28/5/2020 02:02 PM

هۆکارەکانی پیس بوونی پاریس چییە؟

لەوانەیە بڕوا نەکەن، بەڵام دەتانزانی شاری خۆشەویستی واتە "پاریس" یەکێک لە پیسترین شارەکانی ئەوروپایە؟ هۆکارەکانی ئەم پیس بوونە چییە؟
پایتەختی وڵاتی فەڕەنسا واتە پاریس، شارێکی جوان و دڵڕفێنە و هاوکاتیش یەکێک لە پیسترین شارەکانی ئەوروپایە. رەنگە پرسیار بێت بۆتان کە چۆناچۆن دوو تایبەتمەندیی "جوان" و "پیس" لە تەنیشت یەکەوە بەکار دێن، بەتایبەت لە وەسفی جێگایەکدا کە نازناوی "شاری نوور"ـیشی بەدواوەیە.
پاریس کە لە کۆنەوە بە جوانی، خۆشەویستی و فەرهەنگەوە دەناسرا، لەم دواییانەدا زیاتر لە پێشوو لەگەڵ کێشەی زبڵ رووبەڕوو بووەتەوە. هەر لە "گۆڕەپانی کۆماریی/ Place de Republique" کە سەرەڕای نۆژەن کردنەوەکەی 6 ساڵ لەمەوبەر هەر کۆن و رووخاو دێتە بەرچاو هەتا باخەکانی "ترۆکادرۆ" سواڵکەر، فیلتەری جگەرە، بتڵی بەتاڵ، پیسایی سەگ و پاسکیل و شتی لەم چەشنە دێتە بەر چاو کە لە سووچەکانی شار هەروا فرێ دراون.


هەڵبەت لەوانەیە زۆرینەی خەڵکی پاریس لەم بابەتە ئاگادار بەبن، بەڵام ئەگەر لە فەرهەنگێکی دیکەوە هاتبێتن بۆ ئەم شارە، ئاڵۆزی و شێواوییەکەی بە ئاسانی دەبینن.
شارەوانی ئەم شارە تێچوویەکی زۆری لە ماوەی ساڵدا بۆ کۆکردنەوەی نزیکەی 16 تەن پیسایی سەگ، چەندین تەن فیلتەری جگەرە و 30,000 بتڵی بەتاڵی فرێدراو سەرف دەکات بەڵام ئەم بابەتە کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەسەر پاکوخاوێنی شارەکە نەبووە و کێشەکە بە رادەیەک گەورە بۆتەوە کە خەڵکی خۆجێی نازناوی "پاشای زبڵ"ـیان بەم شارە بەخشیوە.
بەڕێوەبەرانی گەشتیاری و هێڵەئاسمانییەکانی ژاپۆن ساڵی 2016 نیگەرانی ئەوە بوون کە ئەم دۆخە ببێتە هۆی دڵساردبوونەوەی هاووڵاتیان بۆ گەشتی پاریس و هەر بۆیە چەندین هەفتەیان تەرخان کرد بۆ پاککردنەوەی باخەکانی "ترۆکادرۆ".


کێشەی پیس بوونی شار لە گەڕەکە دەوڵەمەندەکانەوە گوازراوەتەوە بۆ گەڕەکە هەژارەکان و هەر بۆیە لەم ناوچانە ئەم پیس بوونە زۆر زیاتر دێتە بەرچاو.
هەڵبەت شارەوانی گرووپێکی بۆ کۆنتڕۆڵی پاکوخاوێنی شار دەستنیشان کردووە  کە لە سەرانسەری شاردا دەگەڕێن و ئەگەر کەسێک پیسایی سەگەکەی خاوێن نەکاتەوە یان زبڵ فڕێ بدات غەرامەی لێ وەربگرن. بەڵام بە گوێرە دانیشتووانی پاریس ئەم هێزانە زۆر بە کەمی لە شاردا دەبیندرێن.
ئەگەر لە لەندەن و نیۆیۆرک پیسایی سەگەکەتان پاک نەکەنەوە و کەسێک بتانبینێت، ئەگەری زۆرە خەڵک هۆشداریتان پێ بدەن بەڵام لە پاریس کەس ئەم کارە ناکات. بەم حاڵەوە هیوادارین ئەم کێشەیە هەرچی زووتر چارەسەر ببێت و جوانی و پاکوخاوێنی بگەڕێتەوە بۆ پاریسی عاشقان.

 

سەرچاوە: theguardian

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved