9/5/2020 10:25 AM

کتێبی "قووڵایی ستراتیژی"

وریا غەفووری

ئەحمەد داودئۆغڵوو کەسایەتییەکی ئاکادیمسیەنە کە تا بەر لە هاتنە سەر حوکمی پارتی داد و گەشەپێدان لە ساڵی ٢٠٠١، لە زانکۆی بەیکەنتی ئەستەنبووڵ سەرقاڵی ژیانی ئاکادیمیکی خۆی بوو. لەگەڵ هاتنە سەر حوکمی ئەم پارتە، سەرەتا وەک ڕاوێژکاری وەزارەتی دەرەوە و دواتر وەک وەزیری کاروباری دەرەکی و لە ئەنجامیشدا وەک سەرۆک وەزیرانی تورکیا، ژیانی سیاسی/دیپلپماتیکیی خۆی درێژە پێدا.
ساڵی ٢٠٠١ چاپی یەکەمی "قووڵایی ستراتیژی، پێگەی نێونەتەوەیی تورکیا"ی کە لە چەشنی خۆیدا یەک لە گرنگترین لێکۆڵینەوەکانی بواری داڕشتنی ستراتیژی و سیاسەتی دەرەکییە، بڵاو کردەوە.
ئەم کتێبە، لێکۆڵینەوەیەکی دوور و درێژی زانستی/ ئاکادیمیکە دەربارەی چۆنیەتی داڕشتنی ستراتیژی و فاکتەرە کاریگەر و گرنگەکانی ئەم داڕشتەیە و چۆنیەتی بەڕێوەبردنی ئەم ستراتیژییە لە پانتا و ئاقارە جیاوازەکاندا.
کتێبی قووڵایی ستراتیژی لە سێ وەرزی سەرەکی پێکهاتووە. وەرزی یەکەمی کتێبەکە پەرژاوەتە سەر چوارچێوەیی مێژوویی و چەمکیی بابەتەکە. لە وەرزی دووهەمدا چوارچێوەی تیۆریکی ستراتیژی شی دەکرێتەوە و لە وەرزی سێهەمیشدا لە ڕێگەی ئامرازە ستراتیژیکییەکان و سیاسەتە ناوچەییەکانەوە دەپەرژێتە سەر پانتاییە کردەکییەکانی بەڕێوەبردنی ئەم ستراتیژییە. پەرسپەکتیڤێکی ڕیالیستی بەسەر گشتێتی کتێبەکەدا زاڵە و بە چاوخشاندنێک بە پێڕستی کتێبەکەدا، هەر لە سەرەتاوە ئەم ڕاستییە خۆی دەردەخاتە پێش چاو.
ئەحمەد داودئۆغڵوو لە وەرزی یەکەمی کتێبەکەدا، پارامەترە سەرەکییەکانی خوێندنەوەی ڕیالیستی پۆلێن دەکات و ڕاشکاوانە هۆگریی خۆی بۆ خوێندنەوەی ڕیالیستیی بابەتەکان دەردەبڕێت. لە پاژی یەکەمدا لەژێر ناوی پارامەترە سەرەکییەکانی هێز، توخمە سەرەکییەکانی هێزی نەتەوەیی دەستنیشان دەکات؛ پێگەی جوگرافی، مێژوویی، حەشیمەتی و کولتووری وەک دەیتا نەگۆڕەکانی هێز و کاپاسیتیی ئابووری، سەربازی و تەکنەلۆژیک وەک دەیتا هێزەکییەکان دەستنیشان دەکات. هەر لە سەرەتای کتێبەکەوە دەبینرێ کە داودئۆغڵوو، گرنگییەکی تایبەت دەداتە توخمی مێژوو وەک دیاریکەرێکی هێز بە تایبەت لە نموونەی تورکیادا.
ئەو پێشەکییە چەمکییەی لە سەرەتای کتێبەکەوە پەرژاوەتە سەری، بۆ تێگەیشتنی ساناتری ڕەوتی گشتیی بابەتەکە، بەشێکی گرنگە و ئەو دەرفەتەمان دەداتێ کە بەرهەمەکە وەک کتێبێکی تیۆریی پێوەندییە نێودەوڵەتییەکان ببینین و هەڵسەنگێنین. خوێنەریش لەم بەشەوە، لەگەڵ وشە سەرەکییەکانی وەک هێڵ و ئاقارە جیۆستراتیژی، جیۆئیکۆنۆمی، جیۆپۆلیتیکی و جیۆکولتوورییەکان ئاشنا دەبێت.
وەرزی یەکەم، سەرەداوی گرنگ سەبارەت بە تێگەیشتن لە ڕوانگەکانی نووسەر بە دەستەوە دەدات. پاژی "ناتەواویی تیۆریی ستراتیژیکی و ئەنجامەکانی" شیکردنەوەیەکی ڕاستەوخۆی سیاسەتی دەرەکیی تورکیایە. لە ڕوانگەی داودئۆغڵووەوە "گرنگترین هۆکاری ئەم ناتەواوییە ستراتیژییە، بوونی سەرنج و نیگای جیاوازی بێ‌واتایە بۆ توخمە سەرەکییەکانی پێکهێنەری سیاسەتی دەرەکی، واتا دەیتا نەگۆڕ و هێزەکییەکان و کەمی و ناتەواوییەکان سەبارەت بە زەینییەتی ستراتیژیکی، ئیرادەی سیاسی و داڕشتەی ستراتیژی". داودئۆغڵوو ڕەخنە لە ئایدۆلۆژیای باوی تورکیا دەگرێت کە بە شیکارییە فەرمییەکانی، ڕێگەی بۆ خولانەوەی ئەم وڵاتە لە بازنەیەکی بەتاڵدا کردووەتەوە. هەرچەندە بە درێژایی ئەم کتێبە لە هیچ کوێدا راستەوخۆ باسێکی ئەوتۆ سەبارەت بە "کەمالیزم" ناکات، بەڵام خوێنەر لەگەڵ چوونەپێش لە خوێندنەوەدا لەو ڕاستییە تێدەگات کە نووسەری کتێبەکە، هەڵوێست و خوێندنەوە باو و فەرمییەکانی کەمالیزم دەداتە بەر ڕەخنە و بە یەک لە سەرەکیترین هۆکارەکانی خولانەوەی تورکیا لە بازنەیەکی بەتاڵی سووڕانەوە لە قەڵەمی دەدات و پێیوایە تا ئەو دۆخە تێنەپەڕێنرێت، تورکیا چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوەدا، بەردەوام ڕووبەڕووی ئەو ئاستەنگە هەنووکەییانەی کە بەرۆکی پێگرتووە، دەبێتەوە.
بە ڕای داودئۆغڵوو، بنەڕەتیترین هۆکاری لاوازیی دامودەزگایی و پێکهاتەیی ناتەواویی تیۆریی ستراتیژیکی تورکیا، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە سوننەتی سیاسەتی دەرەکیی عوسمانی-تورک، ستراتیژییەکی ئەمپەریاڵ/کۆلۆنیالیی نەگرتووەتە بەر. ئەم لێکدانەوە کە ئیمپراتووریای عوسمانی لە سەدەی ١٩دا لە چوارچێوەی سیاسەتی؛ "یان باڵادەستیی ڕەها یان وازلێهێنانی بە تەواوەتی" بەردەوام لە هەوڵی خۆ پاراستندا بووە و ئەمەش وایکردووە کە دڕدۆنگیی ئەمنی و ئاسایشی وەک میراتێک بۆ کۆماری تورکیا جێ بهێڵێت، لە سەرجەم بەرهەمەکەدا ڕەنگی داوەتەوە. بەڵام خوێنەر لە سەرجەم ئەم لێکدانەوانەوە ئەو ئەنجامە دەردەخات کە ڕوانگەکانی داودئۆغڵوو – هەرچەندە بە ئاشکرا باسی نەکردووە و لە نێو دێڕەکاندا شاراوەیە- ڕوانگەیەکی عوسمانیخوازیی نوێیە.
وەرزی دووهەم کە هەڵگری ناوی "چوارچێوەی تیۆریک؛ ستراتیژیی پۆلێنکراو و سیاسەتە دەڤەرییەکان"ه، بە ڕاڤە و شیکردنەوەی تیۆرییە جیۆپۆلیتیکییەکان دەست پێدەکات. گرنگیدان بە "تیۆریی پانتای ژیانی" کە سەدەی ١٩ لە سەردەستی "ڕاتزەل" پێشخرا و دواتر لە سەردەمی جەنگی جیهانیی دووهەمدا بناغەی پەرەخوازیی ئاڵمانیای پێکهێنا، دەکرێ گرنگییەکی تایبەتی بۆ خوێنەر هەبێ؛ چونکە ئەو کاتەی کە داودئۆغڵوو گرنگیی جیۆستراتیژیک و جیۆپۆلیتیکیی تورکیا شرۆڤە دەکات و چەمکی "پانتای ژیانی" بەکار دێنێت و لە پاژی یەکەمدا باسی ئەو تەنگژانە دەکات کە دواهاتی پەیڕەوکردنی سیاسەتی ئەمپەریالییە، دەستبەجێ سیاسەتی پەرەخوازانەی عوسمانییەکان دێنێتەوە یادی خوێنەر. داودئۆغڵوو ڕەخنە لەوە دەگرێت کە پێگەی جیۆپۆلیتیکیی تورکیا زیاتر لەوەی وەک ئامرازێکی کرانەوە بە ڕووی دونیادا ببینرێت، زیاتر وەک پارامەترێکی بەردەوامیی دۆخی هەبوو سەیر کراوە و پارێزگاری لەو ڕوانگە دەکات کە پێگەی جیۆپۆلیتیکی دەتوانێ وەک ئامرازێکی کاریگەرتر لە سیاسەتی دەرەوەدا سەیر بکرێت. لە ڕوانگەی داودئۆغڵووەوە؛ پێویستە جیۆپۆلیتیک وەک ئامرازێکی کاریگەرتر لەوەی کە هەیە بۆ کرانەوەیەکی گەردوونی سەیر بکرێت. کە وەها لێی بڕوانرێ تورکیا دەتوانێ لە سەدەی داهاتوودا وەک هێزێکی جیهانی کاریگەریی خۆی لە سەر سیاسەتە جیهانی و ناوچەییەکان مسۆگەر بکات.
سێهەم و دوا وەرزی قووڵایی ستراتیژی بە "پانتاییە کردەییەکان؛ ئامرازە ستراتیژیکییەکان و سیاسەتە ناوچەییەکان" ناودێر کراوە. نووسەر لەم وەرزەدا پێوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ ناتۆ، ئاگیت، ئیکۆ، دی-٨، جی-٢٠ و هتد تاوتوێ دەکات و پوختەیەک لە مێژووی هەر کام لەم ڕێکخراوانە پێشکەشی خوێنەر دەکات و پێیوایە تورکیا دەبێ لە نێو ئەم ڕێکخراوانەدا ڕۆڵ و دەورێکی زۆر چالاکتر بگرێتە ئەستۆ و پێویستە واز لە ڕەفتار و هەڵوێستەکانی سەردەمی شەڕی سارد بێنێت. لە ڕوانگەی داودئۆغڵووەوە؛ کاریگەرییە نێونەتەوەییەکانی وەستاو لە سەر خوێندنەوەکانی هەڕەشە، بە خێرایی شوێنی خۆیان بە توانای مانۆڤری دیپلۆماتیکی چالاک، حورمەتی پشتبەستوو بە بڕوابەخۆ بوون و کاریگەریی نێونەتەوەیی لە سەر بنەمای دەڤەری بڕشتی جیۆپۆلیتیک داوە، بۆیە دەبێ تورکیاش واز لە ڕەفتارانەی تا ئێستا لە سیاسەتی دەرەکیدا پەیڕەوی کردووە و تەواوی دەوروبەری خۆی وەک هەرەشە بینیوە، بێنێت و ڕەفتاری "زیرۆ پڕۆبلەم" لەگەڵ دراوسێکان و جیهان بگرێتە بەر.
لە بەشی تایبەت بە پرسی کوردیشدا، داودئۆغڵوو پێیوایە پرسی کورد یەک لەو قەیرانە گرنگانەی ناوچەکەیە کە بەردەوام ئامادە و کراوەیە بۆ دەستێوەردان و بەکارهێنان لە لایەن هێزە دەرەکییەکان و بەمجۆرەش دەتوانن ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە لە سەر دەستی خەڵکی ناوچەکە درێژ بکەنەوە و تاکە خەسارمەندی ئەم ناوەش هەر خەڵکەکە دەبن: " ئەکتەرە دەرەکییەکان کە لە نزیکەوە ئەم سایکۆلۆژییەی لایەنەکانیان بینیوە و بەدواداچوونی بۆ دەکەن، بۆ بەردەوامیی ئەم ئاڵۆزییە کە دەرفەتی دەستێوەردانیان بۆ دەستەبەر دەکات، زۆربەی جار لە باتیی ئەوەی دەوری چارەسەرکەری قەیرانەکە لە ئەستۆ بگرن، بەردەوامکردن و درێژەی هاوسەنگییەک بە باشتر دەزانن کە لە کۆتاییدا کەس تێیدا سەرکەوتوو نەبێت. ئەمەش بە دابینکردنی پشتیوانیی بۆ لایەنێک کە لە پاشەکشێ دایە، جێبەجێ دەکریت. لە یاریی شەترەنجدا زیاتر لە شوناس و پێناسەی مۆرەکان، ئەو دەورەی دەتوانن لە یارییەکەدا لە ئەستۆی بگرن گرنگە. لە نێو سەرجەم ئەم یارییەدا دۆڕاوی سەرەکیی خەڵکی ناوچەکەن کە هەرچەندە خێراتر لە نێو ئەم بازنە پووچەڵەدا بسووڕێنەوە تووشی وەهمی نزیکبوونەوە لە سەرکەوتن دەبن، بەڵام لە هەر خولێکدا وزە و سەرچاوەی زیاتر لە دەست دەدەن."
نووسەر ڕاشکاوانە دان بەوەدا دەنێت کە تا تورکیا ئاشتی و تەبایی ناوخۆیی مسۆگەر نەکات، ناتوانێ لە ئاستی جیهانی و ناوچەییدا چالاک و ئەکتیڤ بێت. بۆیە دەستەبەرکردنی ئاشتی ناوخۆیی بە گەرەنتیی کاریگەربوون لە ئاستی ناوچەکە دەزانێت و ئەمەش بە ڕەخنە لەو سیاسەتەی لە سەدەی ڕابردوودا بە نیسبەت کوردەوە گیراوەتە بەر دەست پێدەکات و پێیوایە دەبێ تورکیا بەو ڕەفتارانەدا بچێتە؛ " تورکیا بە لەبەرچاو گرتنی ئەم توخمە جیۆئیکۆنۆمی، جیۆپۆلیتیکی و جیۆئەتنیکییانە لانیکەم وەک مێژووی هاوبەشی هەزار ساڵە، پێویستە کرانەوەیەکی کولتووریی دەستەبەر بکات کە سەرجەم ئەم توخمانەی کە لە ڕەگ و ڕیشەی جیاواز پێکهاتوون، ئاشت بکاتەوە و لە چوارچێوەی خۆیدا بیانگونجێنێت. ...تورکیا ناچارە بەسیرەتێکی ستراتیژیکیی بنوێنێت تاوەکوو ڕێگەی چەوساندنەوە و بەکارهێنانی سەرچاوە ناوچەییەکانی خۆی و خەڵکی ناوچەکە لە هێز گەورەکانی دەرەوەی ناوچەکە، بگرێت."
بەگشتی ئەم کتێبە لە چەند لایەنێکەوە دەتوانێ بۆ خوێنەر گرنگ بێت؛ یەکەم ئەوەی کە وەک خەباتێکی ئاکادیمیکی و بەدەستەوە دانی توخمە گرنگەکانی داڕشتەی ستراتیژیکی و سیاسەتی دەرەکی و پێوەندییە نێونەتەوەییەکاندا، سەرچاوەیەکی باشی دەیتا و زانیارییە. دووهەم ئەوەی کە بۆ ناسین و تێگەیشتن سیاسەتەکانی تورکیا بە نیسبەت دەور و پشت و دەر و درواسێکانیەوە هەڵگری گەلێک دەیتایە کە شایانی خوێندنەوە و تێگەیشتنە. سێهەمیش ئەوەی کە جگە لە کتێبێکی ڕووت و وشکی سیاسی، دەتوانێ هەڵگری پێناسەی کتێبێکی مێژووی سیاسەتی ناوچەکەش بێت. لەگەڵ ئەمانە دەکرێ دەیان خاڵی دیکە سەبارەت بە گرنگیی کتێبەکە ڕیز بکرێت.
ئەوەی ماوەتە بیڵێین ئەوەیە کە کتێبەکە وەک ڵێکۆڵینەوەیەکی سیاسی/ئاکادیمیک خۆی لە خۆیدا بەرهەمێکی تا دواڕادە قورسە و هەر بە پێی ئەوەش زمانێکی قورس و ئاکادیمیکی هەیە. هەوڵدراوە تا ئەو جێگەی بکرێ، بە شێوەیەکی فامهەڵگر بکرێتە کوردی و ئەگەر لە هەندێک شوێنیشدا ڕستەکان هەندێک تێکچڕژاو و لێڵ بن، ئەوا بەشێکی بۆ تواناکانی من وەک وەرگێڕ دەگەڕێتەوە و بەشێکی دیکەشی بە هۆی قورسی و تێکچڕژاویی زمانەکەیەتی کە ئیتر دەسەڵات نەبووە لەوە فامهەڵگرتر بکرێ.

ناوی کتێب: قووڵایی ستراتیژی
نووسەر: ئەحمەد داودئۆغڵوو
وەرگێڕان: وریا غەفووری
زمان: تورکی
سەرچاوە: چاپی ١١٦هەمی کتێبەکە
ساڵی چاپ ٢٠١٦
بابەت: ستراتیژی و سیاسەتی دەرەکی



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved