20/6/2020 08:43 PM

دەمامك كۆتایی بەڵای كۆرۆنا خێراتر دەكات

بەپێی توێژینەوەیەكی تیمێكی هاوبەشی زانكۆكانی كامبریدج و گرینچی بەریتانی، پۆشینی دەمامك فاكتەری سەرەكییە بۆ كەمبوونەوەی بەڵای ڤایرۆسی كۆڤید-19.

لە توێژینەوەی تیمێكی هاوبەشی توێژەرانی هەردوو زانكۆی كامبریدج و گرینیچی بەریتانی پۆشینی دەمامك ڕێگە چارەیەكی زۆر گونجاوە بۆ هەڵگرتنی قەدەغەكردنی هاتوچۆ لە وڵاتانی جیهان و بوژاندنەوەی ئابوری كە بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆناوە جیهانی لە جوڵە خستبوو.

لەو توێژینەوەیەدا كە لە وەرزنامەی كۆمەڵەی شاهانەی بەریتانیادا بڵاوكراوەتەوە، توێژەرەوەكان ئاماژە بەوە دەدەن كە پۆشینی دەمامك بە شێوەیەكی بەرفراوان، هەمووان لە قۆناغكانی تری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە دەپارێزێت كە ڕەنگە لە ماوەكانی داهاتوودا سەرهەڵبداتەوە.

بەپێی توێژینەوەكە تەنانەت ئەو دەمامكانەی كە زۆر كارا نین دەتوانن تێكڕای گواستنەوەی ڤایرۆسەكە سنووردار بكەن ئەگەر بێتوو ژمارەیەكی زۆری خەڵك بەكاربهێنن، ئەمەش بۆ هەموو كەسێك وەك یەكە، ئەگەر هەڵگری ڤایرۆسەكە بن یان نیشانەكانی نەخۆشییەكەیان هەبێت یان نا.

توێژەرەوەكان دەڵێن: كاتێك كاریگەری گەورەی پۆشینی دەمامك دەردەكەوێت ئەگەر بێتو (%100)ی دانیشتوانی شوێنێك بیپۆشن، بەمەش دەتوانرێت پەتاكە كۆنترۆڵ بكرێت و بە شێوەیەكی باش دەتوانرێت ڕێگە لە بڵاوبوونەوەی بگیرێت.

ئەو توێژەرەوانە لەكاتی توێژینەوەكەیاندا چەند نموونەیەكی جیاوازییان تاقیكردووەتەوەو بۆیان دەركەوتووە گەر لە شوێنێكدا (%25)ی دانیشتوانەكەی دەمامكیان بەكارهێنابێت ئەوا رێگربوون لە بڵاوبوونەوەی سەرەتای نەخۆشییەكە، بەڵام گەر (%50) دانیشتوانی هەمان ناوچە دەمامك بەكاربهێنن ئەوا ڕێگردەبن لە دووبارە سەرهەڵدانەوەی ڤایرۆسەكەو بڵاوبوونەوەی.

ئەو توێژەرەوانە پێیانوایە تا زیاتر خەڵك دەمامك بپۆشن ژمارەی توشبووان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا كەمدەبێتەوە.

بەپێی ئەو نموونانەی كە توێژەرەوەكان ئامادەیان كردووە دەمامك پۆشین لە شوێنە گشتییەكاندا زۆر گرنگەو كۆتایهێنان بە بەڵای كۆرۆنا خێراتر دەكات.

ئەو توێژەرەوانە هۆشداری ئەوەشیاندا كە پێویستە خەڵك ئاگاداری ئەوە بن كە دەمامك پزیشكیی بێت یان هەرزان بەهاو لە ماڵەوە دروستكرابێت ناتوانێت بەتەواوی لە مەترسی ئەو ڤایرۆسە بیانپارێزێت، هەربۆیە باش نییە لەكاتی دەمامك پۆشیندا كەسەكان ئازادانە دەستبەرن بۆ دەم و لوتیان، بەڵام پۆشینی دەبێتە ڕێگرێك لە بەردەم ئەو پرژانەی كە بەهۆیەوە ڤایرۆسەكە دەگوزارێتەوەو دەبێتە هۆی زیاتر بڵاوبوونەوەی و توشبوونی كەسانێكی زۆر.

لە كۆتاییشدا توێژەرەوەكان داوا لە حكومەتی وڵاتان دەكەن كە هانی هاووڵاتیانی خۆیان بدەن بۆ پۆشینی دەمامك بۆ كەمتركردنەوەی حاڵەتەكانی توشبوون‌و لە دواجاریشدا كەمكردنەوەی گیانلەدەستدانی ئەوانەی بەهۆی توشبوونیان بە ڤایرۆسی كۆڤید-19ەوە دەبنە قوربانی.

شیاوی باسە: چەند ڕۆژێكیش لەمەوبەر ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی ڕێنماییەكانی سەبارەت بە پێویستی پۆشینی دەمامك هەمواركردەوەو داوایكرد پێویستە هەمووان بۆ خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا دەمامك بپۆشن، چونكە بەوكارە ڕێژەی توشبووان بە پەتاكە كەمتر دەبێتەوە.

ئەمە لەكاتێكدایە كە پێشتر ئەو ڕێكخراوە ئاماژەی بەوە دابوو پۆشینی دەمامك تەنها بۆ ئەو كەسانە پێویستە كە تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون یان هەڵگری نیشانەكانی پەتاكەن.

 
خاك -  س: CNN




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved