ئه‌ڵمانیاو فه‌ره‌نسا به‌رنامه‌یه‌كی ئابوری هاوبه‌شیان به‌بڕی 500 ملیار یۆرۆ بۆ هه‌ستانه‌وه‌ی ئه‌وروپا له‌به‌ر ڕۆشنایی كاریگه‌ریيه‌كانی په‌تای كوفید19 پێشنیار كردووه. هه‌ر له‌دوای ئه‌م پێشنیاره ئه‌نگێلا مێركلی ڕاوێژكاری ئه‌ڵمانیا داوای له یه‌كێتی ئه‌وروپا كرد له‌پێناوی بوژاندنه‌وه‌ی ڕه‌وشی ئابوری ئه‌وروپا پشتگیری كۆمپانیاكانی ئه‌وروپی بكه‌ن. ئه‌م پرۆژه‌یه له كۆنفرا‌نسێكی ڕۆژنامه‌نووسیدا هه‌ریه‌ك له ئه‌نگێلا مێركل و ئیمانۆئل ماكرۆن به ڤیدیۆ سكرین قسه‌یان له‌سه‌ر كرد‌و وه‌ك پرۆژه‌یه‌كی هاوبه‌ش ڕایانگه‌یاند: به‌دوایدا ئۆرسۆلا ڤۆن دێرلاینی سه‌رۆكی كۆمیسیۆنی یه‌كێتی ئه‌وروپا پێشوازيیه‌كی گه‌رمی له‌و پێشنیاره كرد‌و به هه‌نگاوێكی بوێر‌و گرنگی دایه‌قه‌ڵه‌م به ئاراسته‌ی گه‌شاندنه‌وه‌و هه‌ستانه‌وه‌ی یه‌كێتی ئه‌وروپا كه به‌هۆی كۆرۆناوه زیانی گه‌وره‌ی پێگه‌شتووه. لای خۆشیه‌وه ئۆلاف شولتسی وه‌زیری دارایی به ئاماژه‌یه‌كی گرنگ و زیندووی هاوكاری ئه‌وروپی وه‌سفی كرد. به‌پێی زانیاریيه‌كان، ئه‌م بڕه پاره‌یه له‌ڕێگه‌ی به‌رنامه‌یه‌كه‌وه كه له بازاڕی سه‌رمایه‌دا له‌حسابی یه‌كێتی ئه‌وروپا كۆده‌كرێته‌وه بۆ ئه‌و وڵاته ئه‌وروپیانه‌ی كه به‌هۆی كۆرۆناوه توشی زیان بوون، ئه‌م به‌رنامه‌یه له‌بواره جیاجیاكانی كاردا به‌پێی به‌رنامه‌یه‌كی فراوان لایه‌نه‌كانی ئه‌وروپا بڕیاری لێده‌ده‌ن. له‌و كۆنگره ڕۆژنامه‌نووسیه‌دا ماكرۆنی سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا ئاشكرای كرد، ئه‌و هاوكاریانه له‌پێش هه‌موو شتێكه‌وه بۆ كه‌رتی ته‌ندروستیيه، مێركلیش به نه‌خشه ڕێگایه‌كی ستراتیژی وه‌زیری دارایی ئه‌ڵمانیاش به مژده‌یه‌كی خۆش ناویبرد. خاك - شیهاب عوسمان / ئه‌ڵمانیا س: فوكسی ئه‌ڵمانی
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure