18/5/2020 03:24 PM

کینوا چییە و سوودەکانی چین؟

کینوا(quinoa) جۆرێک دانی کەونارای ئەمریکای لاتینە کە سوودە بەبایەخەکانی بۆ ماوەی چەندین سەدە لە چاوی خەڵک بەدوور بوو بەڵام لەم دواییانەدا خەڵک بەهۆی سوودە تەندروستییەکانی روویان تێکردووە. لەئێستادا کینوا بۆتە خواردنێکی خۆشەویست لای زۆر کەس.
کینوا لەڕاستی دانی گیای "سەلمک"ـە. بەڵام لە ڕوانگەی زانستی گیاناسییەوە دان نییە و زۆتر وەکوو نیمچە دان ناوی دەبەن. کینوا یەکەم جار 7000 ساڵ لەمەوبەر وەکوو خۆراک لە شاخەکانی "ئاند" چاندرا. "ئینکا"ـکان پێیان دەگوت "دانی دایک" و لایان وابوو کینوا دانێکی پیرۆزە.
ئەم دانە ئێستا لەسەرانسەری جیهان بەرهەم دێت بەڵام بەشی هەرە زۆری لە بولیڤی و پرۆ رەعەمەڵ دێت و هەر وەک  سەرەتا ئاماژەمان پێ کرد تا ئەم دواییانە خەڵک ئاگاداری سوودەکانی نەبوون.
بۆ ئاگاداریتان، ساڵی 2013 لەلایەن رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بە "ساڵی جیهانیی کینوا" ناودێر کرا و هۆکارەکەشی سوودە تەندروستییەکانی ئەم دانە بوو کە دەیتوانی برەنگاری برسیەتی بێتەوە. ئەم مادەیە "گلۆتین"ـی نییە، کەوابوو تووشبووان بە نەخۆشی "سلیاک" و هەستیاری بە گەنم دەتوانن بە ئاسوودەیی ئەم دانە بەکاربهێنن.
لەئێستادا 3000 جۆری کینوا بوونی هەیە بەڵام ئەو جۆرەی وا زیاتر لە جیهاندا بەکار دێت سوور، رەش و سپییەکەیەتی. کینوا بەگشتی لە هەموو جیهاندا کەڵکی لێ وەردەگیرێت و لە فرۆشگەکان دەست دەکەوێت.


یەک کۆپ(185 گرام) لە کینوای لێنراو بریتییە لەم مەوادە:
مەنگەنز: بڕی 68٪ـی پێویستیی رۆژانە
مەگنسیۆم: بڕی 30٪ ـی پێویستیی رۆژانە
فسفۆر: بڕی 28٪ ـی پێویستیی رۆژانە
فۆلات: بڕی 19٪ ـی پێویستیی رۆژانە
مس: بڕی 18٪ ـی پێویستیی رۆژانە
ئاسن: بڕی 15٪ ـی پێویستیی رۆژانە
تیامین: بڕی 13٪ ـی پێویستیی رۆژانە
ریبۆفلاوین: بڕی 12٪ ـی پێویستیی رۆژانە
ڤیتامین B6: بڕی 11٪ ـی پێویستیی رۆژانە

هەروەها کۆپێک کینوا بریتییە لە 220 کالۆری و 8 گرام پرۆتین، 4 گرام چەوری و لانیکەم 5 گرام ریشاڵ.

 

سەرچاوە: medicalnewstoday

خاک _ پشکۆ کامەران



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved