22/5/2020 09:50 PM

گۆرانییەکی نوێی کوروش ئەنووش بڵاوکرایەوە

گۆرانی "هەورەیی زووڕاب" بە ئاوازدانەری و بە دەنگی "کوروش ئەنووش" گۆرانیبێژی نێودەوڵەتی ئۆرکستڕای نەتەوەیی وڵاتی سویسڕا بڵاوکرایەوە. 

گۆرانی "هەورەیی زووڕاب" (ابر سحرخیز) Early Riser Cloud بە ئاوازدانەری و بە دەنگی "کوروش ئەنووش" Kourosh Anoosh گۆرانیبێژی نێودەوڵەتی ئۆرکستڕای نەتەوەیی وڵاتی سویسڕا، بە شێوازی موزیکی پاپ و کلاسیک، بە دابەشکردنی "محەمەدڕەزا عەقیلی" ئاوازدانەرو ڕێبەری ناوداری ئۆکستڕا، بە شیعری مامۆستا "محەمەدعەلی بەهمەنی" (باوکی هۆنینەوەی غەزەلی هاوچەرخی ئێران)، بە پشتیوانی کۆمپانیای جیهانی "سویسا" SUISA و هەروەها بەئیزنی ڕەسمی نوسینگەی ناوەندی موزیک و دەنگ و ڕەنگی تەلەڤزیۆنی ئێران، بۆ بڵاوبوونەوە لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئێرانی و بیانی بڵاوکرایەوە.   

گۆرانی "هەورەیی زووڕاب" بە ئاوازدانەری و بە دەنگی "کوروش ئەنووش"، بە غەزەلێک لە مامۆستا "محەمەدعەلی بەهمەنی"، بە دابەشکردنی موزیک لەلایەن "محەمەدڕەزا عەقیلی" و بە دەنگهەڵگری "میلاد فەرهوودی" لە ستۆدیۆی پاپی تاران تۆمارکراوەو لەلایەن "حەمیدڕەزا ئەداب" میکس و مەسترینگی بۆ ئەنجامدراوەو ژەنیارانی بەرچاو و ناوداری مۆسیقای ئێران لەوانە: "فیرووز وەیسانلوو"، "ڕەوا تاجبەخش" و "سرووش عموومی" بە ئامێرەکانیان تیایدا بەشدارییان کردووەو هەروەها "بێهزاد حاج بەیکلوو" دیزاینی ڕووبەرگی ئەم بەرهەمە مۆسیقاییەی لەئەستۆدا بووە. 

"کوروش ئەنووش" نزیکەی 25 ساڵە کە لە وڵاتی سویسڕا ژیان بەسەردەبات و ماوەی 16 ساڵە کە وەکو گۆرانیبێژی ئۆپێڕا بە هاوڕێیەتی لەگەڵ ئۆرکستڕای نەتەوەیی سویسڕا لە باشترین و گەورەترین هۆڵەکانی موزیکی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان کۆنسێڕتی پێشکەشکردووە.  

ئەلبوومی موزیکی "دەستەکانم بپارێزە" (دستامو دریاب) Perceive My Hands بە ئاوازدانەری، گۆرانیبێژی و بەرهەمهێنانی "کوروش ئەنووش"، بە چاودێری و هەوڵی دکتۆر "محەمەد سەریر" و بە شیعرەکانی مامۆستا "محەمەدعەلی بەهمەنی"، "ئەکبەر ئازاد"، خوالێخۆشبوو دکتۆر "ئەفشین یەدوڵڵاهی"، "عەلیڕەزا بەدیع" و ... و هەروەها بە دابەشکردنی "ئومید حوجەت"، "مەحموود میرزایی" و "ئەمیرحوسێن سەمیعی"؛ یەکەمین بەرهەمی موزیکی ئەم گۆرانیبێژە نێودەوڵەتییەیە کە لە ساڵی 2016 بە پشتیوانی کۆمپانیای جیهانی "سویسا" SUISA و هەروەها لەلایەن کۆمپانیای موزیکی "ئێران گام" بەرهەمهات و لە سەرتاسەری وڵاتی ئێران و لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بڵاوکرایەوە.  

ڕێوڕەسمی پەردەلادان و جەژنی واژۆکردنی پووستەری ئەلبوومی موزیکی "دەستەکانم بپارێزە" بە ئامادەبوونی دکتۆر "محەمەد سەریر" ئاوازدانەرو ڕێبەری ئۆکستڕا، مامۆستا "محەمەدعەلی بەهمەنی" شاعیر، مامۆستا "غوڵامحوسێن ئەمیرخانی" هونەرمەندی خۆشنووس، مامۆستا "ئەیقووب ئەنووش" ژەنیاری ڤیۆلۆن و هونەرمەندی خۆشنووس، دکتۆر "محەمەد میرزەمانی" ئاوازدانەرو ڕێبەری ئۆکستڕاو چەندین کەسایەتی ناوداری دیکە لە تەلاری "ئەمیرخانی" لە ماڵی هونەرمەندانی ئێران لە شاری تاران بەڕێوەچوو. 

بە زووترین کات ڤیدیۆ کلیپی گۆرانی "هەورەیی زووڕاب" لە دەرهێنانی سینەماکارێکی کورد ئامادەدەبێت و دەخرێتەبەر دیدی هۆگرانی موزیک و گۆرانییەوە.

خاك - مەنسور جيهانی














زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved