21/5/2020 06:30 PM

عەقڵ و عیشق لە دیدی سوھرەوەردی

بەشی دووەم / کۆتایی

لە دیدی سوھرەوەردیەوە ھەر کەسێک خەلافەت و دەستەلات بە دەستەوە بگرێت دەبێ ناوەوە و دەرەوەیان وەک خاڵی سێیەم بێت کە ھەم لە حیکمەتی و ھەم لە حیکمەتی زەوقی بەھرەمەند بێت، واتە بێ نیاز نەبن لە فەلسەفە و تەسەوف.

"کتێبی حیکمەتی ئەشراق" بە فەلسەفەی ئەرستویی دەست پێدەکات و بە ھێزی دەرونی و شەوق و ئارامی کوتایی پێدەھێنێت ، واتە بە فەلسەفە دەست پێدەکات و بە تەسەوف کۆتایی پێدەھێنیت، سھرەوەردی جگە لە کتێبی حکیمەتی اشراق چەند باسێکی بەزمانی فارسی نوسیوە، تەواوی ئەو بابەتانە بوونەتە رەمز و سمبول بۆی، ئەو ھۆکارانەی کە سھرەوەردی ڕازی کرد بەنوسینی ئەو لێکۆڵینەوانە زۆر بوونی توانای فەلسەفی و گەیشتنی بوو بە ئەوجی تەسەوف بوو، و ھەروەھا لەئەنجامی گەرانێکی زۆر و بڕینی چەندین ڕێگا و ئاکاری قورس و دژوار لەسەر بنەماکانی زانست و زانیاریەکانی حیکمەتی اشراق بوو، سەرئەنجام سۆفی (سالک) ئەبی بگاتە پلەی ڕۆحی خۆی بەھەموو ئەزموونەسۆفیەکاندا تێ پەرێت.

 

لەم لێکۆڵینەوەو باسانەدا عەقڵ و عەشق وەھا پێکەوە شێلراون کە زۆر جار ناتوانین جیاوازی لە نێوانیاندا بدۆزینەوە، بۆ زیاتر رۆشنکردنەوەی ئەو بابەتانە ئاماژەیەک بە نوسراوێک لە نوسراوەکانی سھرەوەردی ئەکەین ، بەناوی (فی الحقیقە العشق ) ھەوڵ ئەدەین شی بکەینەوە.

سھرەوەردی لەسەرەتایی باسەکەیدا ھاوڕایە لەسەر تیۆری فەیلەسوفەکان لەسەر بنەماکانی فەلسەفەو مەنتیق (لۆژیک) و باوەڕی وایە کە خودای گەورە یەکەمین شتێک کە دروستیکردووە گەوھەرێکی درەوشاوە بووە بەناوی ( عەقڵ) و  سێ سیفەتی پێ بەخشیوە،    (ناسینی حەق، ناسینی خود، ناسینی شتی بینراو نەبینراو) دیسانەوە ئەم سێ سیفەتەی بە عەقڵی دووەم ناوبردووە کەلە دوای عەقڵی یەکەمەوە خودای گەورە ئەفراندویەتی.

سھرەوەردی لە باسەکەیدا دیسانەوە ئەم سێ سیفەتەی بە جوانی (حسن )، عشق، خەم یا حوزن ناوبردووە، لەسەر بنەمای تیۆری خودی سھرەوەردی و فەیلەسوفان عەقڵی یەکەم لە عەقڵی دووەمەوە بەرھەم ھاتووە، بە ھەمان شێوە لە عەقڵی دووەمەوە عەقڵی سێیەم و نەفسی دووەم و گەردوونی دووەم دێتەبوونەوە، و  عەقڵی چوارەم ....... بەھەمان شێوە لەیەکتر دروست ئەبن ھەتا ئەگاتە عەقڵی دەیەم و نەفسی نۆیەم و گەردوونی نۆیەم، ئەم عەقڵەی دەیەم ھەمان عەقڵی کارایی مرۆڤە.

لەم داستانەدا سێ کارئەکتەر ڕۆڵی سەرەکی ئەگێڕن ئەوانیش سێ مەفھومە دەرھێنراوەکەن (جوانی ، عەشق ، حوزن) ئەو سێ سیفەتە ڕۆڵ وکەسایەتی مرۆڤ و خو ئاکارەکانی بەرجەستە ئەکەن، جوانی لە گەورەیی خۆی ئەڕوانێت لەبەر خۆیەوە زەردەخەنە ئەی گرێت، ئەم زەردەخەنانە چەندین پاشای کویلە و ملکەچ دروست ئەکەن، لە دوای ئەوەی کە خودای گەورە مرۆڤی ئەفراندووە، کارێکی وەھای کردوە، جوانی لەناو شاروچکەی وجودی مرۆڤ ئوقرەبگرێت.

عەشق و حوزن و فریشتەکان ھەمویان لە خزمەتی(حضور) جوانیدا چوونەتە سوجدەوەو بە ناوچەوانیان خاکی ژێرپێی ماچ ئەکەن، بەشێکی تری داستانەکە لەوێوە دەست پێدەکات کە ماوەیەکی زۆرە جوانی لە ناو کۆڵانە تەنگەبەرەکانی شارۆچکەی وجودا زیندانی کراوە چاوەڕێی جێگا و کاتێکی دیار ئەکات و ھەتا خۆی ئازاد بکات و دیسانەوە لەناو شارۆچکەی وجودا دەست بکاتەوە بە گەڕان، ھەتا ئەگات بە یوسف و جوانی لەگەڵ یوسفدا دەست لەملانی یەکتر ئەبن، و حوزن (غەم) ئەچێت بۆ کنعان و لە دەرگای یعقوب ئەدات ئەچێتە ژوورەوە، لەھەمان کاتدا عەشق بەسەفەریک ئەچێت بۆ میسر و لە دەرگای ماڵی زولەیخا ئەدات و لە پێشوازی ئەودا ئەبێت، عەشق ڕەفتاری سەیرو سەمەرە لە زولەیخا ئەگەیەنێ سەرکێشیەکانی ئەقڵی یەکەم (ھەمیشە ئاوەز) ی پێ ئەناسێنێت بە زمانێکی نھێنی و شیکارانە دەچێتە ناو ھەوەس و ئارەزووەکانی و لەگەڵ جوانی دا ھاوپشک ئەبن و ھەزاران خەیاڵ و وەھمی جۆراو جۆری بۆ وێنا ئەکەن سەراپا لە عەشقدا نغرۆی دەکەن.

دوای ھاتنی یوسف بۆ میسر زولەیخا تاسەی دیداری ئەو ئەکات و بەیەکجاری گیرۆدەو سەودای ئەبێت، یعقوبیش تامەزرۆی دیداری یوسفە و کاتێک دێت بۆ میسر دەبینێت یوسف و زولەیخا لەسەر تەختی شکۆیی دانیشتوون، لەم بەشەدا بەیەکگرتنی یوسف (عەقڵ ) و زولەیخا ( عەشق ) ئەم داستانە درمایە کۆتایی پێدێت، و لە بەشەکانی تردا لەبارەی عەشق و گەڕان بەدوای حاڵەتەکانیدا ئەدوێ.
 
"لە دیدی سھرەوەردییەوە ماریفەت و محیبەت(زانیاری و خۆشەویستی) دووپلەی پەیژەیەکن کە مرۆڤ ئەگەیەنە جیھانی عەشق، گەیشتن بە جیھانی عەشق کۆتایی ئارەزووەکانی زانا و حەکیمە رەبانیەکانە"

عەشق لە شارۆچەکەی وجوددا ڕێگە بە کەس نادات مەگەر ئامادە کراو ئامادەباش بێت بۆ کەسێک و پاککرابێتەوە لە ھەوەس و ئارەزوو، گەرچی چەمکی عەقڵ و عەشق جۆرەکانی پایە بڵندیان لە بەرھەمەکانی سھرەوەردیدا بڵاوە بەڵام، ئەم لێکۆڵینەوەیە ئەمان گەیەنێتە ئەو ڕاستیەیی کە سھرەوەردی عەقڵی بە دەستپێکی عەشق داناوە، لە دیدی ئەمەوە ئەم دووانە لازم و ملزومی یەکترن ، و ئارەزوو دەکات کە مرۆڤ بتوانێت بە دووباڵی عەقڵ و عەشق بفرَێت قولە بەرزەکانی حەقیقەت تەی بکات .

ئەو تەواوی تەمەن و ووزەی خۆی بۆ ئەم دووکارە تەرخان کردبوو :
١ - زانستی باوی سەردەم و لە جۆرەکانی فەلسەفە و فقھی کەلام و زانستی ڕاڤە ( تفسیر ) ی بەرەو ھەڵکشان برد.
٢ – خزمەتێکی باش و گەورەی پێشکەش بە ڕەوشت و سلوک و سیفەتە سۆفیەکانی پیرانی پێش خۆی کرد.

تینویەتی زۆری ئەو نیسبەت بە زانستی سەردەم لەلایەک و مایفەتی قلبی و کەشفی شھودی عارفانە لەلایەکی تر، ئەمانە وەھا سەرقاڵی کردبوو کە سەرنجی شتەکانی تری نەئەدا لەدەورو بەری، بەم شێوە یە بوو کە حیکمەتی اشراقەکەی ئەو ڕۆڵ و نەخشێکی گەورەی لە ژیانی عقلانی ئیسلامدا بینی، ئەڵبەتە کاریگەری ئەو تەنھا لەناو ئیراندا پەنگی نەخواردەوە و، بەڵکو بە زووی سنورەکانی تێپەڕاند، بەشێک لە ئوێول و بیرو بۆ چوونەکانی ئەو بە زمانی عیبری و سانسکریتی وەرگیڕدران و بە ڕاستەوخۆی لەناو فەرھەنگی عیبری و ھیندیدا چەسپا.

  کلیک لێرە بکە بۆ خوێندنەوەی بەشی یەکەم

 

نوسین: ئاکام حەمە ئەمین

دیزاین و ڕێکخستن: خاك - زاموا زاهیر



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved