19/6/2020 01:40 PM

ڕانانی ڕۆمانی تاجه‌گوڵینه‌ تاجی دڕک

ئه‌حمه‌د باقلانی
ئەوە جیهان بۆ چۆڵ وا بووە؟!
ئەو ڕۆمانە زۆر ئەکادیمییانە نووسراوە، ڕووداوەکان زۆر جوان و بەشێوەیەکی زانستی و فیکریانە بەیەکەوە گریدراون.
باس لەدۆخی ئەمڕۆی مرۆڤایەتی دەکات،کە گیرۆدەی ڤایرۆسێکی کوشندەی جیهانی هاتوویین ،ئەویش ڤایرۆسی کۆڕۆنایە.
ئەو ڕۆمانە دەمانگەڕێنێتەوە بۆسەردەمی دروستبوونی مرۆڤایەتی،لە ئادەم و حەوا و،
چۆنیەتی سەرەتای قۆناغی ژیانی مرۆڤەکان و، نیشتەجێ بوون لەئەشکەوتەکان،بەمەبەستی خۆپارێزی لەئەگەری ڕوودان و حاڵەتی ترسناک.قۆناغی ئەمڕۆی گەڕاندۆتەوە بۆ سەرەتاکانی ژیان.کەچۆن لەسەرەتادا لەئەشکەوتەکان و دوورکەوتنەوە لەیەکتر گرنگ بووە ، قۆناغی ئەمڕۆش ئەو دوورکەوتنەوەیە دەخوازێت بگەڕێینەوە بۆ ئەشکەوت و دێهاتەکان بەمەبەستی خۆپارێزی.
هەژاری و، نەداری تێکۆشان بۆ ژیان، خۆشەویستی و سۆزداری و چۆڵ بوونی ماڵەکانی خودا! پێکهێنەری ڕۆمانەکەن.
دەقەکان لەجوانی و مانایی دا زۆرن.
نمونە دەخەمە ڕوو!
)ڕوو بە ڕوو بوونەوەی مەرگیش ئەزمونێکی زۆر سەیرە، ڕێک لە موسارەحەکردنی کچێکی بێ ئەندازە جوان و ناسک دەچێت. تالێی نزیکتر دەبیتەوە، هەزار و یەک خەیاڵی سەیر وسەمەرە داتدەگرێت، ترس و تۆقینی دنیا بەهەزار و یەک شێوەی جۆراو جۆر گەمارۆت دەدەن و تا ئاستی گیانکێشان ڕوحت دەگوشن، بەڵام کە ڕوو بەڕووی وەستایت، ڕێک وەک ئەو کچەی، عاشقانە داگیری کردوویت، ترس دەگۆڕێت بە جۆرێکی زۆر دەگمەن لە حەپەسان و سەرمەستبوون، کە خۆشت نازانیت ترس و تۆقینەکە چی لێهات(
)ئاخر نییەتی من چی بوو؟ من،تەنها خەیاڵێکی عاشقانەم دەربڕی و هیچی تر… تۆ بڵێی من هێندە بەندەیەکی ساڵح و کوڕێکی پاکی خواوەند بم، کە بۆ وەدیهێنانی دوعاکەم گەورەترین قوربانی کردبێت؟ ئاخر قوربانی لەوە گەورەتر چییە، کەهەموو مرۆڤەکان و داهێنان و پێشکەوتنەکانی گشت زانستەکانی مرۆڤایەتی بکاتە زەلیلی ڤایرۆسێک، کە هێندە بچووک و بێنرخە بەچاویش نابینرێت؟!)
(ئێمە دەتوانین بەرگەی ڤایرۆسەکە بگرین و چاکیش ببینەوە، بەڵام ئەوەی دەمانکوژێت مردنی خۆشەویستییە. ئیدی ئەگەر لەمەدا بشکێین ، ئەوا هەر بەڕاست ئاخر زەمان دەبێت)
(دڵنیا بە، هەر بەوەندە ڕازی نابێت، ئەوەتا هەموو ئاماژە و شێوازەکانی دەربڕینی خۆشەویستی قەدەغە کردووە، ئیتر ئەگەر یەکتریشمان خۆشبوێت، نابێت نە تەوقە بکەین ، نە باوەش ، نە ماچ ، نە تێکەڵبوون)
تۆ دەزانیت ڕوحی مێینە تەنها هەر لە ژندا نییە.
یانی چی؟
تۆ سەیربکە ، عیشقی یەعقووب و گریان و گیانکێشانی بۆ یوسفی کوڕە تاقانەکەی چەند دایکانەیە؟
بەڵێ یوسف تاقانەی ناو دڕەندەترین براکانی بوو.
ئەوەی گرنگە ئاماژەی پێبکەم هەڵسەنگاندنی ئەدەب و ڕەخنەی ئەدەب کاری من نییە.چونکە کەسی ئەزوموونتری دەوێت،کە قاڵبووبێتەوە لەوبوارەدا.
بەڵام دەتوانم لەڕوانگەی خوێندنەوەی خۆمەوە،بڵێم باشترین ڕۆمانی کوردی ساڵی۲۰۲۰ە.
بەتێڕوانینی خۆم بۆ دەقی ڕۆمانەکە باوەڕم وایە لە داهاتووش بە یەکەمین ڕۆمان دەمێنێتەوە کە لەناو ڕوو داوەکاندا نووسراوە.هەروەها گرنگە وەربگێڕدرێت بۆسەر زمانەکانی تر وەک عربی و ئینگلیزی،دڵنیام لەدوای وەرگێڕدران و بەراوردکردنیان بەو ڕۆمانانەی دەربارەی کۆڕۆنا نوسراون لەڕێزبەندی یەکەمەکاندا دەبێت.ڕیزبەندی بەرهەمی نووسەران و داهێنانی زانایانی کوردی وەک (کۆچەر بیرکار) جێگای شانازییە،کە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دەنگیدایەوە.

سەرچاوە: ماڵی کتێبی کوردی




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved