فیلمی سینه‌مایی "بێ نیشتمان" له ده‌رهێنانی "توورج ئه‌سڵانی" و به ڕۆڵبینینی كۆمه‌ڵێك له ئه‌كته‌ره‌كانی توركیا، سوریا، عێراق و هه‌رێمی كوردستان، له دوایین قۆناغی تهكنیكیدایه. فیلمی سینه‌مایی "بێ نیشتمان" (بی سرزمین) Landless له به‌رهه‌مهێنان و ده‌رهێنانی سینه‌ماكاری كورد "توورج ئه‌سڵانی" و به‌رهه‌می وڵاتی عێراق، دوای وێنه‌گرتن له شاره‌كانی سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه له هه‌رێمی كوردستان، ئێستا له دوایین قۆناغی تهكنیكیدایه. له فیلمی سینه‌مایی "بێ نیشتمان" سێیه‌مین به‌رهه‌می بڵندی سینه‌مایی "توورج ئه‌سڵانی"دا كۆمه‌ڵێك له ئه‌كته‌ره‌كانی وڵاتانی توركیا، سوریا، عێراق و هه‌رێمی كوردستان به چوار زمانی كوردی، توركی، عه‌ڕه‌بی و فارسی تیایدا ڕۆڵیان بینیوه. "توورج ئه‌سڵانی" وه‌كو به‌ڕێوه‌به‌ری وێنه‌گرتن ساڵانێكه فیستیڤاڵه جۆراوجۆره نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا به‌شدارییه‌كی سه‌ركه‌وتوانه‌ی بووه و كۆمه‌ڵێك خه‌ڵاتی گرنگی له‌سه‌ر ئاستی جیهان به‌ده‌ستهێناوه، "بێ نیشتمان" سێیه‌مین به‌رهه‌می بڵندی سینه‌مایی ئه‌م ده‌رهێنه‌ره نوێخوازه‌ی كورد دوای فیلمی سینه‌مایی "بارهه‌ڵگریی زێڕ" Gold Runner و فیلمی سینه‌مایی "جینگۆ" GINKGO دێته ئه‌ژمار. فیلمی سینه‌مایی "بارهه‌ڵگریی زێڕ" له یه‌كه‌مین به‌شداری نێوده‌وڵه‌تی خۆیدا له به‌شی پێشبڕكێی سه‌ره‌كی "ڕه‌وته نوێیه‌كان" New Currents له بیست و سێیه‌مین خولی فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی "بووسان" Busan له شاری بووسان له وڵاتی كۆریای باشوور نمایشكراو كاندیدی خه‌ڵاتی باشترین فیلمی یه‌كه‌م و دووهه‌می ئه‌م ڕووداوه سینه‌ماییه بوو و له درێژه‌دا له به‌شی پێشبڕكێی "سینه‌مای جیهان" World Cinema له حهوتهمین خولی فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی "دهۆك" Duhok له هه‌رێمی كوردستان نمایشكراو "تووره‌ج ئه‌سڵانی" بۆ ده‌رهێنانی ئه‌م به‌رهه‌مه سینه‌مایی خه‌ڵاتی "به‌هره‌مه‌ندی نوێی" New Talent به‌ده‌ستهێناو له لایه‌ن ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌رانه‌وه، خه‌ڵاتی "گه‌ڵای مێو" و له‌وحه‌ی فه‌خری پێبه‌خشرا. ئه‌م به‌رهه‌مه سینه‌مایی له درێژه‌ی به‌شدارییه جیهانییه‌كانی خۆیدا له به‌شی پێشبڕكێی فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی "چاتراپاتی شیواجی" Chhatrapati Shivaji له وڵاتی هیندستان چووه‌سه‌ر په‌رده‌ی سینه‌ماكان و خه‌ڵاتی باشترین سیناریۆی ئه‌م ڕووداوه سینه‌ماییه به "توورج ئه‌سڵانی" و "هادی نادی" به‌خشرا. خاك - مه‌نسوور جیهانی
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure