4/6/2020 10:05 AM

سەفەرەکانی شەوبا

کامەران فەیزی
ڕۆمانێک لە سەر باسی کردەوەی بەختەوەر خوازانەی ئایدیایێک کە تەنیا خۆی بە مەشرووع ئەزانێت و مافی ژیان بۆ خۆی ڕەوا ئەبینێت، کوشت و بڕ بۆ بەختەوەرانە ژیان لە دونیایێکیترا.
ڕۆمان لە زمانی کەسێک بە ناوی "خۆی" کە شاهیدی عەینی ڕووداوەکانە و کە پێدەچێ "خۆی" هەمان "خۆم" بێت کە ئەیەوێ بێ لایەن شیکاری ئەو ڕووداوانە بکات ئەگێڕدرێتۆ.
سێ هاوڕێ لە سێ ناوچەی جیاوازۆ هەوڵ ئەدەن بچنە قووڵایی دین و دینداری و لەسەری لێکۆڵینەوە بکەن، لاواز بوونی بیر کردنەوە و بێ بەند و باری یەکێک لەو سێ هاوڕێ ئەبێتە هۆی دەرکردنی لە لایەن دوو هاوڕێکەیتریۆ، ئەو دەرکردنە هاوکات ئەبێت لەگەڵ بینینی دۆستێکی دێرینی خۆی کە ئایدیۆلۆژیستێک تۆخە و تێکڵاوی باوەڕی "پان ‌دینداری" ئەبێت و لە چەن ڕۆژا ئەبێتە ئیفراتیێک کە سەری یەکێک لە هاوڕێ دێرینەکانی خۆی ئەبڕێت و خۆی بە بەختەوەریش ئەزانێت.
ئەوەی بۆ من نامۆیە ڕێکەوتگەلێکە کە لام وا نییە بە هەڵکەوت بن، یەکێک لەوانە تەمەنی میرجندۆکەیێکە کە 605 ساڵیەتی کە ئەوە ژمارە تەمەنی ئیمپراتووری عوسمانیش بووە، چەن ڕێکەوتێکی‌تریش هەیە کە لام وایە ئەوانەیش ساڵی ڕووداوگەلێکن کە لە وڵاتی تورکیادان، کە هەر هەماڵ وڵاتی فێرگەی ئیفراتگەرایی ڕۆمانەکەیە.
لە ڕوانگەی "خۆی"ـەوە ئەو ئایدیا ژن بە چاوی کارەکەر و خزمەتکار ئەزانێت کە بۆ ماندوودەرکەری پیاو هاتوە و پیاویش بە پێی هێزێکە هەیەتی جوانترین و بەردڵترین‌یان هەڵئەبژێرێت، سرنجڕاکێشترین جێگای ئەویایە کە پیاوێک کە خۆی بە باوکی ئەو ئایدیا و نوێنەری دەستی باڵا ئەزانێت بە پێی تێر بوون لە ژنێک لە چەن مانگدا و هاتنی ژنێکیتر بۆ فێرگە کەیان، دەس لەو ژنی پێشو کە ژنێکی ناسراوی ئەکتێر و گۆرانیبێژە بە ناوی "جی لۆ"ـیە کە پێش ئەوەی نووسەر بیناسێنێ خوێنەر هەست ئەکا کێیە، هەڵئەگرێت و ئیزن نادات ژێردەسەکانیشی تامی بکەن بە پێی یاسا، و خۆی ژنە تازە ڕفێندراوەکە مارە ئەکات کە ئەویش ژنی سەرۆک کۆمارێکی ناسیاوی سەردەمە.
لە کۆتاییدا عەشق لە ڕوانگەی ئەو بیرەوە بە خۆکوژی کۆتایی پێ دێت تا وەکوو جیهانێکیتر ببێت و عاشق و مەعشووق یەک بگرنەوە تیا.
جیا لە ناوەڕۆکی ڕۆمانەکە ئەوەی چاوەڕێی خوێنەرە، نەسرێکی ڕەوان و ئەدەبیاتێکی دەوڵەتمەند و ڕەسەنە، کە زۆر بە کەمی قەرزی لە ئەدەبیاتی بیانی گرتووە.

رۆمانی سەفەرەکانی_شەوبا
نووسینی عەلی_حسەینی
لەبڵاوکراوەکانی ناوەندی گوتار




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved