20/6/2020 03:20 PM

مەلالە بوو بە دەرچووی زانکۆی ئۆکسفۆرد

مەلالە یۆسف‌زی، براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی، واتە ئەو کچە مێرمناڵەی کە چەندین سال لەمەوبەر بەهۆی چالاکییەکانی لە بواری پەرەپێدانی بە خوێندن و فێرکاریی کچانی پاکستانی هێرشی کرایە سەر، خوێندنی  خۆی لە زانکۆی ئۆکسفۆرد کۆتایی پێ هێنا. مەلالە کە ئێستا تەمەنی 22 ساڵه، رۆژی هەینی لە تویتێکدا رایگەیاند کە لە زانکۆی ئۆکسفۆرد دەرچووە.
مەلالە یۆسف‌زی لە دۆڵی "سوات"ـی پاکستان کە یەکێک لە ناوەندە بەهێزەکانی چالاکیی گرووپی تالیبانە لەدایکبووە و هەر لە مناڵییەوە لە بواری فێرکاری و خوێندنی کچان و مافی مرۆڤدا چالاکی کردووە تا ئەوەی کە هێزەکانی تالیبان بڕیاری کوشتنی دەردەکەن.
رۆژی تیرۆرەکە هێزەکانی تالیبان ئەو پاسەی وا مەلالەی تەمەن 15 ساڵ و کۆمەڵێک قوتابی کچی تێدا بوو رادەگرن و پاش ئەوەی مەلالە دەدۆزنەوە فیشەکێک بە سەریەوە دەنێن. بەڵام مەلالە بەشێوەیەکی سەیرەسەمەرە لە مردن رزگاری  دەبێت و پاشان دەبێت بە روخسارێکی دیاری نێودەوڵەتی لە بواری فێرکاریی ژنان و کچاندا. ئەو پاش ئەم رووداوە بە فڕۆکە رەوانەی بەریتانیان دەکرێت و لە نەخۆشخانەی شاژن ئەلیزابێت لە بیرمەنگام چارەسەری بۆ دەکرێت.
مەلالە یۆسف‌زی ئێستا لە بواری فەلسەفە، سیاسەت و ئابووریدا بڕوانامەی زانکۆی  ئۆکسفۆردی وەرگرتووە، هەر ئەو بوارەی کە زۆرینەی رێبەرە دیارەکانی جیهان هەر لەم زانکۆیە بڕوانەمەکەیان وەرگرتووە، بۆ نموونە: بێ‌نەزیر بۆتۆی کۆچکردوو(سەرۆک وەزیرانی پێشووی پاکستان)، عەمرانی خان(سەرۆک وەزیرانی ئێستای پاکستان) و دەیڤید کامەرۆن(سەرۆک  وەزیرانی پێشووی بەریتانیا).

 

سەرچاوە: CNN

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved