19/6/2020 10:39 AM

جەلالی میرزا کەریم



ئەم شاعیری کۆچکردوو جەلالی میرزا کەریم   ساڵی ١٩٣٥ لە شاری سلێمانی و لە خێزانێکی دیاری ئەو شارە ھاتۆتە جیھانەوە و قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتایی، ناوەندی و ئامادەیی لە شارەکەی خۆی خوێندووە. سەرەتای خەباتی ڕامیاریی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٥٥، کە بووەتە ئەندامی یەکێتی گشتیی قوتابیان و ھەر لەو قۆناغەدا دەستیداوەتە ھۆنراوە ھۆنینەوە و لە سەرەتادا کەوتبووە ژێر کاریگەریی ھۆنراوەکانی مامۆستا گۆران، بەڵام دواتر کە ئەزموونی هۆنەری دەوڵەمەند دەبێت، دەبێتە خاوەنی دەنگ و ستایلی تایبەتی خۆی و لە کاروانی خەباتی ڕامیاریشدا پتر تێھەڵچووە و لە ساڵی ١٩٥٦ دا لەسەر چالاکی ڕامیاریی گیراوە و لەدوای بەرپابوونی شۆڕشی ١٤ی تەممووزی ١٩٥٨ ئازاد کراوە. لە سەرەتای ١٩٦٦دا تا ساڵی ١٩٧٠ بێژەر و وەرگێڕ بووە لە ڕادیۆی کوردی بەغداد ئەوسا چونکە سەر بە باڵی نوسینگەی سیاسی بوو بە هۆی ئەوانەوە بوو بە رۆژنامەنووسی ڕۆژنامەی"هاوکاریی" کە حوكومەتی عێراقی بەعس لە بەغدا دەریدەکرد.
جەلالی میرزا کەریم لەگەڵ چەند ھاوڕێیەکیدا، گۆڤارێکی بەناوی ھیوای کوردستان وەک ئۆرگانی یەکێتی گشتی قوتابیانی عێراق - لقی سلێمانی دەرچوواندووە و لە کۆتایی مانگی نیسانی ١٩٧٠ دا یەکێک بووە لە ھەڵسوڕاوانی بزووتنەوەی ڕوانگە کە یەکەم بەیاننامەیان بە واژووی حسێن عارف، شێرکۆ بێکەس، کاکە مەم بۆتانی و جەمال شارباژێری بڵاوکردەوە و دواتریش ٣ ژمارەیان لە بڵاوکراوەی ڕوانگە لە شێوەی پەرتووکدا بڵاو کردەوە کە زۆرینەی پێنووسە نوێخوازەکانی ئەو سەردەمە بەرھەمیان تێدا بڵاو دەکردەوە. ناوبراو لەدوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول-ەوە تا دوای ڕاپەڕینی ئازاری ١٩٩١، لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ژیانی بەسەردەبرد. رۆژی ١٤\١\١٩٩٣، بە نەخۆشی دڵ لە شاری ھەولێر کۆچی دوایی کرد و لە ڕێ و ڕەسمێکی تایبەت لە شاری سلێمانی بە خاک سپێردرا.
بەرھەمەکانی جەلالی میرزا کەریم لە ماوەی ژیانی ٥٨ ساڵیدا بریتی بوون لەمانە: کۆمەڵە ھۆنراوەیەک بەزمانی عەرەبی بەناوی الولادە لە ساڵی ١٩٨٢دا لە ئەمریکا چاپکراوە. شانۆنامەی سەنگەر لە ھەمان ساڵداو ھەر لە ئەمریکا چاپکراوە. نامیلکەی چرپەی ژانێکی نقووم بووی ھەر لە ئەمریکا ساڵی ١٩٩١ چاپکراوە. دیوانی ڕێگا دوورەکانی چاومانی دوای گەڕانەوەی بۆ کوردستان لەساڵی ١٩٩٢دا چاپکراوە.




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved