4/6/2020 10:43 AM

چوار ساڵ تێپەربوو بەسەر کۆچی دوایی پرۆفیسۆر مستەفا زەڵمی

ئەم زانا گەورەیەی کورد لە ٤ی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٦دا بەیکجاری ماڵئاویی لێکردین، جێی ئاماژە بۆکردنە دواین دیداری تەلەفزیۆنی ئەم منەوەرەی کورد لەگەل خاك تیڤیدا بوو، هاوکات ناوەندی چاپەمەنی و ڕاگەیاندنی خاک لە ماوەی ڕابردوودا دکتۆر موستەفایان بەسەر کردەوە و چەپکە گوڵی رێز و وەفایان لەگەل کۆمەڵێک لە بڵاوکراوەکانی ناوەندەکەیان پیشکەش بەم زانا گەورەیەی کورد کرد پێش ماڵئاواییکردنی.

پرۆفیسۆر زەڵمی، هەمیشە بەڕەچەشکێنی و داهێنانەکانی دەناسرێتەوە، کۆمەڵێک قۆناغ هەن لە لاپەرەکانی ژیانیدا کەجێگەی تێڕامانە، وەک ئه‌وكاته‌ی دكتۆر موسته‌فا زه‌ڵمی له‌سلێمانی مامۆستای ئایینی بوو بڕیار ده‌دات تاقیكردنه‌وه‌ی شه‌شی  سەرەتایی بدات، ئه‌م هه‌نگاوه‌ بۆ ئه‌و كاته‌و بۆ مامۆستاییه‌كی ئایینی تاڕاده‌یه‌ك نامۆ ده‌بێت، دواتریش ئه‌وه‌ی له‌خوێندنی قوتابخانه‌ فێری بووه‌ رۆژانی سێ شه‌مه‌ به‌فه‌قێكانی شار نه‌ك ته‌نها فه‌قێكانی خۆی ده‌ڵێته‌وه‌
بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ته‌خته‌ ڕه‌ش له‌ژووری وانه‌ وتنه‌وه‌كه‌ی له‌مزگه‌وت دادەنێت و  وانەکان بە فەقێکان دەلێتەوە، کەئەمەش بۆیەکەم جاربوو تەختە ڕەش لە مزگەوتدا دابنرێت، و هەرچەندە لەلایەن زۆر کەسەوە دژایەتی ئەم هەنگاوەی کرا.

زەڵمی هەمیشە بەدوای زانست و زانیاریەوە بوو، ڕۆاژنە لەدوای ئیمامێتی دەچووە کۆلێژی یاسای ئێواران و وەک خوێندکار وەرگیرابوو، هەر ئەم شەیداییەی بۆ زانست وایکرد کەخۆی خانەنشین بکات لە ئیمامێتی و ڕووبکاتە وڵاتی میسر، بە داهاتێکی کەمەوە و لە ژیانێکی زۆر سەختی نەداریدا بتوانێت خوێندنی باڵا تەواوبکات، ئەوەی جێگەی تێڕامانە کە مەستەفا زەڵمی لەیەک کاتدا بە نهێنی خوێندکاری دوو زانکۆ دەبێت لە وڵاتی میسر، هاوکات یەکێکی تر لە سیفەتەکانی پرۆفیسۆر مستەفا زەڵمی ئەوەبووە کە هەرگیز ئارەزووی پلە و پۆستی نەکردووە و تەنها حەزیکردووە وەک مامۆستا بمێنێتەوە و وانە بە خوێندکارەکانی بڵێت، وەک دەلێت ناخۆشترین ساتی ژیانی ئەوەبوو کە پێیان وتم ببە بەڕاگری کۆلێژ و دەست لە مامۆستایی هەڵبگرە، بەڵام تەنها ماوەیەکی کاتی ئەم پۆستەی وەرگرتووە و داوای کردووە کەسێک دابنرێت لە شوێنەکەی و بگەرێتەوە سەر پیشەی مامۆستایی، دکتۆر موستەفا یەکەم مامۆستای زانکۆیە لە عێراقدا کە بەپێی بڕیارێکی تایبەت خانەنشینی لەسەر لابرابوو، بۆی هەبوو هەتا لە ژیاندایە و توانای هەیە بتوانێت وانە بلێتەوە لە زانکۆ، بەبێ ئەوەی خانەنشین بکرێت.


گرنگترین وێستگەکانی ژیانی پرۆفیسۆر زەڵمی:

_دكتۆر مستەفا زەڵمی ساڵی 1924 لە گوندی زەڵمی سەر بە پارێزگای سلێمانی لە هەرێمی كوردستان لە دایك بووە‌.

- ساڵی 1934 چۆتە قوتابخانەی ئایینی‌ و لەسەردەستی مامۆستایانی پسپۆڕ‌و شارەزا لە زانایانی ئایینی عێراق‌و ئێران زانستەكانی: (نەحو، سەرف، مونازەرە، مەنتیق، بەلاغە، ئوسولی دین، ئوسولی فیقه، فەلسەفە، بیركاری، فەلەكناسی) خوێندووە.

موستەفا زەلمی ئارەزویەکی زۆری خوێندنی هەبوو چەندین هەوراز و نشێوی بڕیوە ڕووبەڕووی زۆرترین نەهامەتی و سەختی ژیان بۆتەوە لە پێناو دەسکەوتنی زانست زۆربەی زۆری ناوچەکانی کوردستانی باشور و ڕۆژهەڵاتی بڕیوە لەسەرەتای تەمەنیدا. پاشان ئیجازەی مەلایەتی وەردەگرێت.
- ساڵی 1946 بڕوانامەی (عالیم)ی لەزانستە ئیسلامییەكان بەدەستهێناوە لە ئەنجوومەنی زانستی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی سەر بە وەزارەتی ئەوقاف.

پاشان دەچێتە ناو سوپا و دەبێت بە ئیمامی سوپا و لە (جەلەولا ) جێگیر دەبێت، موستەفا زەلمی کاریگەری گەورەی هەبووە لە شۆرشی ١٤ەی تەموزی ساڵی ١٩٥٨ و لەگەل رێخراوی ئەفسەرە ئازادی خوازەکاندا پەیوەندی دەبەستێت و چەندین ئەرکی گرنگی پێدەسپێردریت لەگەل چەندین کوردی تری نیشتمان پەروەر لە پێناو بەدەست هێنانی مافەکانی گەلی کوردا تێدەکۆشێت، پاش شکست هێنانی شۆرش و هەلگەرانەوەی سەرانی شۆڕش لەگەل میلەتی کورد، دکتۆر موستەفا زەلمی پەیوەندی خۆی بەسەرانی شۆرش دەبچرینێت و زیاتر گرنگی دەدات بە زانستەکەی.

 هەرچەندە موستەفا زەلمی ، مەلا بووە و شارەزای بواری شەریعەی ئیسلام بووە بەلام هەمیشە ئارەزووی بەدەست هێنانی زانست و زانیاری زیاتری هەبووە بۆیە بیر لە خوێندنی یاسا دەکاتەوە و هەرچەندە ژیانی هاوسەرگیری پێکهێناوە و خاوەنی خیزان و منداڵ بووە لەو کاتەدا ، و لەگەل سەختی ژیاندا بەلام کۆڵی نەداوە لە بەدەست هێنانی زانست و زانیاری و دەبیتەوە بە خوێندکاری زانکۆ و سەرئەنجام بە نمرەیەکی زۆر بەرز لە ساڵی 1965 بەكالۆریۆسی بەدەستهێناوە لە یاسا لە زانكۆی بەغداد. هەروەها لەساڵی 1968 ماستەری لە شەریعە بەەدەستهێناوە لە زانكۆی بەغداد.

 هەر لە پێناو بەدەست هێنانی زانست و زانیاری زیاتر بیر لەوە دەکاتەوە وڵات جی بیلێت و خۆی خانەنشین بکات لە ئیمامی سوپا کە موچەیەکی بەرزیشی هەبووە لەو کاتەدا. بەڵام هەمیشە زانستی بە گرنگتر زانیوە لە هەموو شتێک و ڕوو دەکاتە خاکی میسر بۆ خوێندنی زیاتر و بە ژیانێکی زۆر سەخت خوێندن تەواو دەکات.

- ساڵی 1971 ماستەری وەرگرتووە لە لە فیقهی بەراوردكاری لە زانكۆی ئەزهەر.
-ساڵی 1973 ماستەری لە یاسا بەدەستهێناوە لە زانكۆی ئەزهەر‌.
- ساڵی 1975 دكتۆرای لە فیقهی بەراوردكاری بەدەستهێناوە.
- ساڵی 2004 دكتۆرای لە یاسا بەدەستهێناوە لە زانكۆی بەغدا.

 دکتۆر زەڵمی یەکێکە لە مامۆستا هەرە بەناوبانگەکانی کۆلێژەکانی یاسا لە زانکۆکانی عێراق وە لەسەردەمی مامۆستایەتیدا زۆرترین خەڵات و ڕێزلێنانی وەرگرتووە، وە یەکەم مامۆستای زانکۆیە لەسەر ئاستی عێراق کە بە بڕیارێکی تایبەت فەرمانی خانەنشین نەکردنی بۆ دەرچووە تا ئەو ساتەی توانای هەبێت و ویستی هەبێت بتوانێت وەک مامۆستا بمینێتەوە.

دکتۆر زەلمی دەستێکی باڵای هەیە لا دانانی کتێبی مەنهەجی بۆ کۆلیژی یاساکان کە ٤ کتێبی وەک مەنهەج دەخوینرێت لە هەر چوار قۆناغەکەی کۆلێژی یاسا وە یەک کتێبی لە ماستەر و کتێبێکی تری لە دکتۆرا دەخوێندرێت . وە کتێبەکانی لە زانکۆکانی عێراق و ئەردەن و ئەندەنوسیا و یەمەن دەخوێندرێت.
- زیاتر لە پەنجا پەڕتووكی داندراوی هەیە لە بوارەكانی شەریعە‌و یاسا‌و، زیاتر لە چل توێژینەوەی زانستی هەیە لە بوارەكانی یاسا‌و فەلسەفە‌و فیقه.

-سەرپەرشتیكردنی زیاتر لە 100 نامە‌و تێزی دكتۆرا‌و ماستەر لە بوارەكانی ئوسولی فیقهو فەلسەفە‌و یاسا‌و شەریعە.
-بەشداری ژمارەیەك زۆر كۆنگرەی كردووە لە ناوەوە‌و دەرەوەی عێراق.
- دکتۆر زەلمی لێپرسراوی دەستەی زانستی کۆڕبەندی هزری ئیسلامی کوردستان بووە.
لە ماوەی ژیانیدا دکتۆر موستەفا لە پای کۆشش و توانای زانستی چەندین خەڵاتی ناوخۆی و نێودەوڵەتی بەدەست هێناوە.

 
کلیل بکە بۆ بینینی چاوپێکەوتنی خاك لەگەل پرۆفیسۆر زەڵمی

ئامادەکردنی: زاموا زاهیر
س/ کاروانی ژیانم-موستەفا زەڵمی 







created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved