3/6/2020 10:18 AM

عەلی گەلاوێژ

دوکتۆر عەلی گەلاوێژ ساڵی 1922 لە ناوچەی بۆکان لەدایک بووە. ئەم پیاوە ناودارە لە باوکەوە بە ھۆزی فەیزوڵڵابەگی موکری و و لە دایکەوە دەچێتەوە سەر بنەماڵەی ئەردەڵان. باوکی دکتۆر عەلی گەلاوێژ، برایم سەلاح فەرماندەی سوپای کۆماری کوردستان بووە. عەلی گەلاوێژ بەھۆی ئەوەی کە باوکی لە تەورێز ئەفسەر بووە ھەر لە منداڵییەوە لە تەورێز خوێندوویەتی و لە قوتابخانەی ناوەندیی فیردەوسی ئەو شارە لە ساڵی 1940 دبلۆمی وەرگرتووە.
پاش ساڵی 1941 کە دەوڵەتە سەرکەوتووەکانی شەڕی دووەمی جیھانی ئێرانیان داگیر کرد باوکی عەلی گەلاوێژ لە سوپای ئێران دێتە دەرەوە و دەچێتە ناو سوپای کۆماری کوردستانەوە. ھەر لە بەر ئەمە بە ماڵەوە دەگەڕێتەوە بۆ کوردستان. لە کاتێکدا کە کۆمار دادەمەزرێ دەوڵەتی کۆماری کوردستان لە مەھاباد نزیکەی 60 کەس لە لاوە کوردەکان دەنێرێ بۆ شاری باکۆ لە کۆماری ئازەربایجان بۆ خوێندن کە یەکێک لەو خوێندکارانە عەلی گەلاوێژ بووە.
عەلی گەلاوێژ بەر لە رۆیشتنی بۆ دەرس خوێندن لە دەرەوەی وڵات رۆمانێکی نووسیبوو کە ھەرگیز چاپ نەکرا و ئێستاش دەستنووسەکەی نەماوە، بەڵام ئەو رۆمانە ھەر بەسەرھاتی داھاتووی خۆی بوو. ناوی رۆمانەکەش "بارام و گوڵنار" بوو.
کاتی گەیشتن بە کۆماری ئازەربایجان (باکۆ) بە دەستووری کۆماری کوردستان عەلی گەلاوێژ لە زانکۆی ئەفسەری ناونووسی دەکا تا پاش دەرس تەواو کردن وەک ئەفسەرێکی پسپۆڕ و لە سوپای کوردستان دا خزمەت بکا. بەڵام کاتێ کە زل ھێزەکان لە تاران فەرمانی رووخاندنی کۆماری کوردستان دەدەن و قازی محەمەد و ھەڤاڵانی لە دار دەدەن عەلی گەلاوێژ لە زانکۆی ئەفسەری دێتە دەرەوە و لە زانکۆی ئابووریی ڕامیاری ناونووسی دەکا و دوای چەند ساڵ دەرەجەی دۆکتۆرای ئابووریی سیاسی وەرگرت. ناو دۆکتۆرانامەکەی کە بە زمانەکانی ڕووسی و تورکی چاپ کرا ئەوە بوو: پەیوەندی ئابووری کشتوکاڵی لە کوردستانی ئەمڕۆی ئێران.
عەلی گەلاوێژ پاش بەینێک دەبێتە مامۆستای زانکۆی باکۆ. و ھور لە بواری پسپۆری خۆیدا وانە دەڵێتەوە و دوایی دەبێتە ئەندامی ئاکادیمی زانستەکانی ئازەربایجان.
لە ساڵی 1946 کە دەگاتە باکۆ و دوای ماوەیەک گەورە ھێزان کۆماری کوردستان دەڕوخێنن عەلی گەلاوێژ لەگەڵ )دکتۆر رەحیم قازی (برای محەممەد حوسێن سەیفی قازی رۆژنامەی کوردستان ئۆرگانی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە باکۆ دەردەکەن و بێژەری رادیۆ حیزبیش دەبێت. دواتر دەچێتە نێو حیزبی توودەی ئێرانەوە و دەینێرن بۆ وڵاتی بولغارستان و لەوێ دەبێتە بێژەری رادیۆ پەیکی ئێران بە زمانەکانی کوردی فارسی و تورکی.
پاش شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی 1978 دێتەوە بۆ تاران و لەگەڵ ھاوڕێیانی لە حیزبی توودەی ئێراندا دەست دەکەنەوە بە تێکۆشانی سیاسی. دکتۆر عەلی گەلاوێژ لە حیزبی توودەدا ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی بەشی کوردستان بووە. عەلی گەلاوێژ کەوتە بەر شەپۆلی ئێعدامەکانی ساڵی  1988 و بە تاوانی خەباتی سیاسی لە زیندانی ئەوینی تاران لەسێدارە درا.

 

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved