13/6/2020 07:55 PM

کۆرۆنا و نەخۆشی شەکرە


توێژەران باس لە پەیوەندیی دوو لایەنەی کۆڤید-19 و نەخۆشی شەکرە دەکەن، بە جۆرێک کە شەکرە دەبێتە هۆی قورسبوونەوەی نیشانەکانی کۆڤید-19 و کۆرۆناش دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی نەخۆشیی شەکرە. 
کۆڤید-19 نەخۆشییەکی سیستەمی هەناسەدانە بەڵام کاریگەریی لەسەر بەشەکانی دیکەی جەستەش دادەنێت، هەر لە نەمانی هەستکردن بە بۆن و تام هەتا ئازاری گورچیلە و دڵ. ئاسەواری ئەم نەخۆشییە مەرگهێنەرە هەر بەوەندە کۆتایی نایەت و بەپێی توێژینەوەی "کینگز کۆلێژ"ـی لەندەن هەندێک نیشانەی تووشبوون بە نەخۆشی شەکرە لە نەخۆشانی کۆرۆناییدا دەبیندرێت. هەروەها ئەو کەسانەی نەخۆشی شەکرەیان هەیە بە سەختی تووشی کۆڤید-19 دەبن. 
گلۆکۆز شەکرێکی سادەیە کە سووتەمەنی سەرەکی خانەکانی جەستەیە. ئەو کەسانەی تووشی نەخۆشی شەکرە دەبن پرۆسەی بەرهەمهێنانی ئانسۆلین کە ئەنزیمی هەرسکردنی شەکری خوێنە، دەوەستێت یان ئەوەی کە جەستەیان بەنیسبەت بەرهەمهێنای ئەم ئەنزیمە هیچ هەستیارییەکی نامێنێت و لە دەرئەنجامدا رادەی شەکری خوێن بەرز دەبێتەوە و کێشەی گەورە دروست دەکات. 
پرۆژەیەکی توێژینەوەیی نێودەوڵەتی بە ناوی "CoviDiab Registry" بە بەشداری 17 پسپۆڕ بۆ تۆمارکردنی زانیاری سەبارەت بە پەیوەندیی نێوان کۆرۆنا و شەکرە دەستی پێکردووە. هەرچەند هێشتا پەیوەندییەکی ئاشکرا لەنێوان ئەم دوو ئازارەدا دەستنیشان نەکراوە بەڵام بەپێی ئەم توێژینەوەیە ئەگەر هەیە کە کۆڤید-١٩ ببێتە هۆی کۆمەڵێک بشێی لە سیستەمی مێتابۆلیزمی گلۆکۆزدا. بەپێی ئامارەکان 20 بۆ 30٪ـی قوربانیانی کۆرۆنا نەخۆشی شەکرەیان بووە و ئەم بابەتە ئەگەری پەیوەندیی نێوان ئەم دوو نەخۆشییە زیاد دەکات. 

 

سەرچاوە: slashgear

خاک _ پشکۆ کامەران

 




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved