16/5/2020 01:11 PM

ئەشکەوتی سەهۆڵان+وێنە

ئەشکەوتی سەهۆڵان کە بە دووەمین ئەشکەوتی ئاویی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دێتە ئەژمار، لە 53 کیلۆمەتریی باکووری ڕۆژهەڵاتی مەهاباد و لەسەر جادەی مەهاباد – بۆکان هەڵکەوتووە و بە یەکێک لە ئاسەوارە کۆن و دێرینەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دادەنرێت.سەهۆڵان یەکێک لە گرنگترین و بێوێنە و دەگمەنترین ئەشکەوتە ئاوییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و چەندان دیمەنی سەرنجڕاکێشی سروشتی تێدایە کە جێگەی سەرسوڕمانە.
هەر ئەو تایبەتمەندییانەش بووەتە هۆی ئەوەی کە ڕۆژانە بە سەدان گەشتیاری دەوروبەر، ئێرانی و بیانی سەردانی ئەشکەوتی سەهۆڵان و مەهاباد بکەن و ئەمەش سەرچاوەیەکی باشی گەشتیارییە بۆ ناوچەکە.
ئەشکەوتی سەهۆڵان لە نزیک گوندی سەهۆڵان هەڵکەوتووە، خەڵکی خۆجێی ناوچەکە ئەو ئەشکەوتە بە "کونە کۆتر" دەناسن، هۆکاری ئەو ناوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە دەرەوە و ناوەوەی ئەشکەوتەکە بە دەیان هێلانە کۆتر هەیە.


بەرینایی ناوەوەی سەهۆڵان، نزیکەی 600 مەتری چوارگۆشە و پێکهاتەی ئەشکەوتەکە بەردی ئاهەکییە، بەرزییەکەی تا ئاستی دەریاچەکە 50 مەترە و قووڵایی ئاوەکەی لە هەندێ شوێن دەگاتە 32 مەتر و جیاوازیی پلەی کەش‌وهەوا لە دەرەوە و ناوەوەی ئەشکەوتەکە لە نێوان 10 هەتا 15 پلەیە.
بە گوتەی ئەشکەوتناس و کەوناراناسان لەڕووی چەندان تویژینەوەوە دەریان خستووە کە مێژووی ئەم ئەشکەوتە بۆ کۆتاییەکانی سەردەم و چاخی "کرتاسە" دەگەڕێتەوە واتە 70 ملیۆن ساڵ لەمەوبەر.


سەهۆڵان 100 ساڵ لەمەوپێش بۆ یەکەم جار لەلایەن "جاک دۆمۆرگان"ـی فەرەنسییەوە توێکاریی شوێنەواریی بۆ کراوە. پاشان لە ساڵانی شەڕی دووەمی جیهانیدا لەلایەن شوێنەوارناسێکی بەریتانییەوە توێژینەوەی لەبارەوە کراوە و ساڵی 1995 لەلایەن ئەشکەوتناسانی ئێرانییەوە ناسێنراوە و لە رێزی شوێنەوارە نیشتمانییەکانی ئێراندایە.

 

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved