15/6/2020 04:34 PM

ئێمە خۆمان دەژین یان چیرۆکەکانمان؟

دوکتۆر ڕه‌هبه‌ر مه‌حموودزاده‌

 به زۆر هۆ ئەو پرسیاره پرسیارێکی یەکجار دژواره. بەم حالەشەوە ئەو پرسیاره هەوێنی خولقانی ڕۆمانی “هەنار و فریشتەی مردن” له نووسینی عەتا محەمەدە.
نووسەر هەتا کۆتایی ڕۆمان وڵامێکی ڕوون و ڕاستەوخۆ بەم پرسیاره تەوەرەیییه ناداتەوە بەڵام خوێنەر دەتوانێ وڵامی دەق بەم پرسیاره بدۆزێتەوە.
کاراکتێری سەرەکی ڕۆمان کۆڕێکی ئاوارەی کوردی خەڵکی سلێمانی‌یه بەناوی سەربەست کە له ستۆکهۆڵم دەژی. خوێنەر دواتر ئاگادار دەبێتەوە که سەربەست ساڵانێک لەمەوبەر له شەڕی براکوژیدا کوژراوه. ئەگەر سەربەست مردووه ئەدی ئێستا چۆن دەور دەگێڕێ و هەموو ڕووداوەکانی ناو ڕۆمان له دەوری بوونی سەربەست‌دا بیچم دەگرن؟ ئایا ئەمە هەر بەتەنیا بەهۆی ئاماده بوونی ڕەگەزی ڕیالیزمی سیحراوی لەناو ڕۆمان‌دایه؟
وڵامی ئەو پرسیاره نابێ زۆر دژوار بێ. لەبەر ئەوەی سەربەست کاراکتێری ناو چیرۆکێکە کەوابوو به زیندوو ئەژمار دەکرێ. واته چونکە سەربەست “چیرۆک”ێکی هەیه هەر بۆیه زیندووه. ڕەنگە خوێنەر لەم ئەنجامەوە بگا به ئەنجامێکی دیکەش: ئەو مرۆڤه زیندووانەی چیرۆکێکیان نییه هەتا دەوری تێدا بگێڕن له ڕاستی‌دا مردوون. کەوابوو وڵامی پرسیاری بەرایی دەرکەوت: ئێمه زیاتر لەوەی خۆمان بژین، چیرۆکەکانمان دەژین. به دەربڕینێکی دیکە مرۆڤ له سۆنگەی ئەوەی چیرۆکەکانی دەژی، خۆشی دەژی.
ئەم مەزەندەیه له لایەن دەقی ڕۆمانەوە پشت‌ڕاست دەکرێتەوە: کاتێک هەناری هاوڕێی سەربەست پرسیار له فریشتەی مردن دەکا کە ئەگەر کاری ئەو مراندنی مرۆڤەکانه، ئەدی لەگەڵ کاراکتێری ناو ڕۆمانه بەناوبانگەکان چ دەکا، فریشتەی مردن پێی دەڵێ ئەمە یەکێک له ئاستەنگه گەورەکانی سەر ڕێگای ئەوە، چونکه مرۆڤ به خولقاندنی کاراکتێری ئەوتۆ که له ڕاستی‌دا نەمرن، دژ به یاسای سروشت جووڵاوەتەوە.
یەکێک له ناسراوترین یاساکانی سروشت ئەسڵی دووەمی تێڕمۆدینامیکە که دەڵێ له هەموو سیستمەکان‌دا به تیپەڕینی کات “ئانتڕۆپی” بەرەوژوور دەچێ. ئانتڕۆپی به زمانی ساده و خۆماڵی هەمان پیری‌یه؛ یان بڵێین کەم بوونی وزه و چوونە سەری ڕادەی ناڕێکوپێکی‌یه. ئەدەبیات لێرەدا دژ به فیزیک دەجووڵێتەوە: هاملێتی شکسپیر ئەمڕۆ لەچاو دەورەی خودی شکسپیر زیندووتر و بەگوڕ تره. حەمه بچکۆلی بۆیاخچی شێرکۆ دوای ئەو هەموو ساڵانه نە پیر و کەنەفت بووه و نه لەبیر چۆتەوە، هەر زیندووه و هەر لەو تەمەنەدا خەریکە پەیڤه مێژووییەکەی دووپات دەکاتەوە: تۆ بازەرگان قاچت دانێ، تۆ پارێزەر قاچت دانێ، تۆ مامۆستا قاچت دانێ، ئه‌فسەر، سەرباز، جاسوس، جەللاد، کوڕی باش و هەرچی و پەرچی، هەر هه‌مووتان یەک له دوای یه‌ک قاچتان دانێن.
لەم تێمه سەرەکییه که “هەر کەسێک بۆ ئەوەی زیندوو بمێنێتەوە دەبێ چیرۆکێک بژی”، ورده تێمی دیکەش لەناو ڕۆمانەکەی عەتا محەمەددا له دایک دەبن: جاری وایه بۆیه تڕاژێدی سەر هەڵدەدا چونکه کەسێک چیرۆکێکی هەڵه دەژی، چیرۆکی خۆی ناژی:
بابی ساکار هاوکاری بەعس بووه. دوای ڕووخانی بەعس بابی بەو تاوانه دەکوژرێ. چارەنووسی بابی ساکار ـ خۆش یان ناخۆش ـ بەدەر له چیرۆکی خۆی نییه، بەڵام کارەسات کاتێک سەرهەڵدەدا کە ساکار لەجیاتی چیرۆکی خۆی دەبێ چیرۆکی بابی بژی. کوڕێک بەڕواڵەت حەز له ساکار دەکا و لێی نزیک دەبێتەوە. ساکار بۆ پێسەلماندنی خۆشەویستییەکەی جەستەی خۆی لەبەر دەستی دەنێ، کەچی کوڕه دسدرێژی پێ دەکا و له کاتی دەسدرێژی کردنەکەدا پێی دەڵێ ئەمه له تۆڵەی ئەوەی بابت له کوشتنی ئامۆزاکەم‌دا دەستی هەبووه. ساکار چۆن ئەو کوڕه تێ‌بگەیێنێ کە ئەمه چیرۆکی کەسێکی دیکەیه و چیرۆکی خۆی نییه.
پێکهاتەی ڕۆمانەکەی عەتا محەمەد وێکچوونێکی لەگەڵ پێکهاتەی “دەربەندی پەپووله”ی شێرکۆ بێکەس‌دا هەیه. له دەربەندی پەپوولەی شێرکۆدا زۆر ورده شێعری پەڕەوازه وەکوو چۆلەکە دەنیشنە سەر ڕستی هێڵه سەرەکییەکەی شێعر. له ڕۆمانی عەتاش‌دا زۆر ورده گێڕانەوە له پەراوێزی گێڕانەوەی سەرەکی ڕۆمانەکەدا جێی خۆیان دەکەنەوە. هەموو ئەوانه وێڕای هەندێک تەکنیکی پۆست‌مۆدێڕن کروتەونی ڕۆمانەکەی عەتا محەمەدیان پێک هێناوه.
ئێمه خۆمان دەژین یان چیرۆکەکانمان؟ ئێمه زیاتر لەوەی خۆمان بژین، چیرۆکەکانمان دەژین. کەوابوو ئەگەر هەتا ئێستا چیرۆکی ژیانی خۆت نەدۆزیوەتەوە، “خێرا کە مردن خەریکە بگات”.

 

سەرچاوە: ماڵی کتێبی کوردی

خاک _ پشکۆ کامەران



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved