3/6/2020 10:12 AM

ناوەندی دیموکراسی و تەکنەلۆژیای ئەمریکا سکاڵای لەدژی ترەمپ تۆمار کرد

هەر وەکو چاوەڕوان دەکرا هەوڵەکانی ترەمپ بۆ سنووردارکردنی یاسای پشتگیریی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەگەڵ لەمپەرێکی یاسایی رووبەڕوو بووەوە. ناوەندی دیموکراسی و تەکنەلۆژیای ئەمریکا لەم دواییانەدا سەرۆکی ئەم ئەم وڵاتەی بە تاوانی دەرکردنی فەرمانە نوێیەکەی کە رێکخراوە حکومییەکان هان دەدا بۆ بەدواداچوون بۆ هۆکاری سڕینەوەی پۆستە کۆمەڵایەتییەکان، داوەتە بەر توێژینەوەی یاسایی. ئەم ناوەندە باس لەوە دەکات کە فەرمانە نوێیەکەی ترەمپ "بەتەواوی بۆ تۆڵەسەندنەوە" لە کردەوەکەی ئەم چەند رۆژەی تویتەر بووە و مەبەستی راگرتنی ئازادی رادەربڕینە.
لە دەقی سکاڵاکەدا هاتووە کە دژکردەوەی خێرای ترەمپ بەنیسبەت تاقیکاری راستبێژیی تویتەر ئەوە دەردەخات کە هیچ مەبەستێکی جگە لە تۆڵەسەندنەوە نەبووە. ناوەندی دیموکراسی و تەکنەلۆژیای ئەمریکا هەروەها باس لەوە دەکات کە فەرمانە نوێیەکەی ترەمپ دەسەڵاتی کۆنگرێسی ئەم وڵاتەی بۆ "پەسەندکردن و شرۆڤە"ـی مادەی ٢٣٠ـی یاسای Communications Decency" پێشێل دەکات؛ یاسایەک کە بەرپرسایەتیی ناوەرۆکی پۆستکراو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی دەخستە ئەستۆی بەکارهێنەران و ماڵپەڕەکانی نەدەگرتەوە.
"ئەلێکساندر گۆنز"ـی سەرۆکی ئەم ناوەندە لە راگەیەنراوێکدا دەڵێ کردەوەکەی ترەمپ "هێرشی راستەوخۆ"ـیە بۆ سەر ئازادیی رادەربڕین.
هەر وەکو چاوەڕوان دەکرا تویتەریش پشتگیری لەم سکاڵانامەیە کرد. ئەم کۆمپانیایە لە راگەیەنراوێکدا کە پێشتر بڵاوی کردبووەوە کردەوەکەی ترەمپی بە کارێکی تۆلەهەستێنانە و سیاسی شوبهاند لە هەمبەر یاسایەکی گرنگ کە دەتوانێ هەڕەشەیەک بێت لەسەر داهاتووی رادەربڕین لە سۆشیاڵ میدیادا.
ئاشکرایە کە لە داهاتوودا دەبێ چاوەڕوانی تۆمارکردنی سکاڵای زیاتر بین لە دژی ترەمپ و لە لایەکی دیکەوە ئەم سکاڵانامەیەی ئێستا دەتوانێ کۆمەڵێک دواهاتی بۆ پیشەسازی تەکنەلۆژیا هەبێت چونکە هەندێک لە بەرپرسانی مایکرۆسۆفت و مۆزیلا ئەندامی بەڕێوەبەرایەتی ئەم ناوەندەن.

 

سەرچاوە: engadget

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved