23/5/2020 04:47 PM

ڕانانی کتێبی «میتۆدناسی» بەرهەمی د. ئەحمەد محەمەدپوور

نووسەر: فەرشاد سەلیمی*
ڕانانی کتێبی «میتۆدناسی: سەرەتایەک لەسەر میتۆدەکانی لێکۆڵینەوە لە زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا»
کتێبی ” میتۆدناسی: سەرەتایەک لەسەر میتۆدەکانی لێکۆڵینەوە لە زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا “، بەرهەمێکی ٢٢٢ لاپەڕەییە، لە قەبارەی ئاساییدا کە لە ڕووی دابەشکاری ناوەڕۆکەوە ٩ بەش و ٢ وتاری نووسەر لە خۆ دەگرێت و لە هەر بەشێکیدا ئاوڕ لە پارادایمێکی گرنگی جیهانی زانستە مرۆیی و کۆمەڵایەتییەکان دەداتەوە. لەم ڕانانەدا هەوڵ دەدرێت بە پێی داڕشتەی ناوەڕۆکی کتێبەکە، مژاری هەر کام لە بەشەکان بە وردی بناسرێن، بەڵام پێش ناساندنی ناوەڕۆکی کتێبەکە، ئاماژە بەم چەند خاڵە بۆ ڕوونکردنەوەی زیاتر پێویستە؛
یەک: ئەم کتێبە پوختەیەکی کورت و بە سوودە لە زنجیرەی سێ بەرگی میتۆدناسی، لە کۆمەڵە بەرهەمەکانی نووسەر، کە لە ساڵانی ڕابردوودا بە زمانی فارسی و لە لایەن دەزگای لوگۆس لە ئێران بڵاو بووەتەوە.
دوو: ناوەڕۆکی کتێبەکە و پارادایمە باسکراوەکان، بە پێی ڕەوتی مێژوویی و کرۆنۆلۆژیکیان لە بەستێنی گۆرانکارییە فیکری و فەلسەفییەکاندا ڕێکخراون و وێڕای جیاوازی پارادایمیکیی مژارەکانی هەر بەشێک، هێڵێکی ڕوونی بیچم­گرتوو لە ڕەوتی فیکری و زانستی ڕۆژئاوا، کۆی بابەتەکان پێکەوە گڕێدەدا.
سێ: بەکارهێنانی خشتە و داڕشتە گرافیکییەکان کە ناوبەناو بۆ ڕوونکردنەوەی زیاتری بابەتەکان کەڵکی لێ گیراوە، خاڵێکی ئەرێنی کتێبەکەیە کە بە باشی یاریدەری فامکردنی بابەتەکانە.
چوار: وەک ڕێنماییەک بۆ خوێندنەوەی کتێبەکە، واباشترە سەرەتا و بەر لە چوونە ناو بابەتەکانەوە خوێنەر پێداچوونەوەیەک بە فەرهەنگۆکی کتێبەکەدا بکات، چوون هەندێ لە وشە و چەمکەکان بۆ یەکەم جارە دێنە ناو ئەدەبیاتی زانستە کۆمەڵایەتییەکان بە زمانی کوردی، یان لانی کەم یەکەم جارە لە دووتوێی کتێبێکی تایبەت بە میتۆدناسیدا یەکدەگرنەوە و پێویستە خوێنەر بۆ ئەوەی تووشی کێشەی تێگەیشتنی پوخت و پسپۆڕانە لە چەمکەکان نەبێت، پێشتر ئاوڕێک لە فەهەنگۆکی کتێبەکە و پێناسەی چەمکەکان بداتەوە.
ناساندنی ناوەڕۆکی کتێب
پێش­وتاری نووسەر:
پێش­وتاری نووسەر وەک دەستپێکی کتێبەکە بریتیە لە ئاوڕدانەوەیەکی مێژوویی وەسفی_ شیکاری لە سەر ڕەوتی سەرهەڵدان و گۆڕانکاری میتۆدەکان لە بەستێنی ئاڵوگۆڕە فەلسەفی و مەعریفییەکانی رۆژئاوادا، هەر لە سەردەمی یوونانی کۆنەوە تا دەگاتە وەرچەرخانە بنەڕەتییەکانی سەدەکانی هاوچەرخ.
خاڵی گرنگی ئەم گێڕانەوە مێژووییە لەوەدایە، کە هەر لە سەرەتاوە، میتۆد لە بازنەی داخراوی واتا تەکنیکی و فەنییەکانی دەرباز دەکات و دەیبەستێتەوە بە مانا قووڵەکەی کە دەرهاویشتەی کۆمەڵێک گۆڕانکاریی فیکری، فەلسەفی، مەعریفییە و لە گەڵ ئاڵووگۆڕە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی هەیە. نووسەر، میتۆد وەک ڕامانێکی فەلسەفی، نەک پرۆسەیەکی فەنی-تەکنیکی، پێناسە دەکات و تیشک دەخاتە سەر گرێداروی میتۆدەکان لە گەڵ پارادایمە فەلسەفی و ئەپیستمیەکان، کە تا ڕادەیەکی زۆر تێكڕا جۆرێکن لە وڵامدانەوە بەرامبەر بە پرس و کێشە کۆمەڵایەتییەکانی سەردەمی خۆیان.
نووسەر لە بەشی دووەمی پێش وتارەکەدا، دوای گێڕانەوەی مێژووی میتۆدناسی لە ڕۆژئاوادا، لە دووتوێی چەند پرسیارێکدا دەپەرژێتە سەر ئەزموونی فەلسەفە و میتۆد و زانستە کۆمەڵایەتییەکان و، چۆنییەتی پەیوەندییان لە کۆمەڵگای هەنووکەیی کوردیدا. دوای ئاوڕدانەوە لە هەندێ کەم و کورتی لەم بوارانەدا، کە مژارە فەلسەفییەکانیان زیاتر بەرەوە ڕەهەندێکی ئەبستراکت بردووە و میتۆدیان داخزاندووە بۆ ئاستی چەن فەن و تەکنیکێکی لێکۆڵینەوە، میتۆدناسی وەک ئامرازیکی گرنگ بۆ گەڕاندنەوەی تیۆری و فەلسەفە بەرەوە جیهانی کۆمەڵایەتی و کردەکی دەستنیشان دەکات و بۆ چارەسەرکردنی کێشە مێژووییەکانی کۆمەڵگای کوردی، سازدانی پردی نێوان تیۆری و میتۆد بە مەبەستی بە کردەکردنی فەلسەفە لە بەستێنی کۆمەڵگای کوردی و دەبازکردنی لە بازنە داخراوەکان بە پێویست دەزانێت.
لە ڕوانگەی نووسەرەوە میتۆدناسی- بە مانای گرێدانی تیۆری و فەلسەفە لە گەڵ زمانی کردە و پراکسیس- هەنگاویکە بۆ گواستنەوەی بیری فەلسەفی و تیۆریک بەرەوە جیهانی واقیعی ژیانی کۆمەڵگا و کەڵک وەرگرتن لێیان.
بە گشتی نووسەر لەم پێشەکییەدا دەیەوێت دوو بابەتی گرنگ سەبارەت بە میتۆد و میتۆدناسی ڕوون بکاتەوە کە بریتین لە: پەیوەندیی قووڵی میتۆد بە فەلسفە و ئەپیستمەکانەوە و هەروەها گرنگی میتۆد لە خوێندنەوە و شرۆڤەی کێشە و بابەتە واقیعییەکانی ژیانی کۆمەڵگادا.
بەشی یەکەم: مشتوومڕە پارادیمییەکان لە بواری میتۆددا
بەشی یەکەم وەک پێشەکییەک بۆ حەوت بەشی دواتر (بەشەکانی ٢ تا ٨) تیشک دەخاتە سەر ڕۆڵی پارادایمەکان لە بواری میتۆددا و بە باسکردن لە چەمکە سەرەکییەکانی وەک: پارادایم و وردبوونەوە لە تایبەتمەندیی پارادایمە هەڵبژێردراوەکانی ئەم کتێبە (کە لە بەشەکانی داهاتوودا پێناسە دەکرێن) دەرگایەک بۆ چوونە نێو باسەکە بە ڕووی خوێنەردا دەکاتەوە.
ئەم بەشە دوو ڕەهەندی سەرەکی؛ یەکەم هەڵوێستی فەلسەفی و تیۆریکی پارادایمە زاڵەکانی سەردەم لەسەر زانستە کۆمەڵایەتییەکان لە ڕوانگەی بوونناسی، مەعریفە­ناسی و میتۆدناسی و، دووهەم لایەنی پراکتیکی پارادایمەکان، وەک پێوەری سەرەکیی ناساندن و لێکدانەوەی پارادایمەکان دیاری و پێناسە دەکات.
بەشی دووهەم: پارادایمی پۆزیتیڤیزم و پاش­پۆزیتیڤیزم
ئەم بەشە بە پێداچوونەوەیەکی مێژوویی لە سەر ئاخێزگە و ڕەوتی پۆزیتیڤزم دەستپێدەکات و دوای دەستنیشانکردنی بیرمەندە ئەزموونخوازەکان (بەیکێن، دیکارت، کۆنت، دوورکهایم و …) وەک بناغەدانەرانی ئەم پارادایمە لە بواری فەلسەفە و کۆمەڵناسیدا، بنەما فەلسەفی و فیکرییەکانی، دیاری و شرۆڤە دەکات.
ناساندنی شێوازی لێکدانەوە و شیکاری میتۆدی ” ئەزموونی- بینینی”، وەک تاکە ڕوانگەی مەعریفیی پارادایمی پۆزیتیڤیزم بۆ ناسینی جیهانی دیاردەکان، بابەتێکی دی ئەم بەشە لە خۆ دەگرێت.
ئاوڕدانەوە لە هەڵویستی مەعریفی دووالیزم خواز و ئۆبژێکتیڤ، میتۆدۆلۆژی “تاقیکارانە_ دەستێوەرداو”، بەڵگەناسی ئیستقرایی و پێوانەیی _ گریمانەیی، مۆدێلی تیۆری “یاسای داپۆشەر”،  گریمانەناسی و ڕوانگەی مرۆڤناسیی – مرۆڤی “قازانج خواز”، “چێژخواز” و “عەقڵانی” و “ڕێڕەوی کردەوەخوازانەی”- پارادایمی پۆزیتیڤیزم هەندێ تر لە مژارەکانی ئەم بەشەن.
لۆژیکی لێکدانەوە لە پۆزیتیڤیزمدا و جۆرەکانی وەک: لێکدانەوەی پێکهاتەیی، تیۆریکی، هۆیەکی، یاسا بنچینەییەکانیان و چەند تێبینی میتۆدناسانەی دیکە بەشێکی دین لە تەوەرەکانی بەشی دووهەم.
بابەتی کۆتایی بەشی دووهەم بە سەردێری “پارادایمی باو لە ناو گێژاوی ڕەخنەدا” کۆی روانگە ڕەخنەئامێزەکان لە سەر پارادایمی پۆزیتیڤیزم لە هەر دوو بەشی ڕەخنە نێوپارادایمییەکان و ڕەخنە دەرەوەپارادایمییەکان دەخاتە ڕوو. کە بریتین لە “ڕەخنە دەروون پارادایمییەکان”ی وەک: “بەستێن سڕینەوە”، “ڕەتدانەوەی واتا و ئامانج”، “یەکگرتنەوەی تیۆرییە گشت بینەکان لە گەڵ بەستێنە خۆجێیەکان”، بێکەڵکی هاوردە گشتییەکان بۆ خاڵە تایبەبەتەکان”، “دوورخستنەوەی ڕەهەندی دۆزینەوە لە لێکۆڵینەوەدا”، وە “ڕەخنەکانی پارادایمی دەرەکی” وەک: “باری تیۆریکی ڕاستییەکان”، “دیارینەکراویی تیۆریکی”، “کێشەی گشتاندن”، “باری بەهادارانەی ڕاستییەکان”، “دۆگماتیزمی زمانناسانە”، “ماهییەتی پێوەندی دوو لایەنەی توێژەر و بابەتی توێژینەوە”، “ڕەخنەی پاش مودێرن”، “ڕيخنەی فیمینیستی” و “ڕەخنەی پلانی زانستییانەی پۆزیتیڤیزم”
بەشی سێیەم: پارادایمی تەفسیری _ بنیادنەری
بەشی سێیەم سەبارەتە بە ناساندنی پارادایمی تەفسیری _ بنیادنەری، کە بە هەڵدانەوەی یەکەم لاپەڕەکانی سەرهەڵدان و گەشەکردنی ئەم پارادایمە لە بوارەکانی فەلسەفە و کۆمەڵناسییەوە دەستپێدەکات و لە درێژەدا “هەڵوێستە بناغەییەکان” و “توخمەکانی” ئەم پارادایمە کە بریتین لە هەڵوێستی “بوونناسانە”، “مەعریفەناسانە”، “میتۆدناسانە” و “ڕێبازەکانی”ی دەخاتە بەر باس و لێکدانەوە
دوای ڕوونکردنەوەی ئاخێزگە و بنەما فیکری و فەلسەفییەکان، باسەکە دەچێتە سەر لۆژیکی میتۆدناسی کە باس لە میتۆدی هێرمێنۆتیکی و جەدەلی وەک کرۆکی میتۆدیکی پارادایمی تەفسیری _ بنیادنەری دەکات، کە بونیادی میتۆدناسانەی سەرجەم میتۆدە چۆنایەتییەکان پێکدێنێت و مرۆڤ و دیاردە کۆمەڵایەتییەکان و کۆی سووژەکان لە دیدێکی سروشت خوازانەوە وێنا دەکات.
“ڕاستی، زانست و توێژینەوە”، سەردێڕی دوابابەتی ئەم بەشەیە کە باس لە سێکوچکەی ڕاستی، زانست و توێژینەوە و پەیوەندییە چەند ڕەهەندییەکانیان دەکات و کردارە واتادارەکانی مرۆڤ و کۆمەڵگا و هەوڵ بۆ تێگەیشتن و شرۆڤە و تەفسیری ئەم کردارانە مەبەستی سەرەکییەتی.
بەشی چوارەم: پارادایمی ڕەخنەیی
بەشی چوارەم سەبارەتە بە پارادایمی ڕەخنەیی کە بە ئاماژەدان بە بیرمەندان و قوتابخانە دامەزرێنەر و درێژەپێدەرەکانی ئەم پارادیمە وەک؛ مارکس، فرۆید و فێرگەی فرانکفۆرت (ئادۆرنۆ، فرۆم، هابیرماس، بۆردیۆ و…) دەستپێدەکات و دواتر دەپەرژێتە سەر بنەما پارادایمییەکانی، ئەم پارادایمە کە لە ڕووی بوونناسییەوە لە سەر بنچینەی “ڕاستیخوازی مێژوویی” دامەزروە و لە ڕووی مەعریفەناسییەوە بڕوای بە کارلێکردن و پەیوەندیی دوولایەنەی وتووێژ و زەینخوازی لە مەعریفەدا هەیە. هەروەها لە ڕووی میتۆدناسییەوە سروشتێکی وتووێژی و مشتومڕانەی هەیە لە نێوان لێکۆڵەر و سووژەدا.
دوای ڕوونکردنەوەی بنەماکان، ئامانجی لێکۆڵینەوەی کۆمەڵایەتیی پارادایمی ڕەخنەیی، سیمای مەعریفە و ئەنترۆپۆلۆژی لەم پارادایمەدا، سێ مژاری دیکەی ئەم بەشەن کە تێیدا تیشک دەخرێنە سەر هەوڵە رزگارکەر و ئاگاییخوازەکانی ئەم پارادایمە و تێکۆشانی بەردەوامی بۆ گەشەی زیاتری مەعریفە و زاڵبوون بەسەر نەریتە مەعریفی و فیکریە سنووردار و چەوسێنەرەکاندا.
“میتۆد، گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی و ئاکار” سەردێریکی دیکەی بەشی چوارەمە کە تێیدا باس لە تەوەرەکانی خوارەوە دەکرێت: کەڵک وەرگرتن لە مێتۆدەکانی بەڵگەی پێوانەیی و ڕیترۆداکشێن، جۆرەکانی خوێندنەوەی تیۆرییەکان و دابەشبوونیان بە سەر دوو دەستەی چاک و خراپ بە پێی پێوەری پراکسیس، ڕوانگەی گۆڕانسازی پارادایمی ڕەخنەیی بەرامبەر بە مەعریفەی کۆمەڵایەتی، هەڵوێستی چالاکخوازانە بەرامبەر بە بەهاکان، سروشتی هەڵوێست خوازانەی لێکۆڵینەوە، دۆخدۆزی مێژوویی و دەستکەوتەکانی لێکۆڵینەوە وەک پێوەری سەرەکی دادوەری سەبارەت بە لێکۆڵینەوە، خەسڵەتی تەواو جەوهەرییانەی ئاکار لە توێژینەوەدا و هەڵوێستی توێژەر وەک “ڕووناکبێری ڕووخێنەر” و بەرهەڵستکاری ئایدیۆلۆژیاکان.
مژارەکانی لێکۆڵینەوە لەم پارادایمەدا بە گشتی بریتین لە ناهاوسەنگییە کۆمەڵایەتییەکان بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی هێزە هیژموونییەکان و گەیشتن بە دادپەروەری کۆمەڵایەتی، کە بابەتێکی دی ئەم بەشە لە خۆ دەگرن.
“لۆژیکی لێکدانەوەی ڕەخنەیی” دوابابەتی ئەم بەشەیە کە پرەنسیپە بنەڕەتییەکانی وەک: ستراتیژی لێکۆڵینەوە، جۆری ڕەخنە، گریمانەی سەرەکی، مەبەستی لێکدانەوە، ڕەهەندی توێژینەوە، ئامانجی لێکۆڵینەوە، پێوەری هەڵسەنگاندن، زمانی لێکدانەوە و ڕێبازە میتۆدیەکانی لێکدانەوەی ڕەخنەیی پێناسە کردووە.
بەشی پێنجەم: پارادایمی فێمینیزم
دەسپێکی بەشی پێنجەم بە سەردێڕی “مەعریفە، جنسیەت و دەسەڵات”، ڕەهەندەکانی بوونناسی، مەعریفەناسی و میتۆدناسی پارادایمی فێمینیزم باس دەکات، کە لە بواری بوونناسیدا ڕێژەخوازیی جنسیەتی، لە بواری مەعریفەناسیدا شێوازی بەرهەمهێنانی مەعریفە و پەیوەندیی مەعریفە و دەسەڵات و، لە بواری میتۆدناسیدا ڕوانگەی جنسییەتی وێناکردنی ئەزموونەکان و ڕەگەزی لێکۆڵەر وەک خاڵە سەرەکی و بنەماییەکان دیاری دەکات و تواناسازی ژنان و ڕزگارکردنیان لە سیستەمی پیاوسالاری و گەیاندنیان بە هاوسەنگی لە هەموو بوارەکاندا وەک ئامانجی لێکۆڵینەوە و، “ڕێڕەوی جنسییەتی” و “چالاکێتی یەکسانخواز” وەک دوو چەمکی سەرەکی پارادایمی فێمینیزم دیاری دەکات.
“زانست، مێژوو و شیکاری فێمینیستی”؛ سەردێری نیوەی دووهەمی ئەم بەشەیە کە لە چییەتی مەعریفە وەک بەرهەمێکی مێژوویی دەسەڵاتی پیاوانە و پەراوێز کەوتنی مەعریفەی پێوەندیدار لە گەڵ ژنان ئاوڕ دەداتەوە و بە ئاماژەدان بەوەی کە ڕاستییەکان خاوەنی هەڵوێستی جنسیەتین، ڕێبازی دیالێکتیکی فێمینیستی وەک شیاوترین و لێهاتووترین ڕێبازی ئاشکراکردنی سیمای جنسییەتی ڕاستییەکان دیاری دەکات.
مرۆڤناسی و هەڵوێستی ئەرزشی پارادایمی فێمینیستی دوو لایەنی دیکەن کە بە پێناسەی مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی جنسیەتی کراو و هەڵگری پتانسیەلیکی ناجێگیری پەیوەست بە سیستەمی سەرمایەداری و پیاو سالاری لە ڕووی مرۆڤناسییەوە و، ڕوانینێکی جەوهەری بە بەهاکان و گرنگی بەها فیمێنیستییەکان لە سەرووی هەموویانەوە لە ڕووی هەڵوێستی ئەرزشییەوە باسیان لێدەکرێت و ڕێگەچارەکانی دەرباز بوون لەم بەربەستانە لە ڕووی ئاکارەوە کە پابەندییە بە هەوڵدان بۆ هاوسەنگی و یەکسانخوازی و ڕۆڵگێڕانی لێکۆڵەر وەک ڕووناکبیرێکی رزگارکەر و ئاشکراکەر، شرۆڤە دەکرێن.
بەشی شەشەم: پارادایمی پاش مودێڕن
ئەم بەشە سەرەتا بە سەردێڕی “مێژووی سەرهەڵدان”، لاپەڕەکانی مێژووی پارادایمی پاش مودێڕن لە پەنجا ساڵی ڕابردوودا، وەک وەرچەرخانێکی بنەڕەتی هەڵدەداتەوە و وێڕای ئاماژە بە سەرهەڵدانی ئەم چەمکە لە بوارە زانستی و هونەرییە جیاوازەکاندا بە وردبوونەوە لە بواری کۆمەڵناسیدا، بیرمەند و تیۆری و قوتابخانە و ڕیبازە کاریگەرەکانی ئەم پارادایمە دەناسێنێت.
چەمکی پاش مودێڕنیزم وەک ئاماژەیەک بۆ سێ شێوازی گۆڕانکاری، درێژەی بابەتەکەیە، کە گۆڕانکاری بواری فەلسەفە و تیۆری کۆمەڵایەتی وەک بواری سێهەم بە وردی تیشک دەخرێتە سەری، کە بریتین لە کۆمەڵێ ڕێچکەی جۆراوجۆر کە چەند توخمێکی سەرەکی هاوبەش وەک؛ ڕەتکردنەوەی گریمانە جیهانگیرەکان، گرنگیدان بە چەمکە سەرەکییەکانی وەک دەق و سووژە و شوناس و سیمبول، بێ باوەڕی بە میتاحیکایەتەکان و هتد، پێکەوەیان گرێدەدا. دواتریش بە ئاماژە بە مانا فرە ڕەهەند و جیاوازەکانی پاش مودێڕنیزم شیوازی پەیوندیی مانایی چەمکەکانی مودێرنیزم و پاش مودێرنیزم و سەرمایەداری و گریمانە و ئایدیا سەرەکییەکانیان لێکدەداتەوە.
“پاش­مودێڕنیتە و پاش­مودێڕنیزم” سەردێڕێکی دیکەی ئەم بەشەیە کە تێیدا جیاوازیی ئەم دوو چەمکە ڕوون دەکرێتەوە و باری مانایی هەر کامیان لە ڕوانگەیەکی زانستی و بە پێی تیۆرییە پەیوەندیدارەکانی بیرمەندانی ئەم بوارە پێناسە دەکرێت.
“دەستکەوتە تیۆریکییەکانی پاش­مۆدێرنیزم” سەردێڕی تەوەرێکی دیکەیە، کە بە پێی بنەما بوونناسانە و مەعریفییەکانی ئەم پارادایمەوە، دەستکەوتە تیۆریکیەکانی وەک: ماهییەتی بەستێن خوازانەی مەعریفە، رەتکردنەوە تیۆرییە جێهانگیرەکان و بێبەری بوونی سووژە لە دیاریکردنی پێوەرەێکی جیهانی و… دەناسێنێت.
” پاش­مودێڕنیزم و میتۆدناسی”، دەپەرژێتە سەر ڕەهەندەکانی میتۆدناسی پارادایمی پاش­مۆدیڕنیزم وەک شیکردنەوەی نیشانەناسانە، شیکردنەوەی دیسکۆرس، شیکردنەوەی حیکایەت و دەق و… هتد، کە چەندین میتۆدناسی جیاواز لە خۆدەگرێت.
لە درێژەدا “دیاریکردنی خەسڵەتە تایبەتەکانی میتۆدناسی پاش­مۆدێرنیزم” باس لە ڕەتدانەوەی حیکایەتە گەورەکان، ڕەتدانەوەی حەقیقەتە ڕەهاکان، ڕەخنە لە ڕەنگدانەوە، ناوەندێتی دیسکۆرس، شوناسە پەرتەوازو و ئاڵۆزەکان و پەسەندکردنی ڕێژەخوازی کولتوری دەکات.
“هەڵسەنگاندن و ئەگەری بەرهەمهێنانی مەعریفە”، کۆتا بابەتی ئەم بەشەیە کە تێیدا باس لە دژایەتی پاش­مۆدێرنیزم و هۆکارەکانی ئەم بەرهەڵستکارییە لە گەڵ بۆچوونی کۆی پارادایمەکانی دیکەدا کراوە و جەخت لەسەر باوەڕی فرەڕەهەندی و ڕێژەگەریی مەعریفی لەم پارادیمەدا دەکات، کە هەوڵی سەرەکیی ئەوەیە ڕۆڵی شوناسە پەراوێز خراوەکان لەبەر چاو بگرن و بەهایان پێبدەن.
بەشی حەوتەم: پارادایمی پراگماتیزم
لە ژێر سەردێڕی “حەقیقەت و قازانج”دا، ئەم بەشە دەستپێدەکات و تێیدا سیمای مەعریفە لە ڕوانگەی پراگماتیزمەوە، وەک پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و بنەمایەک بۆ ڕاستیی جیهانێک کە مرۆڤ تێیدا دەژی و ئەزموونی دەکات، پێناسە دەکرێت و ڕوانینی ئامرازییانەی بۆ تیۆری بە پێی بەکەڵک بوونی بۆ تێگەیشتن لە جیهانی کۆمەڵایەتی لێک دەدرێتەوە.
بابەتەکە دوای پێشەکیی باسکراو، باسی “سەرچاوە بنەڕەتییەکان”ی ئەم پارادایمە دەکات و تیشک دەخاتە سەر بزاوتی فەلسەفی پراگماتیزم و بیرمەندە دامەزرێنەرەکان و تایبەتمەندیی بیر و بۆچوونەکانیان لە کۆتا دەیەکانی سەدەی نۆزدەهەمدا.
لە درێژەدا، قۆناغە مێژووییەکانی پراگماتیسم کە دابەشدەکڕێتە سەر دوو قۆناغی: پراگماتیسمی سەرەتایی (١٩٣٠-١٩٦٠) و نوێپراگماتیسم (دەیەی ١٩٦٠) و تایبەتمەندی و کاریگەرییەکانی هەر یەک لەم قۆناغانە، باسدەکرێت و تیشک دەخرێتە سەر ئەو قوتابخانە و ئەزموونە فیکری و فەلسەفییانە کە کاریگەرییان لە سەر پراگماتیسم داناوە کە بریتین لە: ئەزموونخوازی بەریتانیا، قازانج خوازی، تیۆری گەشەسەندن، نوێ­ڕیالیزم، فەلسەفەی دێکارت (دێکارتیزم)، کانتیزم، هێگلیزم، فۆڕماڵیزم، فاندەمێنتاڵیزم، سڕینەوەی مێتافیزیک خوازی لە بەرژەوەندی سروشت خوازی، سڕینەوەی پەیوەست خوازی، سڕینەوەی هۆ و هۆکرد خوازی، سڕێنەوەی بونیادنەری و سڕێنەوەی ڕاستی­خوازی ڕووکەشیانە و ڕێژەخوازیی ڕادیکاڵ.
باسەکە دواتر دەچێتە سەر گرنگترین پرەنسیپە فەلسەفی و میتۆدناسییەکانی ئەم پارادایمە وەک: کەڵک وەرگرتن لە هەردوو ڕێبازی لێکۆڵینەوەی چەندایەتی و چۆنایەتی، گرنگیدان بە پرسیاری توێژینەوە لە ئاست میتۆددا، دوورەپەرێزی لە چەمکە متافیزیکییەکان، کەڵک وەرگرتن لە میتۆدناسی تێکەڵاو، ڕەتدانەوەی دووالیزمە باوەکان، بایەخدان بە جیهانی دەروونی ئەزموونی مرۆڤ، دانانی جیاوازی مێژوویی لە نێوان سووژە  ئۆبژە، لایەنگری لە هەڵەخوازی و هەڵبژاردەخوازی و ئەزموونخوازی بەهێز و کردەوەیی، مەرجداربوونی حەقیقەت و واتا و مەعریفە، گرنگیدان بە پراکسیس لە ئاست فەلسەفاندن، هەڵوێستی بەها تەوەری، رەتکردنەوەی ڕیداکسیۆنخوازی و… هتد.
“لۆژیکی لێکدانەوە” وەک مودیلی ناساندنی پارادیمەکانی دیکە، بابەتێکی دیکەی ئەم بەشەیە کە، جیاواز لە لۆژیکی هەموو پارادیمە ڕکابەرەکانی دی، بە چەندین خاڵ دیاری دەکرێت کە سەرەکیترینەکانیان بریتین لە: ئازادبوونی لێکۆڵەر لە دیاریکردن و پەیڕەوکردنی ئامانجەکانی، بێ سنووربوونی زمانی لێکدانەوە، پرسیارتەوەری، بەندنەبوونی دەرئەنجام بە ڕووداوێکی تایبەت لە سیستەمدا، بێ سنووری لە هەڵبژاردنی میتۆد و پانتایی توێژینەوەدا، بەکەڵکبوونی بەرهەمی توێژینەوە بۆ ژیانی ئاسایی و چارەسەرکردنی کێشەکان، پابەندنەبوون بە زمانێکی تایبەتی لێکدانەوە.
“بەشداریی تیۆریکی لە پیێرس تا بێنتلەی”، لەم بەشەدا دوای ناساندنی پیێرس وەک دامەزرێنەر و باوکی پراگماتیسم، و باسکردنی بیر و بۆچوون و هەڵویستەکانی وەک، دانانی “ڕێسای پراگماتیکی” و…، مێژووی گۆڕانکاریی بیری پڕاگماتیستی کلاسیک هەنگاو بە هەنگاو و بیرمەند بە بیرمەند بەسەردەکرێتەوە و دوای پیێرس، لە ویلیام جەیمز و بیری ئەزموونخوازیی ڕادیکاڵی، جۆرج هێربێرت مید و کارێگەریی حاشاهەڵنەگری لەسەر هێنانی پراگماتیزم بۆ ناو بەستێنی کۆمەڵایەتی، دیوویی و بیر و بەرهەمە ڕەخنەییەکانی لەسەر پراگماتیزم، ئارتوور بێنتلەی و کاریگەریی لە سەر پراگماتیزمی کلاسیک بە تایبەت لە بواری لێکۆڵینەوەی زانستە سیاسییەکان و گۆڕانکاریی گەورە لە سەر چۆنایەتی تێڕامان لە چەمکی دەوڵەت و … باس دەکرێت تا دەگاتە قۆناغی نوێ­پراگماتیزم.
“پراگماتیزمی نوێ: زمان، ناڕوونی و سەرلێشێواوی مەعریفە” وەک خوێندنەوە و پێداچوونەوەیەکی نوێ لە پراگماتیزمی سەرەتایی بە نیسبەتی کێشە هەنووکەییەکانی جیهان، دوا تەوەری بەشی حەوتەمە، کە لە سێ ڕەهەندی سەرەکیی؛ مەعریفە ناسی، مێتامیتۆدناسی و مێتۆدناسیدا پێناسە و شرۆڤە دەکرێت. پراگماتیزمی مەعریفەناسانە بە چاوپۆشی لە سەرچاوەی بیرۆکەکان باس لە ئاراستەی بیرۆکەکان دەکات؛ پراگماتیزمی مێتامیتۆدناسانە، مێتۆدناسییەکانی لێکۆڵینەوە تاوتوێ دەکات و بە بێ­بڕوایی بە سیستەم و فەلسەفەیەکی تەواو و جێگیر، باس لە دژایەتی لە گەڵ هەر جۆرە چوارچێوە و قوتابخانەی هزری و زۆر ئایدیای دیکەدا دەکات. لە شرۆڤە­کردنی ئەم دیاردەشدا بێروڕای نوێپراگماتیستەکانی وەک کاپلان و ڕۆرتی دەخرێتە ڕوو. “پراگماتیزمی مێتۆدناسانە”ش، بەو بڕوایەی کە پراگماتیزم دەتوانێت خاوەنی ڕێبازێک بێت بۆ مێتۆدەکانی لێکۆڵینەوە، پەردە لەسەر ئەم ڕەهەندە وەک نوێترین ڕەهەندی مێتۆدناسانەی پراگماتیزم هەڵدەداتەوە و تێیدا باس لە مشتومڕ و بیرمەندانی ئەم بوارە دەکات. لە کۆتاییشدا بە کورتی تیشک دەخاتە سەر ڕۆڵی گرنگ و سەرەکی پراگماتیزم لە پێکهێنانی تیۆری و میتۆد لە زانستی کۆمەڵایەتیدا، کە لە ئەنجامدا بوەتە هۆی یەکگرتنەوەی پارادایمی، لێکدان و ئاوێتەبوونی میتۆدەکان و دووری لە ڕکابەری میتۆدناسانە و لە ئاکامدا سەرهەڵدانی شەپۆلی سێهەمی میتۆدناسی کە بە “میتۆدناسیی لێکدراو” ناوزەد دەکرێت.
بەشی هەشتەم: شێوازی نووسینی پلانی توێژینەوە
لەم بەشەدا نووسەر دوای تیشک خستنە سەر باوترین و گرنگترین پارادایمەکانی زانستە کۆمەڵایەتییەکان و شرۆڤە کردنیان لە چەندین ڕەهەندی بوونناسی و مەعریفی و میتۆدیکەوە، لە حەوت بەشی پێشوودا، وەک بەشێکی ڕاهێنانە و ڕێنماییکەر، هەوڵ دەدات لە دووتوێی پلانێکی پوخت و هەنگاو بە هەنگاودا، قۆناغەکانی نووسینی پلانی توێژینەوە بە پێێ یاسا و پێوەرە ئاکادیمیکییەکان دیاری بکات و بە کەڵک وەرگرتن لە چەمک و بابەتە تیۆریکی و میتۆدەکانی حەوت بەشی پێشوو بە وردی تیشک دەخاتە سەر هەر کام لە قۆناغەکانی توێژینەوە و بە کۆمەڵێک تێبینی، مژارە گرنگ و بابەتییەکانیان دەخاتە بەرباس و ڕوونکردنەوە.
دابەشکردنی توێژینەوە بە سەر پێنج قۆناغی سەرەکیدا و لێکدانەوەیان بە پێی دابەشکاریی خوارەوە ناوەڕۆکی ئەم بەشە پێکدێنن.
قۆناغی یەکەم:  داڕشتنی پرسیار یان بابەتی توێژینەوە، کە بریتیە لە: چۆنییەتی و سەرچاوەکانی هەڵبژاردنی بابەتی توێژینەوە و پرسیار، ئاراستەکردنی بابەت، مەرجەکانی پرسیار، شێوازی نووسینی پرسیار و چۆنییەتی گەڵاڵەکردنی.
قۆناغی دووهەم: گرنگی و ئامانجەکانی توێژینەوە، کە بریتیە لە: هۆکاری هەڵبژاردنی بابەتی توێژینەوە و ئامانجی توێژینەوە.
قۆناغی سێیەم: خوێندنەوەی ئەدەبیاتی پێشوو، کە بریتیە لە: مەبەستەکانی خوێندنەوەی ئەدەبیاتی پێشوو، چۆنییەتی کۆکردنەوە و هەڵسەنگاندن و ئاراستەکردنی ئەدەبیاتی پێشوو، تایبەتمەندییەکانی ئەدەبیاتی پێشوو، ئەدەبیاتی پێشووی پیویست بە ئاماژە لە ڕووی ژمارەوە، شێوازی بەیانکردنی ئەدەبیاتی پێشوو، شێوازی ناساندنی توێژینەوە پێشووەکان
قۆناغی چوارەم: چوارچێوەی تیۆریکی، بریتی لە: پێناسە کردنی چوارچێوەی تیۆریکی، چۆنییەتی ڕۆڵگێڕانی چوارچێوەی تیۆریکی، پەیوەندیی چوارچێوەی تیۆریکی و جۆری توێژینەوە، شێوازی دیزانکردنی چوارچێوەی تیۆریکی، گریمانە سازی و شێوازی دەرهێنان و ئاراستەکردنی، جۆری گریمانە، پێناسەی چەمکی و پێناسەی عەمەلیاتی و ئاستی پێواندنەکان.
قۆناغی پێنجەم: میتۆدناسی، بریتی لە: دیاریکردنی جۆری میتۆدناسی لێکۆڵینەوە، ئاماژە بە سێ جۆری سەرەکیی میتۆدناسی، سوچبەندی و پێناسەکردنی، دیاریکردنی کۆمەڵگای ئاماری و ستراتیژییەکانی نموونەدانان، ڕێبازەکانی کۆکردنەوەی داتا و هاوردە، ڕێبازەکانی شیکاری داتاکان، شێوازی هەڵسەنگاندنی توێژینەوە، نووسینی ڕاپۆرتی توێژینەوە.
پاشکۆی نووسەر
نووسەر لە پاشکۆیەکی سێ لاپەڕەییدا جارێکی دی تیشک دەخاتە سەر مەبەست سەرەکییەکانی نووسینی ئەم بەرهەمە و، ویستی ئاگادار کردنەوەی خوێنەر لە بناغە فەلسەفی و پارادایمییەکانی میتۆدەکانی توێژینەوە لە زانستە مرۆییەکاندا، وەک ئامانجی سەرەکی دەناسێنێت. نووسەر وەک پسپۆڕێکی بواری میتۆدناسی هەوڵ دەدات لە ڕوانگەیەکی خەسارناسانەوە، زاڵترین خەساری بواری میتۆدناسی- کە بریتیە لە کورتکردنەوەی میتۆد لە بازنەی بەرتەسک و داخراوی میتۆد وەک کۆمەڵێک کەرەستە و فەننی باو لە توێژینەوەدا کە هەموو لێکۆڵەر و تەنانەت تاکێکی ئاساییش دەتوانێت لە هەموو هەلومەرجێکدا بە کاری بێنێت- لە خاڵی دەستپێک و سەرەتاییدا بخاتە بەر ڕەخنە و ڕوونکردنەوە، وە خوێنەر لەو ڕاستییە ئاگادار دەکاتەوە کە توێژەر ناتوانێت لە دەرەوەی بناغە فەلسەفی و ئیپیستمیکەکاندا دەست بۆ میتۆد ببات و ئاگادار یان بێ ئاگایی، هەڵبژاردنی هەر میتۆدێک پابەندبوونە بە جیهانبینی و بنەما پارادایمییەکانی سەبارەت بەو میتۆدە و واباشترە توێژەر بە زانیاری بنەمایی و فەلسەفییەوە ڕوو لە بواری میتۆدناسی بکات.
نووسەر لە پێناو ئەم هەڵوێستەدا، سێ تێبینی گەڵاڵە دەکات، کە بریتین لە:
یەکەم، پێویستی پابەندبوونی توێژینەوەی زانستە مرۆییەکان بە یەکێک لە سێ میتۆدناسیی سەرکیی؛ چەندایەتی، چۆنایەتی و لێکدراو و زەروورەتی ئاگاداری نووسەر لە هەموو ڕەهەندەکانی میتۆدی هەڵبژێردراو.
دووەم، زاڵبوونی پارادایم بە سەر هەموو توێژینەوەیەکدا و شۆڕبوونەوەی بۆ خوارترین بوارەکانی لێکۆڵینەوە.
سێیەم، خۆ دوورگرتن لە پابەندی بە هەر چوارچێوەیەک لە خۆیدا هەڵبژاردنی چوارچێوەیەکی بێبەری لە چوارچێوەس، کە لە واقیعدا ئەو ئەگەرە ئیمکانی نییە و تەنیا خۆدزینەوەیەکی ڕووەکەشە و قووڵبوونەوە لە ڕەهەندەکانی، ئەو ڕاستییە دەردەخات کە مرۆڤ ناتوانێت خۆی لە چوارچێوی ڕوانگە و بەها و بنەماکان دەرباز بکات.
لەم ڕووەوە نووسەر پێشنیار دەکات کە توێژەران بەر لە هەر توێژێنەوەیەک ئاوڕی جیدی لە بنەما فەلسەفی و بناغە سەرەکییەکانی میتۆدناسی بدەنەوە و بە پێی سروشتی لێکۆڵینەوەکە، مێتۆدێکی گونجاو و داڕشتەیەکی تەبا و یەکگرتووی بۆ دابین کەن.
بەشی نۆیەم: فەرهەنگۆکی فەلسەفەی میتۆدناسی
بە پێی تایبەتمەندیی ئەم کتێبە، وەک بەرهەمێکی دەستپێک و سەرەتایەک لە بواری ئەزموونی زمانی زانستیی زانستە کۆمەڵایەتییەکان لە بەستێنی زمانی کوردیدا، بێگومان بەشی فەرهەنگۆک و کۆی بابەتە پەیوەندیدارەکان بە هاوواتاسازی و وەرگێڕانی وشە و چەمک و تێرمە زانستییەکان هەستیاری و سەنگایەتییەکی قورستر پەیدا دەکەن و لە ئاست زمانە ڕاهاتووەکانی دی، پێویستیان بە ئاوڕدانەوە و گرنگیدانی زیاتر هەیە. هەر بەم پێیەش و بە درککردنی ئەم تەوەرە، نووسەر لەم بەشەدا لە زیاتر لە ٦٥ لاپەڕەدا ئاوڕی لە پێناسەکردنی چرمکەکان داوەتەوە و بە ڕیزکردنیان بە پێی ئەلفبێی لاتین، دوای هاوردنی وشە و چەمکە لاتینیەکان و دانانی هاوواتا کوردییەکانیان، سەبارەت بە هەر یەک لە چەمکەکان، بە پێی ڕێژەی گرنگی و قورسایی مانایان پێناسەی پێویستیان بۆ کراوە.
تێبینیی کۆتایی: ئەم کتێبە وەک لە ناسنامەی کتێبەکەشدا ئاماژەی پێکراوە، تەنیا سەرەتایەکە لە بوارەی مێتۆدناسی زانستە کۆمەڵایەتیەکاندا، وە بێگومان ناتوانێ لە کۆمەڵێك خەسار و کورتی بەری بێت، کە نووسەریش بە ئاگاداری تەواو لەم ئەگەرە، تیشکی خستۆتە سەری و لە پێش­وتارەکەیدا دەستی هاوکاری بۆ هەموو پسپۆڕان و زانایانی ئەم بوارە درێژ کردۆتەوە. بەم پێیە پێویستە شارەزایان و ئاکادیمیسەیەنە کوردەکانی بواری زانستی کۆمەڵایەتی، وێڕای ئاوڕدانەوەی قووڵ و ڕەخنەییانە لەم ئەزموونە سەرەتاییە، لە پێناو چێکردنی زمانێکی زانستیانەی بواری زانستە مرۆیی و کۆمەڵایەتییەکان هەنگاوی تۆکمە و وردبینانە هەڵگرن و بە ڕەچاوکردنی هەموو پێوەرێکی زانستی و زمانناسانە، لە پێناو پتەو کردن و پیتاندنی ئەم ئەزموونە هەنگاو بنێن.
ماڵی کتێبی کوردی وەک مەكۆیەکی زانستی و پسپۆڕانەی ڕانان و ڕەخنەی کتێبی کوردی، ئامادەیە بۆ بڵاوکردنەوەی خوێندنەوە ڕەخنەئامێزەکان لەسەر ئەم بەرهەمە و لە پسپۆڕانیش داواکارە کە بە هەڵوێستی رەخنەئامێز و زانستیانە، ئەرکی خۆیان لە بەرامبەر زمان و ئەدەبی زانستی کوردی جێبەجێ بکەن.


*
خوێندکاری دوکتۆرای مێژووی زانکۆی به‌هه‌شتی تاران_ ئەندامی دەستەی نووسەرانی ماڵی کتێبی کوردی

 

سەرچاوە: ماڵی کتێبی کوردی

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved