3/6/2020 08:38 PM

ئەحمەد محەمەد؛ ئارمی شیعری گۆرانی کوردی!

ئەی تەمەنی پڕ ئەسرینم
ئەڕۆی ئاوڕ نادەیتەوە
لەگەڵ هەموو هەنگاوێكتا
لەعومری من ئەسڕێتەوە

 
ئەحمەد محەمەد شاعیرێكی ناوداری كوردستانە،ئەو رێچكەیەكی تایبەتی لەشیعرنووسیندا گرتۆتەبەر، ئەویش نووسینی شیعری گۆرانییە، زۆرترین شیعری جوان‌وناسكی رۆمانسی بۆ گۆرانی نووسیوە. لەم بوارەدا شاسوارێكی بێ‌ هاوتایە. ئەو زیاتر لە 300 تێكستی شیعری لەسەرانسەری كوردستانی گەورەدا كراوە بەگۆرانی، چەندین هونەرمەندی ناودار شیعرەكانیان كردووە بەگۆرانی‌و ئاوێزانی موزیكیان كردووە‌و سەدایەكی سیحراویان پێبەخشیوە.
هونەرمەندانی وەك ( كەریم كابان، ناسراری رەزازی، عەدنان كەریم، ئاڤان جەمال، كەمال محەمەد، دیاری قەرەداخی، دانا غەنی، لەیلا فەریقی، رێبوار بەنگینە، هانی)‌و چەندانی تر شیعرەكانی ئەویان كردووە بەگۆرانی.
شیعرە جوان‌و بەرزرەكانی ئەحمەد محەمەد جێگەی سەرنجی شاعیران‌و هونەمەندانی ناسراوی كوردستان بووە. هەریەك لە( شێركۆ بێكەس، ئەنوەر قەرەداخی، بێژەن كامكار، ناسری رەزازی، نامدار قەرەداخی) لەگۆشەنیگایەكی جیاوازەوە، تیشك دەخەنە سەر شیعرەكانی ئەحمەد محەمەد‌و وەك شاعیرێكی بەتوانا‌و تایبەتمەندی بواری شیعری گۆرانیی كەم وێنە بۆی دەڕوانن، كە خاوەنی زۆرترین شیعری ئەو بوارە‌و بێ‌ ركابەرە.
شێرکۆ بێکەس بەئارامی شیعری گۆرانی کوردی وەسفی کردووە.
ئەحمەد محەمەدی شاعیر، ساڵی 1967 لەگەڕەكی كانێسكانی شاری سلێمانی لەدایك بووە.
قۆناغەكانی خوێندنی سەرەتایی‌و ناوەندیی لە‌و شارە تەواو كردووە.
لەسەرەتای ژیانی گەنجییەوە خولیای دنیای شیعر بووە، لە كۆتایی هەشتاكاندا شیعرەكانی بڵاو كردۆتەوە. خاوەنی چەندین نامیلكەی شیعرییە لەوانە: ( عەشقباران، ئەستێرەباران، حۆزگەی وەریو، دەشتی نێرگز، وەرزی گۆچان، هەتاوی سارد).
زۆربەی شیعرەكانی ناو ئەو نامیلكانەی كۆكردۆتەوە‌و لە دوو توێی دیوانێكدا بەناوی (تەمەن) چاپ‌و بڵاوی كردۆتەوە.
چەند ئەلبومێكی شیعرەكانی بەدەنگی خۆی‌و باست حەمە غەریب و د.دڵشاد مستەفاو شوان عەتوف و ناھد حسێنی و چەندانی تر لەگەڵ موزیكدا بڵاو كراوەتەوە.
چەندین كۆڕی شیعر خوێندنەوەی لەشارەكانی كوردستان‌و دەرەوەی وڵات سازداوە، جەماوەرێكی زۆر بەشداری كۆڕەكانیان كردووە.
لەپای ئەو خزمەتە زۆرەی لەرێی شیعرەكانییەوە پێشكەشی كردووە، چەندین خەڵاتی رێزلێنانی لەلایەن ناوەندە رۆشنبیری‌و میدیایی‌و هونەری‌و زانستییەكانەوە پێبەخشراوە.
لەلایەن نووسەران‌و توێژەرانەوە لێكۆڵینەوە لەسەر شیعرەكانی نووسراوە‌و بەسەرسامی لەجوانی شیعرەكانی راماون!.

 

چراكانی نیشتمان - خەلیل عەبدوڵڵا

خاك - زاموا زاهیر



هەواڵی زیاتر

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved