31/5/2020 10:26 PM

سه‌نته‌ری میدیای دیجیتاڵی: جیهان له‌به‌رده‌م هێرشدایه‌

سه‌نته‌ری میدیای دیجیتاڵ (DMC) هۆشداری له‌ روودانی ده‌یان هێرشی سیبرانی ده‌كات كه‌ له ‌داهاتوودا بكرێته‌ سه‌ر پێگه‌ ئه‌لیكترۆنییه‌كان و تۆڕو سیستمی زانیارییه‌ جیاوازه‌كان له‌ جیهاندا، كه‌ ره‌نگدانه‌وه‌ی نه‌رێنی له‌سه‌ر دۆخی عیراق ده‌بێت، كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی زۆر پشت به‌ سیستمی زانیاری جیهان ده‌به‌ستێت.

سه‌نته‌ری میدیای دیجیتاڵی له‌ راگه‌یه‌نراوێكدا روونیكردۆته‌وه‌ كه‌ به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆناو لێكه‌وته‌كانی له‌سه‌ر سروشت و شوێنی كاره‌كان، زه‌مینه‌یه‌كی له‌باری بۆ روودانی ئه‌وجۆره‌ هێرشانه‌ ره‌خساندووه‌، به‌تایبه‌تیش هه‌زاره‌ها كارمه‌ندی كۆمپانیاكان به‌هۆی ئه‌و بارودۆخه‌وه‌ ناچاربوون كاره‌كانیان له ‌ده‌ره‌وه‌ی شوێنی كاره‌كانیان و له ‌ماڵه‌وه‌ جێبه‌جێ بكه‌ن.

سه‌نته‌ری دیجیتاڵی میدیایی روونیشیده‌كاته‌وه‌، كه‌ ئه‌وكاره‌ی كارمه‌نده‌كه‌ له ‌ماڵه‌وه‌ به‌ئه‌نجامی ده‌گه‌یه‌نێت جیاوازه‌ له‌وه‌ی كه‌ ده‌وام‌ ده‌یكات، چونكه‌ شێوازه‌كانی پارێزگاریكردن له‌و ئامێرانه‌ی ئه‌و كاری له‌سه‌ر ده‌كات جیاوازه‌، كارمه‌نده‌كه‌ی ماڵه‌وه‌ به ‌شێوه‌یه‌كی ئاسایی له‌گه‌ڵ تۆڕی Wi-Fi هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كات، له‌به‌رئه‌وه‌ شێوازی پارێزگاریكردن له‌و ئامێرو تۆڕانه‌ی كه‌ له‌ناو كۆمپانیاكه‌دا بۆی دانراوه‌ جیاوازه‌، چونكه‌ سه‌رجه‌م ئه‌و ئامێرو تۆڕانه‌ پرۆتۆكۆڵی پاراستنی ئاست به‌رزییان تێدایه‌، جگه‌له‌وه‌ی ژێرخانی ئه‌و كۆمپانیایانه‌ چه‌ند چینێكی پارێزگاری له‌خۆده‌گرێت. وه‌ك له‌و راپۆرته‌دا ئاماژه‌ی پێكراوه‌ كه‌ به‌مدواییه‌ له‌لایه‌ن Eurasia Review ه‌وه‌ ده‌رچووه‌.

سه‌نته‌ره‌كه‌ پێداگری ده‌كات كه‌ له‌مباره‌دا مه‌ترسی دزه‌كردن به‌پێی پۆستی كارمه‌نده‌كه‌و ئه‌و زانیارییانه‌ی پێیده‌گات، هه‌روه‌ها ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ی له‌ناو كۆمپانیایه‌كه‌دا به‌ كارمه‌نده‌ دراوه‌ جیاوازه‌.

هه‌روه‌ها سه‌نته‌ره‌كه‌ جه‌ختیش ده‌كاته‌وه‌ كه‌ هه‌ندێك له‌ كۆمپانیاكان پێش سه‌رهه‌ڵدانی ڤایرۆسی كۆرۆنا، به‌گوێره‌ی چه‌ند مه‌رجێكی دیاریكراو كاریان ده‌كرد، تۆڕی پارێزراوی Wi-Fi به‌كارده‌هێنرا، ته‌نانه‌ت هه‌ندێك له‌ كۆمپانیاكان ئامێری تایبه‌تییان، به‌پێی پرۆتۆكۆڵێكی دیاریكراوی پارێزگاری بۆ ئه‌و كارمه‌ندانه‌ دابین كردبوو كه‌ له‌ ماڵه‌وه‌ كاریان ده‌كرد، به‌ڵام له ‌ئێستادا به‌هۆی كه‌ره‌نتینه‌وه‌ ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ كۆمپانیاكان رێگه‌یان به‌ كارمه‌نده‌كانیان دا تاوه‌كو له ‌ماڵه‌وه‌ كاربكه‌ن، هه‌رچه‌نده‌ ئاماده‌كارییان بۆ ئه‌مجۆره‌ سیناریۆیه‌ نه‌بوو، به‌هه‌مانشێوه‌ كارمه‌نده‌كه‌ دوای دۆخی كه‌ره‌نتینه‌، ئاماده‌یی تێدا نییه‌ تاوه‌كو بتوانێت هه‌ڵسوكه‌وت له‌گه‌ڵ بنه‌ماكانی دڵنیایی پێشووتری ناو كۆمپانیاكان بكات، به‌تایبه‌تیش كه‌ ئه‌و له‌ ماڵه‌وه‌ له‌سه‌ر ئامێره‌كانی خۆی كاریكردووه‌، تۆڕی ئه‌لیكترۆنی ئاسایی له‌به‌رده‌ستدا بووه‌.

به‌گوێره‌ی راپۆرتێكی Security brief وێرای ئه‌وه‌ی له‌ماوه‌ی رابردوودا هێرشی دیجیتاڵی له‌سه‌ر سه‌رجه‌م پیشه‌سازییه‌كان زیادیكردووه‌، به‌ڵام به‌گوێره‌ی ئه‌و راپۆرته‌ی ئاماژه‌مان پێكرد، له‌سه‌ر ئاستی جیهاندا، كه‌رته‌كانی بواری ته‌كنه‌لۆژیاو حكومه‌ت روبه‌ڕووی زۆرترین هێرش بوونه‌ته‌وه‌.

له ‌لایه‌كی تره‌وه‌، هێرشی چڕتر ده‌بینین كه‌ ئه‌وه‌نده‌ی تۆڕه‌كانی هێڵی پێشه‌وه‌ی رێكخراوه‌كانی تایبه‌ت به ‌ڤایرۆسی كۆرۆنای كردۆته‌ ئامانج، هه‌ر مه‌به‌ستیشی نییه‌ فڕوفێڵ له‌ دارایدا بكات، شاره‌زایانی بواری ئاسایشی دیجیتاڵی ژماره‌یه‌ك به‌ڵگه‌یان ده‌ستكه‌وتووه‌، باس له‌و باندو چه‌تانه‌ ده‌كات كه‌ به‌لایه‌نی كه‌م له‌لایه‌ن پێنج وڵاته‌وه‌ پاڵپشتی ده‌كرێن، له‌هه‌وڵی دزه‌كردنن بۆ ناو تۆڕه‌كانی ئه‌و رێكخراوانه‌، هه‌روه‌ها سه‌نته‌ری نیشمانی ئاسایشی سیبرانی (NCSC) له‌هۆشدارییه‌كدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ داوه‌ كه‌ جه‌رده‌كان به ‌شێوه‌یه‌كی پیشه‌ییانه‌ هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ تۆڕه‌كانی كۆمپیوته‌ر له ‌به‌ریتانیا ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها به‌دوای تازه‌ترین توێژینه‌وه‌دا ده‌گه‌ڕێن كه‌ له‌سه‌ر پێكوته‌ی ڤایرۆسه‌كان ئه‌نجام درابێت، وه‌ك رۆژنامه‌ی تلیگراف ده‌ریخستووه‌.

هه‌روه‌ها به‌گوێره‌ی راپۆرتێك كه‌ كۆمه‌ڵه‌ی توێژینه‌وه‌كان Positive Technologies  ئه‌نجامیداوه‌، ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ ژماره‌ی ئه‌و بانگه‌شانه‌ی به‌ مه‌به‌ستی گه‌یشتن به‌ تۆڕه‌كانی كۆمپانیا جیاوازه‌كان، له‌ تۆڕه‌ نادیاره‌كانی ئینته‌رنێتدا بڵاوكراونه‌ته‌وه‌، له‌ چاره‌كی یه‌كه‌می ساڵی 2020دا به‌راورد به هه‌مان ماوه‌ی ساڵی 2019،  به‌ڕێژه‌ی له‌ 69% زیادیكردووه‌، جه‌رده‌و چه‌ته‌كان هه‌وڵ ئه‌ده‌ن كه‌ ئه‌و زانیارییانه‌ كه‌ كارئاسانی بۆ گه‌یشتن به‌ كۆمپانیا پیشه‌سازییه‌كان ده‌كات بفرۆشن، هه‌روه‌ها بۆ گه‌یشتن به‌ كۆمپانیاكانی خزمه‌تگوزاری پیشه‌یی و پاره‌دان و كۆمپانیا زانستی و فێركارییه‌كان و ته‌كنه‌لۆژیای زانیاری.

ئه‌وه‌شی په‌یوه‌ندی به ‌عیراقه‌وه‌ هه‌یه‌، سه‌نته‌ری میدیای دیجیتاڵ ئاشكرایكردووه‌ كه‌ به‌ چه‌ند هۆكارێك، له‌وانه‌ حكومه‌ته‌ یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی عیراق نه‌یانتوانیوه‌ پارێزگارییه‌كی راست بۆ سه‌لامه‌تی سیبرانی له‌ عیراق دابینبكه‌ن، به‌گوێره‌ی ئه‌و راگه‌یانراوه‌ی كه‌ سه‌نته‌ره‌كه‌ له‌ رۆژی 1ی ئازاری 2020 ده‌ریكردووه‌، عیراق خۆی له‌و بواره‌دا له‌ پله‌یه‌كی نزمدایه‌، ئه‌وه‌ش وایكردووه‌ كه‌ ژێرخایه‌نی دیجیتاڵی له ‌عیراق لاواز بێت و به‌رده‌وام مه‌ترسی ئه‌و هێرشانه‌ی له‌سه‌ربێت كه ‌به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی ده‌كرێنه‌سه‌ر كه‌رتی زانیارییه‌كان له ‌جیهاندا.

سه‌نته‌ری میدیای دیجیتاڵی هۆشداریش ده‌دات كه‌ ئاماژه‌و پێدراوه‌كان ئه‌وه‌ ده‌رده‌خات كه‌ له‌ داهاتوودا هێرشی جیاوازو جۆری سیبرانی رووبدات، ته‌نانه‌ت ئاكامه‌كانیشی دیارینه‌كراو ده‌بن، به ‌شێوه‌یه‌ك لێكه‌وته‌ی مه‌ترسیدار له‌سه‌ر قوربانیان دروستده‌كات، ئینجا قوربانییه‌كان له‌ئاستی تاكدا بێت یان كۆمپانیا گه‌وره‌كان و دامه‌زراوه‌كانی سه‌ر به‌ ده‌وڵه‌ت بێت.

خاك - سه‌نته‌ری میدیای دیجیتاڵی 




created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved