به‌هۆی پابه‌ندنه‌بوون به مه‌رج و رێنماییه‌كانی ته‌ندروستی و رێكاره‌كانی خۆپارێزی، لیژنه هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی ژماره‌یه‌ك شوێن داده‌خات و سه‌رۆكی لیژنەکانیش هۆشیاری به خاوه‌ن شوێنه‌كان ده‌دات و ده‌ڵێت: سه‌رپێچیكاران روبه‌ڕووی رێكاری یاسایی توند ده‌كرێنه‌وه. له‌شكر حه‌مید سه‌رۆكی لیژنه هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی رایگه‌یاند: به‌هۆی پابه‌ندنه‌بوونیان به مه‌رج و رێنماییه‌كانی كاركردن و خۆپارێزی له ڤایرۆسی كۆرۆنا، لیژنه هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌ت حه‌وت شوێنكاری سه‌رپێچیكار له شاری سلێمانی داده‌خات. وتی: شوێنه‌كان پێشتر ئاگاداركراونه‌ته‌وه كه پابه‌ندی رێنماییه‌كانی خۆپارێزه‌و ته‌ندروستی بن به‌ڵام به‌رده‌وامبوون له‌سه‌ر سه‌رپێچیكردن كه له (كافتریای كۆستۆ، سه‌رتاشخانه‌ی كاوه، گه‌سی شكار، خواردن و خواردنه‌وه‌ی هه‌نوله، هه‌ردوو ئارایشتگای مه‌یلی و ریشماو فڕنی كولێره‌ی سروشت) پێكهاتوون. وتیشی: به‌هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی ژماره‌ی توشبووان به ڤایرۆسی كۆرۆنا، پێیوسته شوێنه‌كانیش زیاتر پابه‌ندبن به مه‌رجه‌كانی ته‌ندروستی و رێكاره‌كانی خۆپارێزی توندتر بكه‌نه‌وه، به‌پێچه‌وانه‌وه سه‌رپێچیكاران له‌لایه‌ن لیژنه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانیه‌وه روبه‌ڕووی رێكاری یاسایی توند ده‌كرێنه‌وه. روونیكرده‌وه: له‌گه‌ڵ به‌رزبونه‌وه‌ی ئاستی مه‌ترسی بڵاوبونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا، ئاوات محه‌مه‌د قائیمقامی سلێمانی لیژنه هاوبه‌شه‌كانی راسپارد به‌دواداچوون بۆ جێبه‌جێكردنی رێنماییه ته‌ندروستیيه‌كان و رێكاره‌كانی خۆپارێزی بكه‌ن، به‌كارهێنانی ده‌ستكێش و ده‌مامك و دانانی مادده‌ی پاكژكردنه‌وه‌ی له هه‌موو شوێنه‌كان كراوه‌ته یه‌كێك له مه‌رجه سه‌ره‌كیه‌كانی كاركردن، لیژنه‌كانیش رۆژانه به شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام به‌پێی خشته‌یه‌كی دیاریكراو له (24) سه‌عاتدا له ئه‌ركدان و سه‌ردانی دوكان و بازاڕ‌و شوێنه گشتییه‌كان ده‌كه‌ن، له‌كاتی هه‌بوونی سه‌رپێچیدا شوێنه‌كه‌و خاوه‌نه‌كه‌شی روبه‌ڕووی رێكاری یاسایی توند ده‌كه‌نه‌وه. سه‌رۆكی لیژنه هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌ت ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد: به فه‌رمانی قائیمقامی سلێمانی سه‌رجه‌م ئه‌و شوێنانه داده‌خرێن و خاوه‌نه‌كانیشیان روبه‌ڕووی رێكاری یاسایی توند ده‌كرێنه‌وه. خاك - راگه‌یاندنی قائیمقامیه‌تی سلێمانی
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure