27/5/2020 09:50 AM

ھایکۆی ژاپۆنی چیە ؟

ھایکۆ یەکێکە لە کورتترین جۆرەکانی شیعر لە جیھان داھێنەرەکەشی یابانیەکانە، ھایکۆ جۆرە شیعرێکە لە ١٧ برگە پێکھاتووە بە شێوەی سێ دێڕی دەنوسرێت، دێڕی یەکەم و سێیەم ھەر یەکەیان لە پێنج برگە و دێڕی دووەم لە ٧ بڕگە پێکدێت .

ھایکۆ نە کێش (وزن) ی ھەیە و نە سەروا (قافیە). ئەوەی ئێمە بەلای ھایکۆدا ڕادەکێشێت زمانە سادەکەیەتی و ڕازاندنەوە و ووشەکاری بە دەگمەن تێیدا دەبینرێت، نزیکەی ٢٠٠٠ ساڵ لەمەوبەر قاڵبی شیعری ھایکۆ لە ٣١ برگەی دوو بەشی بەناوی ( تانکا ) پێک ھاتبوو، بە شێوەیەکی گشتی شاعیرەکان بەشێوەی پرسیار و وەڵام دەیانھۆنیەوە، بەشی یەکەمی لە ١٧ بڕگە و بەشی دووەمی لە ١٤ بڕگە پێکدەھات، تانکا واتە شیعری کورت لەبەرامبەر ئەمەدا شیعری درێژ (چوکا) ی پێدەگوترا، جگە لەم دوو فۆڕمە شیعریە، چەندین فۆڕمی ترى شیعری ھەبوون، بەڵام شیعرە کورتەکان خوێنەر و لایەنگری زیاتریان ھەبوو.
لە سەدەی ١٧ زاینی بە پلەبەندی بەشی ١٧ برگەی تانکا جێگیر بوو وە بە ( ھاکایی یان ھایکۆ ) ناویان دەبرد.
لەسەرەتادا ھایکۆ پێکھاتەیەکی گاڵتەئامێزی ھەبوو بە پلەبەندی و تێکەڵاو بوون لەگەڵ فەلسەفە بودایی برەوی بە لایەنەکان و ناخی خۆی دا، ئەگەر چی ھایکۆ لە دەربڕیندا سادەیە ، بەڵام خاوەن ناوەرۆکێکی قوڵە.

ھایکۆ لەسەر چەند بنەمایەک دەھۆنرێتەوە:
١- وێنە (Image):
یەکێکیە لە بنەما سەرەکیەکانی پێکھێنانی ھایکۆ خۆی دەبینێتەوە لە وێنەی ( گوڵ ، باغ ، درەختی ھەرمێ ، شەو ، مانگە شەو ) ئەم وێنانە کاریگەری و ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت بۆ ھەڵھێنجانی (Impressionnisme ) شیعرێکی ئامانج داری ھایکۆ.
٢- بزاڤ (Movement):
دووەمین ڕەگەزه پێکھێنەری ھایکۆیە لەپاڵ نیشاندانی وێنەی جێگایەک پێویستە جۆڵەشی لەگەڵ بێت ، کاتێک ئەو شوێنە سەرەنج ڕاکێشە لەگەڵ جۆڵە ھاوڕێ ئاوێتە بێت، ئەگەرنا ھایکۆ نوس شاعیرێتی خۆی لەدەست دەدات.
٣-سەرەنج ڕاکێشان:
سێیەمین ڕەگەزە، لەنێو وێنەدا دوجەمسەری بەدیدەھێنێت کە شاعیر لەناخی شیعردا چاندویەتی
ھەندێ جار وێنە مانای سەرەکی نادات بەدەستەوە لەڕێگەی ئەم ڕەگەزەوە مانایەکی قوڵ لەناخی شیعرەکەدا ڕوودەدات
٤- مانا شاراوەکان (Hidden meanings):
چوارەمین ڕەگەزەی ھایکۆیە ھەندێ جار لە سەرەتای دێڕەکان مانا دەرناخرێت بەڵکۆ شاعیر خوێنەر دەخاتە دۆخێکەوە و کە دەتوانێت لەوێوە زیاتر لەوەی لە ڕوخساری شیعرەکەدا ڕوودەدات ڕێنمایی بکات دیدی خوێنەر بەلایەکی تردا ڕابکێشێت ئەڵبەتە ڕوانگە و دیدی خوێنەر لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگۆڕێت
٥- نیشانە (Symbol):
یەکێکی تر لە ڕەگەزەکانی ھایکۆ نیشانە یا سیمبولە و مەیدانێکە بۆ دەرخستن و پیرۆز کردن و ڕێزگرتنی کەرەستە بەکارھاتووەکان لە ھایکۆ دا بۆ نمونە : مانگ لە شەوی دەیجور دا تەنھا ڕۆشناییەکی بەجێماوی خۆری نادیارە لەو کاتەدا جێگای ستایش و پیرۆزیە ، یان کێوی( فۆجی ) جێگای خودایان و نیشانەی ھێز و توانایی یابانیەکانە ھەروەک کێوی ( دەماوەند ) لە ئەفسانەکانی ئێران و کێوی ( ئۆڵومپۆس ) لە یۆنان
٦- وەرزەکان (Seasons):
کۆتا ڕەگەزی ھایکۆیە و جێگاو پلەیەکی تایبەتی ھەیە لەم ھونەرەدا چ بە شێوەی ڕاستەوخۆ ناوی بھێنرێت یان ناڕاستەوخۆ جگە لە چوار وەرزەکە ھاتنی ساڵی نوێش بە وەرزی پێنجەم دادەنێن ، ھەندێ جار لەبری ناوی وەرزەکان ناوی ئەو گوڵانە یان ئەو گیاندارانە بەکار دەھێنن کە لەو وەرزانەدا دەردەکەون . بۆ نمونە
• بەھارە ووشە : پشکوتنی گێلاس ، کۆترە باریکە ، گوڵی کامیلیا ، بۆق
• ھاوینە ووشە : گوڵە ئەستێرە ، بۆقی درەختی ، بۆقی باران
• پایزە ووشە : خورما لو ، سەرمای شەو
• ڕۆژی نوێ ووشە : کۆتایی ساڵ

لە مێژووی ئەدەبیاتی ژاپۆندا ( یابان ) چوار ھایکۆ نوس بەناوبانگترینیانن، خاوەن ڕێبازی تایبەت بە خۆیان بوون و لە دەرەوەی یابانیشدا خاوەن ناوبانگن و بەرھەمەکانیان وەرگێڕدراوەتە سەر زۆربەی زمانەکان ئەوانیش :-

• ماتسیوئۆ باشۆ ( ١٦٤٤ – ١٦٩٤ )
دوا نیوەڕۆیەکی پاییز
ھاوسێکەم چۆن دەیگوزەرێنێت ؟
نازانم
• یۆسا بۆسۆن ( ١٧١٦ – ١٧٨٣ )
پوشکە بە قونەکان
و ڕەنگی دیوارەکان
چەند ئەزیزە زادگاکەم
• کۆبایاشی ئایسا ( ١٧٦٤ – ١٨٢٧ )
لە بۆ من
کۆترە باریکە دەچڕێ و کێویش
بە نۆبە
• ماساوکا شیکی ( ١٨٦٧ -١٩٠٢ )
لە تاریکی دارستان
دەنکە توو یەک دەکەوێتە خوار
دەنگی ئاو

ئەم جۆرە ھونەرە لەناو زۆربەی ئەدەبیاتی جیھاندا بوونی ھەیە و تەشەنەی سەندووە بەڵام لەناو ئەدەبیتاتی کوردیدا وەک پێویست گرنگی پێنەدراوە. 
و/ ئاکام حمەئەمین
سەرچاوە:
 sarapoempersiangig.com, japanstudies.ir,shereno.com

 

خاك - زاموا زاهیر 




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved