11/5/2020 11:04 PM

عەقڵ و عەشق لە دیدی سوھرەوەردی

بەشی یەکەم
 
دنیای ئەمڕۆ دنیای قوتابخانە فکری و ڕێبازە فەلسەفیەکانە، ھەر قوتابخانەیەک ئەگەڕان بەدوای ڕوانگەی تایبەت و پتەو سەبارەت بە بوون و جیھانبینی، پایەکانی ھەر جیھان بینیەک بەندە بە ئاشنایەتی و ناسینەوە.

مەزھەبە فەلسەفیەکان بەدرێژایی مێژوو دیاردەیان خولقاندوە لە ھێز بەخشین بە عەقڵ و ئاوەزی مرۆڤ، ھەمیشە ھاوکار و ھاوبەشی بوون، ھەریەکە لەم مەزھەبانە قورسایەکی تازەو نوێیان بۆ سەر بنیاتی مرۆڤایەتی زیادکرد.
ژیانی مرۆڤ ھەنگاو بە ھەنگاو بەرەو ئەقڵانی بوون دەڕوات و مێژووی ڕۆشنبیری و شارستانیەتی مرۆڤ ئەمەی سەلماندوە،چیرۆکی ئەم پێشکەوتنە وای لە مرۆڤ کردووە کە زیاتر ھۆشیار بێتەوە، ئەم ھوشیار کردنەوەی خودییە، ئازادی ئەو زیاتر بکات.
پێشکەوتنی زانست و ھۆشیار کردنەوەی خودی، دەرئەنجامی مێژووە، ئەگەر سروشت کتێبێک بێت بە دەستی خودا نوسرابێت، ئەوا کتێبە مێژوو یەکانیش لەوحەیەکە بەنیگاری ئەندێشە و قەڵەمی بەرزی عەقڵ و فکر نەخشێنراون.

قوتابخانە فکریەکان بۆ بەدەست ھێنانی ھەردوکیان لە سەرچاوە و ڕوانگەی تایبەت پشت گەرم بوون، لەنێوان ئەم سەرچاوەیە ( عەقڵ و عەشق ) یان ( ئاوەز و ئیمان ) یەکێکە لە بابەتە ئاڵۆزەکانی مێژووی مرۆڤایەتی، چونکە پەیوەندی نێوان ئەم دوو بابەتە ھەرگیز ھێمنی و ئارامی بە خۆیەوە نەدیوە، بەڵکو ھەمیشە نێوانیان پڕبووە لە گرژی و ئاڵۆزی.

ئەم لێکۆڵینەوەیە ھەوڵئەدات ئەو پەیوەندیە خراپەی لەنێوان (عەقڵ و عەشق )دایە لە دیدی سوھرەوەردی یەوە بخاتەڕوو.

پێش باسکردنی ئەم بابەتە پێویستە ئاماژەیەک بە فکر و فەلسەفە و ئەزموون لە شارستانیەتی ئیسلامدا بکرێت، فەلسەفەی ئیسلامی دەریایەکی مەزنە لە تێکەڵاوی لەگەل فەلسەفەی یونانی و ئیرانی کۆن و ھیندی، ھەروەھا فەلسەفەی ئیسلامی کاریگەریەکی قوڵی کردۆتەسەر فەلسەفە و عیرفان و تەێوفی ھیندی و ئەوروپی.

بەدڵنیاییەوە ڕۆڵی ئێرانیەکان لە بەرەو پێش چوونی ئەم فەلسەفە ئیسلامیەدا نابێت لەبەرچاو نەگرین، قوتابخانەی فەلسەفەی ئیرانی لە ( کندی و فارابی) وە دەستی پێکردو لە سەردەستی ( ئیبن سینا) گەیشتە قوناغی کامڵ بوون، و لەسەر دەستی شێخ اشراق (سوھرەوەردی) گەیشتە قۆناغی گەشانەوە و لەسەردەستی ( سەدرەدین شیرازی ) گەیشتە قوناغی پتەوبوون.

و ھەندی لە بیرمەندەکانی تری وەک (میرداماد و شێخ بھایی) لەم پێشکەوتنەدا ڕوڵیان ھەبووە لە شارستانیەتی ئیسلامیدا زانست بەسەر سێ ڕەگەزدا دابەش بووە، ئەوانیش بریتین لە:
( زانستی عەقڵی، زانستی نقلی، زانستی قلبی ) ئەمانە سێ ڕەگەزی گرنگن لە خولقاندنی شەریعەت و تەێەوف فەلسەفە لە شارستانیەتی ئیسلامیدا.

لەگەڵ ئەوەشدا ئەم سێ ڕەگەزە بە خراپی مامەڵە یان لەگەڵ کراوە بە ڕەگەزە کۆن و سواوەکان دانراون و ھەمیشە لەژێر کاریگەری و ڕوو بە ڕوو بونەوەی ھزردابوون، بەڵام بوونە ھۆکاریکی بەھێز بۆ گەشەکردنی فەرھەنگ و ڕۆشنبیری،و ھەمیشە پەیوەندی و ھەماھەنگی لە نێوانیاندا ھەبووە.

ئەڵبەتە لەسەردەمی ھەندێ لە فەیلەسوفە تەقلیدیەکان ڕەگەزێکیان بۆ خۆیان ھەڵدەبژاردوو بنەماکانی فکریی خۆیان لەسەر دادەڕشت و رەگەزەکانی تریان پشت گوێ ئەخست و ئینکاریشیان لێدەکرد، ھەندێجار ئەبوونە ھۆکارێک بۆ دواکەوتن و چەق بەستنی فکر و ئەندێشە، بەڵام بە درێژایی مێژوو بیرمەندە گەورەکان ھەوڵیانداوە ھاوسەنگی و ھەماھەنگی لە نێوان ئەم سێ ڕەگەزەدا دروست بکەن یاخود بپارێزن.
و یەکیک لە بەتواناترین و کاریگەریترین ئەو کەسانەی کە ھەوڵی داوە بۆ ئەو ئامانجە سھرەوەردی بووە، پێش لێکۆڵینەوە لە ڕۆڵی سەھرەوەردی نابیت ڕۆلی دوو کەسایەتی مەزن و بەرجەستەیی ئەم بوارە لەیاد بکەین.

یەکیک لەوانە (ئیبن سینا)یە، ابن سینا یەکێکە لەو بیرمەندە مەزنانەی ئیسلام کە بەرھەمە عەقڵی و فەلسەفیەکانی یۆنانی بە وردی خۆێندوتەوە و بە بیرو ڕەخنە و ڕۆشنبیریەتی خۆی ھەوڵی داوە ھەماھەنگی لە نێوان زانستی عەقڵی و زانستی دینیدا دروست بکات و لێکیان نزیک بکاتەوە، ڕێبازە فەلسەفیەکەی ئەو بە تەواوەتی لەسەر شەریعەتی ئەقڵانی ئیسلام دامەزراوە، ئەو لە زھن و ئەندێشەی خۆیدا ئەم دنیایەی وا دروستکردووە کە ھەردووکیان ھاوکار و ھەماھەنگی یەکتر بن ھەم دین و شەریعەتی ئیسلامی و ھەم میراتی فەلسەفەی یۆنانی , ئەو بە ڕاڤەکانی ھەوڵی داوە ئەم دوو میراتە یۆنانی و ئیسلامی تیکەلی یەکتربکات یان ھیج نەبێ لێکیان نزیک بکاتەوە.

و لە کۆتایی سەدەی پێنجەمی کۆچی بیرمەندێکی گەورەو مەزن لە جیھانی ئیسلامیدا گەشایەوە ئەو یش ( ابو حامد محمد غزالی) بوو، غەزالی یەکێکە لە زانا گەورەکانی رێباز فەلسەفەو شەریعەت و عارفێکی بەرچاو بووە ,دەستەڵاتێکی زۆری ھەبووە لە بەرامبەر بنەماکانی دینی و زانستی نقلی و فەلسەفەی زانستی عەقڵی ساڵانێکی زۆر لەناو ڕەوتی سەخت و سەنگینی عارفانە کاریکردووە , بەڵام زھنی ڕەخنەگرانەی ئەو وای لێکردووبوو کە چاوی ڕەخنەگرانەی لەسەر ھەموو شتێک بێت , ئەم تێڕوانینە ڕەخنەگرانەی ئەو وای لە فکر و زھنی کردبوو کە تەنانەت بیر و بۆچونەکانی خۆشی بەر نەشتەری ڕەخنە ئەدا، لەم سۆنگەیەوەبوو کە ئیمان و باوەڕی بەتینی عارفانەو فەلسەفیانەی ئەو بەرەو ھەڵکشان دەڕۆشت.

بەرئەنجامی ھەوڵ و تێکۆشانە بەنرخ و بەرزەکانی بریتبوو لە کتیبی ( احیاء علوم الدین )، لەم کتێبەدا ھەوڵی داوە شەریعەت و تەێوف لە یەکتر نزیک بکاتەوە وە ھەوڵی داوە ئەوەی لە ناخی شەریعەت و زانستی نقلی دایە بیھێنێتە دەرەوە , واتە ناخ و دەرەوەی ئەم دوو زانستە یەک بخات , بە تێڕوانینە فەلسەفیەکانی لە بارەیانەوە بدوێ , بەڵام لە ڕێی ئەم ھەوڵەوە بە ھەڵەیەکی فەلسەفی گورزێکی کوشندەیی لە زانستی ئەقڵیدا، ئەو ڕاڤە و شیکاری تایبەت بە خۆی ھەبوو لەبارەی بنەماکانی دین و شەریعەت وە ڕەخنەکانی لەناو بازنەیی فەلسەفەی عەقڵی و مەنتقی ئەرستۆیدا ئەخولایەوە.

لەناو ئەم بارودۆخەدا بوو کە کەسێکی گەورەتر سەری ھەڵدا بەناو (شھاب الدین سوھروەردی)، سوھرەوەردی لە نیوەی دووەمی سەدەی شەشەم ئەژیا، نیگا و تێڕوانینی تایبەت بەخۆی ھەبوو سەبارەت فەلسەفە و عیرفان، لێکۆڵینەوەی زۆری کرد لەبارەی بوون و ڕاستی دنیا، ئەو لە ڕەوت و رێبازی فەلسەفەی خۆیدا لەبری چەمک و ووشەی ( عەقڵ و عەشق ) چەمکی(حیکمەتی بەحسی و حیکمەتی زەوقی )بەکاردەھێنا، و دیسانەوە ھەردووکیانی کورتکردبووەوە بۆ (حیکمەتی ئەشراق) ھەر لە بەر ئەمەیە سوھرەوەردی بە دامەزرێنەری رێبازی فەلسەفەی اشراق دادەنرێت، بیر و بۆچونە ناوازەکانی خۆی لە کتێبی ( حکمەت اشراق ) بەزمانی عەرەبی خستبووە ڕوو.

حیکمەتە ئەشراقەکەی ئەو کۆکراوەی شەریعەت و فەلسەفە و تەێەوفە ئەو ڕۆڵی عەقڵ و نوری یەزدانی لە نوسراوەکانی ئێرانی دەرخستبوو . تاکەکەس بوو کە پەی بە فەلسەفە لێکچووەکانی ئەرەستۆ و ابن سینا برد، ئەتوانین بڵێین ھزرەکانی سھرەوەردی خاڵی بەھێزن لە نێوان حیکمەتی زەردەشتی و ئەفلاتونی.
 
سھرەوەردی زانیاریەکی زۆری ھەبوو دەربارەی ئایینەکان وەک ( ئیسلام , بودایی , زەردەشتی , یۆنانی کۆن) زۆر بەجوانی ڕاڤەی کردوون و خوی بە خاوەن و میراتگری ئەم کەلتورانە ئەزانی , ئەتوانین بڵێین ئەو گورزە کوشندەیەیی کە غەزالی لە پەیکەری زانستی عەقڵ گەرایی دا لەلایەن سھرەوەردیەوە ڕاستکرایەوە، ئەو توانی بە ڕاڤەیەکی نوێ، دین و زانستی نقلی و قلبی کامڵ بکات , لەم ڕێگەیەوەبوو گەشەی بە حیکمەتی بحپی و حیکمەتی عەقڵی دا، لە دوای تێڕوانینەکانی ئەو بەردەوام فەیلەسوف و بیرمەندەکانی دوای خۆی گرنگیان بە ڕوکاری ناوەوە و دەرەوەی حیکمەتی اشراق ئەدا , عارفەکانیش بەھەمان شێوە لە ڕێگەی فەلسەفەکەی ئەوەوە لە زانستی عەقڵ ئاگادار بوونەوە.
سھرەوەردی ھەمیشە دەیگوت عەقڵ نابێ عەشق ڕەت بکاتەوە و عەقڵ مامۆستای یەکەمەو عەشق مامۆستای دووەم،  ئەڵبەتە ئەم میراتەی لە سەردەستی حەکیمی موسڵمان ( مەلا ێدرا ) گەیشتە پلەی درەوشانەوە.

سوھرەوەردی حاکم و دەستەلات دارەکان (خەلیفەکان) بۆ پێنج دەستە دابەشکردووە:

١ – کەسانێک کە لە حیکمەتی زەوقی (عەشق) کارامە و لێزان بوون گەیشتوونەتە پلەی کامڵ بوون , بەڵام دوورە پەرێز بوون لە حیکمەتی بحثی (عەقڵ).
٢ – کەسانێک کە لە حیکمەتی بحثی ڕۆچون و گەیشتونەوتە پلە درەوشانەوە، بەلام بێ بەھرەبوون لە حیکمەتی زەوقی.
 ٣-کەسانێک کە لە حیکمەتی بحثی و حیکمەتی زەوقی رۆچوون و بەھرەمەند بوون .
٤-کەسانێک کە دوورە پەرێز بوون لە حیکمەتی زەوقی ناوەند بوون لە حیکمەتی بحثی.
٥ – کەسانێک کە دوورە پەرێز بوون لە حیکمەتی بحثی و ناوەند یان توانایەکی کەمیان ھەیە لە حیکمەتی زەوقی.


نوسین: ئاکام حەمە ئەمین

دیزاین و ڕێکخستن: خاك - زاموا زاهیر 




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved