3/6/2020 09:50 PM

یەکەم خانمە ڕەشپێست کە خەڵاتی ئۆسکاری وەرگرت

"ھاتی ماکدانێل" بە یەکەم ژنە ڕەشپێست ھەژمار دەکرێت کە خەڵاتی ئۆسکاری بردبێتەوە...
پاش مردنی بۆچی نەیانھێشیت لە گۆڕستانی ھۆلیوود بینێژن؟!

خانمە ئەکتەری "شانۆ و سینەما و کۆمیدیا و گۆرانێبێژ و موزیکدانەر "ھاتی ماکدانێل کە خاوەنی زیاد لە "سێ"سەد بەرھەمی ھونەرییە، لە ساڵی ١٩٤٠ دا براوەی خەڵاتی ئۆسکار بوو وەک باشترین ئەکتەری یاریدەدەر بە ڕۆڵی " مامی " لە فیلمی بەناوبانگی سینەمایی " لەگەڵ بادا ڕۆیشت ".

بیرھێنانەوەیەک:
کۆمەڵێک دیمەن ھەیە لە بیرەوەری منداڵی زۆرماندا ماوە ئەو کاتانەی تەماشای ئەفلام کارتۆنی "تۆم و جیری"مان دەکرد زۆرجار قاچی ژنێک دەردەکەوت کە ئارەزوومان دەکرد دەموچاوی ببینین تاوەکو بزانین کێیە!؟ وە شێوازی دەرکەوتنەکەش تەنھا قاچی ژنێکی قەڵەوی رەشپێشت بوو بە جووتێک نەعلەوە، ئەو ژنەش خانمە ئەکتەری ئەمریکی و بە رەگەز ئەفریکایی"ھاتی ماکدانێل" بوو...

لە نێوان ڕاستی و ناڕاستیدا:
لە بارەی ئەم خانمەوە دوو چیرۆک دەگێڕنەوە، یەکەمیان سەبارەت بەوەیە کە گوایە بابەتی ڕەگەزپەرستی بەرامبەر ئەم خانمە رەشپێستە ئەنجامدرابێت بەتایبەت لە ساڵی ١٩٤٠ دا و لە کاتی بردنەوەی خەڵاتی ئۆسکاردا لە ژوورێکی جیادا خەڵاتەکەیان پێ بەخشی بێت، بەڵام ئەمەیان تا رادەیەکی یەقین دوورە لە راستیەوە، چونکە ھەتا ئێستا ھیچ سەرچاوەیەکی فەرمی نەبووە لەم بارەیەوە ئەم ھەواڵە پشت ڕاستبکاتەوە، ئەمە جگە لەوەی ئەم خانمە ئەکتەرە لە کاتی پێشکەشکردنی خەڵاتەکە پێی وتارێکی جوان و گرنگی پێشکەشکردووە.
چیرۆکی دووەم، بڕیار بووە پاش مردنی وەک ھەر ئەکتەرێکی ھۆلیوود و براوەی خەڵاتی ئۆسکار گۆڕەکەی بکەوێتە گۆرستانی ئەستێرەکانی ھۆلیوودەوە، بەڵام بە ھۆکاری رەشپێستیەکەی ئەو کارەیان بۆ ئەنجام نەداوە...!! راستی ئەم چیرۆکەیان پشتراستکراوەتەوە، چونکە پێشمردنی خۆی بەم جۆرە وەسیەتی کردووە:
"تابوتێکی سپی دەمەوێت، لەگەل کفنێکی سپی، گوڵی سپی لە قژم بدەن و وە ھەندێکی بکەنە دەستمەوە، بەتانییەکی گردینیا و سەرینێک بە گوڵی سوورم بۆ دابنێنن، ئەمەوێت گۆڕەکەم لە گۆڕستانی ھۆلیوود بێت".
بەڵام، پاش مردنی وەسیەتەکەی لە لایەن خاوەنی گۆڕستانەوە رەدکرایەوە سەبارەت بەوەی لە گۆرستانی ھۆلیود بینێژن، چونکە ڕای وابووە کە کەسێکی رەشپێستە و ناتوانرێت لەگەل سپی پێستەکاندا تێکەڵبکرێت و ھەربۆیە دواتر گواستیانەوە بۆ گۆرستانی "ڕۆزدێڵ".
ئەم ژنە تەنانەت لەلایەن خەڵک و ھاولاتی ڕەشپێستەکانەوە رووبەرووی رەخنەی تووند بۆوە، چونکە پێیان وابوو ئەو ڕۆڵانەی وەریگرتووە بۆ کەمکردنەوەی کەسایەتی رەشپێستەکان بووە، وەک ڕۆڵی خزمەتکار و کەسایەتی دڵرەق و ئەنجامدانی کاری نەشیاو و کۆیلایەتی.


سەرچاوە: Shadow-2020
خاك - زاموا زاهیر 




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved