30/5/2020 03:22 PM

دزینی نموونەی خوێنی کۆرۆنایی لەلایەن چەند مەیموونەوە

گرووپێک لە مەیموونەکان نموونەی خوێنی چوار کەسی تووشبوو بە کۆرۆنایان لە شاری "میرۆت"ـی ویلایەتی "ئوتار پرادش"ـی هیند دزی و رایان کرد.
کاتێک کارمەندێکی تاقیگەی کۆلێژی پزیشکی لە حەوشەی تاقیگەکە بوو، مەیموونەکان هێرشیان کردە سەر. یەکێک لە بەرپرسانی فەرمیی  ئەم کۆلێژە دوکتۆر "S. k Garg" لەم بارەیەوە گوتوویەتی: "مەیموونەکان نموونەی خوێنی 4 کەسی تووشبووی کۆرۆنا کە ئێستا لە نەخۆشخانەن دزی و رایان کرد. ئێمە دەبێ دووبارە نموونەی خوێن لەم کەسانە وەربگرینەوە."
مەیموونەکان پاش دزینی نموونەکان. رایان کردە سەر دارەکان و پاشان دەستیان کرد بە جاوینی پاکەتی نموونەکان.کەسانێک کە لە دەوروبەی ئەم شوێنە دەژین دەترسن مەیموونەکان ئەم ڤایرۆسە مەرگهێنەرە بگوازنەوە بۆ ناو ماڵەکان و خەڵک تووشی نەخۆشی بکەن.
دوکتۆر Garg ئاماژەی بەو بابەتە کردووە کە هێشتا دیار نییە مەیموونەکان لە ئەگەری بەرکەوتنیان لەگەڵ ئەم نموونە خوێنانه تووشی کۆرۆنا دەبن یان نا. بە گوتەی ئەم پزیشکە، هیچ بەڵگەیەک سەبارەت بە تووشبوونی مەیموون بە کۆرۆنا لە ئەگەری بەرکەوتن لەگەڵ خوێنی کۆرۆنایی بوونی نییە.
کۆرۆنا تا ئێستا زۆر کەسی لە سەرانسەری جیهان تووش کردووە و هەر وەک ئاگادارن یەکەم جار لە شاری ووهانی چینەوە لە ئاژەڵەوە گوازراوە بۆ مرۆڤ. لە وڵاتی هیند ژمارەیەکی زۆر مەیموون دەژین و پەیوەندییەکی نزیکیان لەگەڵ مرۆڤەکان هەیە. هەڵبەت هەندێک جار هێرش دەکەنە سەر مرۆڤ. بە بڕوای چالاکانی بواری ژینگە، تێکدانی سروشت و ژینگەی ئاژەڵان بۆتە هۆی ئەوەی ئاژەڵ روو لە شارەکان بکات بۆ دەستبەرکردنی خۆراک.

 

سەرچاوە: Reuters

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved