و مەعلولی پلۆت ببینین. بەڵام بێگومان لەگەڵ پلۆتێکی کلاسیک بەرەوڕوو نین. ڕستەیەک کە لە سەرەتای چیرۆکەکەوە هاتووە هۆکارێکە بۆ گێڕانەوەی چیرۆکێک کە کەم کەم لە هۆکارییەتی ئەو ڕستەیە کەم دەبێتەوە و ئێمە تێکەڵ بە تۆڕێکی ئاڵۆز لە دالی فرە مەدلول دەبینەوە کە پشتی ڕووداو و بەسەرهات و گێڕانەوە یەک لە دوای یەکەکان قایم دەکەن، بەڵام هاوکات هیچییان جێگای متمانە نین. خوێنەر هەمیشە لەو گومانەدا دەمێنێتەوە کە ئایا باش تێگەیشتووە؟ ئایا لەگەڵ گێرانەوەیەکی ڕاستەقینەی تێکەڵ بە وڕینە و خەون بەرەوڕووە یان لەگەڵ خەونێکی پەرێشان؟ ڕستە یان وشەیەک کە لە پاش (:) ـەوە دێن و لە زاری ئەویترێکی زۆربەی جاران ”خۆمێکیتر” ‌ـەوە دەوترێ، ڕۆڵی دارەڕای ئەم پلۆتە لێکدابڕاوە دەگێڕن و هێندەکجار یارمەتی دەق دەدەن کە بە ئاسانی شیفت بکاتە سەر بابەتێکی دی و لێشاوی زەینە یەک لە دوای یەکەکان پاساودار بکات و هەروەها بە دابەشکردنی چیرۆکەکە بەسەر چەن پاژێکی (ناپاژ) بچووکدا یارمەتی دەق دەدرێ کە لە خۆیدا نوقم نەبێ و خێرا خێرا وەخۆی بێتەوە. تەنیا لە کۆتاییەکانی چیرۆکدایە کە ئەم ڕۆڵە پڕ ڕەنگەی پلۆت ئاشکرا دەبێ و بە جۆرێک لە جۆرەکان چیرۆکەکە کۆ دەکاتەوە. ئەگەرچی ڕەنگە ئەو کۆتاییە ڕەخنەی ئەوەی بێتەوە سەر کە بە دژی ئاڕاستەی گشتی چیرۆکەکە، لە ناکاو هەموو دالەکان فریز دەکات و چیرۆکەکە کۆ دەکاتەوە، بەڵام بەلای منەوە ئەم فریز کردنە جۆرێک تەناقوز ساز دەکا کە لە جوانی بێبەریی نییە. سەرەڕای ئەمەیش ئەگەرچی چیرۆکەکە بە کۆتایی دەگات و هەموو شت لە چوونەوە نێو ماڵدا ئارام دەگرێ بەڵام کاراکتەرە خولقێنراوەکان: مانگ، دارتوو، جنۆکە و… و تەنانەت سێنەکەمان (حەوشە) لە مێشکی بەردەنگدا درێژە بە چیرۆکەکە دەدەن و لەگەڵ کۆتایی هاتنی چیرۆکەکە کۆتاییان پێنایەت.
ئەم چیرۆکە ئەگەرچی بە هۆی فرەیی ‘مەدلولی دیارینکراوەوە’ (ئاماژە بە نووسا بوونی دەق لە واتا ‘بارت’ییەکەیدا (writerley text)) دەکرێ هەر سەرەتا وەکوو چیرۆکێکی پۆست ستراکچێڕاڵیستی سەیری بکەین، بەڵام لە هەندێک شوێندا خۆمان بەرەوڕووی دەقێک دەبینینەوە کە پێویستە ئاگامان لە لایەنە پۆست مۆدێڕنەکانی هەڵسووکەوتی لەگەڵ گێڕانەوە بێت. دیارە جیا کردنەوەی ئەم دوانە کارێکی ئەستەمە چونکە وەک دەزانین پۆستمۆدێڕنیزم زۆر له پۆست ستراکچێڕاڵیزم و تیۆرییەکانی کەڵک وەردەگرێ، بە تایبەت لە دێ کۆنستراکشێنی دریدایی و من نامەوێ لێرەدا ئەو هەوڵە بێ ئاکامە بدەم، بەڵام دژایەتی دەقەکە لەگەڵ ئاکاممەندیی و ڕاشکاوییەتی واتایی و هەڵسووکەوتی (هێندەکجار) سکیزۆفێرنیایی گێڕەوە لەگەڵ زمان و جۆرێک ‘سەرخۆشیی و هاروهاجیی زمانیی’ کە ئاکامەکەی ئەبێ بە سازکردنی بوونەوەری نائاسایی و ئاڕاستەکردنی سەرنجی خوێنەر بۆ لای کاراکتەرگەلێکی بێ گیانی وەکوو مانگ و دارتوو و بوونەوەری خەیاڵیی وەکوو جنۆکە و بەجێهێشتنی هێڵی گێڕانەوە و پەرژانە سەر باسیتر و گەڕانەوە و…، کە بۆ وێنە لە ڕۆمانی ”تریستییان شەندی” دا بۆ یەکەمجار دیتومانە (کە هێندەک لە ڕەخنەکاران بە ڕۆمانێکی مۆدێڕن و تەنانەت پۆست مۆدێڕنی دادەنێن کە لە ناوەڕاستی کلاسیسیزم دا قوت بووەتەوە)… وادەکا بێ سێ و دوو لەم بارەوە چیرۆکەکە وەکوو چیرۆکێکی پۆستمۆدێڕنیستی خۆ بنوێنێ. شتێک کە لێرەدا گرینگە ئاماژەی پێ بکرێ ئەوەیە کە ئەم هەڵهاتن لە قەتعییەتە بەو ئەنجامە ناگا کە ڕووبەڕووی بێ واتایی و فۆڕماڵیزمی ڕووت ببینەوە یان کەڵکەڵە ناوەرۆکییەکانی نووسەر نەبینین. بە جێگای ئەوە خۆمان لەگەڵ دەقێک دەستەویەخە دەبینین کە دەیەوێ بەرپرسیارەتی واتا و پەیام هەڵنەگرێ و هەروا کە واتاکان لە شانی دادەخزێنێ هاوکات هەر خوێندنەوەیەک کە خوێنەر هەیبێ دەتوانێ ڕاست بێت. (بێگومان بە پێی مێتۆد یان بنەمایەکی نیشانەناسانە یان هێرمێنۆتیکی (چ زانستی چ شهودی) ) بۆ وێنە خوێنەر دەتوانێ دارتوو بە درێژەی دەسەڵاتی باوکانە بزانێ و مانگ هێمایەک بێت بۆ دایک و هەروەها دەتوانێ مانگ و گڵۆپ وێکبچوێنێ و بەو ئاکامە بگا کە نا، مانگ هەمان دەسەڵاتی نێرینەی باوکە کە لە نێوان دوو لقی (لاقی) دارتوو (دایک) خەریکی هاتووچۆیە… ئەمە لە بارەی زۆربەی مەدلولەکانی نێو چیرۆکەکەوە ڕاستە، بەڵام ئەم نائەرخەیانییە لەم چیرۆکەدا نەبووە بە هۆی سەر لێشێواوی و لەقبێژی بەڵکوو لە خزمەت مەبەستی جوانیناسانەی فۆڕم و ناوەرۆکدایە کە دواجار یەکدەگرن و لێک ناکرێنەوە.
چیرۆکەکە لەمە زیاتر هەڵدەگرێ و دەبێ زۆر لایەنی دیکەیشی هەڵسەنگێنرێ و ڕووناکی بخرێتەسەر کە لەم کورتەباسەدا جێگای نابێتەوە. ئەمە تەنیا بەسەر کردنەوە و ئاوڕێک بوو بۆ ئەوەی کە ئەم چیرۆکە باشانە کە ماندووبوون و ئارەقکردنی ڕۆحی نووسەرییان پێوە دیارە لە بن لێشاوی دەقە ڕووتەڵە و زەرد و یەکڕۆژەکانی سەردەمی مەجاز و مەجازیی لێمان بزر نەبن.
تێبینی: ئەم بابەتە لەسایتی هاوچەرخ وەرگیراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved