21/5/2020 02:50 PM

کانی بڵ

کانی بڵ کانییەکی سروشتییە لە نزیکیی گوندی ھەجیج کە لە شاخەکانی شاھۆوە سەرچاوە دەگرێ و یەکێ لە پڕئاوترین کانییەکانی کوردستان و ڕۆژھەڵاتی ئێرانە. کانی بڵ لە چرکەیەکدا سێ تا چوارھەزار لیتر ئاوی ھەیە و دەتوانێ ئاوی خواردنەوەی دوو ملوێن کەس دابین بکات. ئەم کانییە بۆ خەڵکی ناوچەی ھەورامان گرنگایەتییەکی تایبەتی ھەیە و بە گوێرەی تاقی کردنەوە زانستییەکان، خاوەنی یەکێ لە پاکترین ئاوەکانی جیھانە،ئەو چەمەی کە لە ئاوی کانی بڵ دروست دەبێ درێژایی 15 مەترە و بە کورتترین روباری جیهن دێتە ئەژمار و دەڕژێتە ناو روباری سیروان کە یەکێ لە پڕئاوترین روبارەکانی کوردستانە. بەرزایی کانی بڵ لە دەریا ئازادەکانەوە نزیکی 780 مەترە، واتە یەکێ لە نزمترین شوێنەکانی ناوچەی ھەورامانە.
جگە لە گرنگیی سروشتیی کانی بڵ کە ساڵانە نزیکی 150 میلیۆن مەتری چوارگۆشە ئاوی پاک دەداتە دەرەوە و ھەروەھا گرنگیی تووریستی، ئەم کانیە لە بواری مێژوویی و کلتوورییەوە گرنگییەکی تایبەتی ھەیە. نزیک بوونی کانی بڵ لە گوندی ھەجیج و مەزاری کۆسەی ھەجیج بوە بە ھۆی ئەوە کە ئەم کانییە گرنگیەکی تایبەتی بۆ خەڵکی کوردستان ببێت و ئەوانەی کە سەردانی کۆسەی ھەجیج دەکەن سەردانی کانی بڵیش بکەن. مەولەوی شاعیری ناوداری کورد لە شیعرێکیدا ئاماژە بە ئاوی پاکی کانی بڵ دەکا و دەڵێ:
وەشی من یادی ئازیزی دڵەن
دڵپاکیی وێنەی سەرچەمەی بڵەن

ئەم شێعرە دەردەخا کە کانی بڵ لە ڕۆژگارانی پێشتریشدا گرنگییەکی تایبەتی بوە. ئەم کانییە مێژووییە بە ھۆی ئاوگیریی بەنداوی داریانەوە کەوتوەتە مەترسییەوە و شارەزایان دەڵێن بە ئاوگیریی ئەو بەنداوە سەرچاوەی کانی بڵ تا سەد مەتر دەچێتە ژێر ئاوەوە. ئەو بەنداوە ھەروھا کۆمەڵێک گوند و شوێنی مێژوویی وەکوو گوندی ھەجیج ژێر ئاو دەکەوێت. 

 

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved