22/6/2020 12:56 PM

عوسمان عەلی؛ دەنگێکی بەسۆز


چراکانی نیشتمان - خەلیل عەبدوڵڵا

عوسمان عەلی هونەرمەندێكی دیار‌و ناسراوی كوردستانە‌و لەرێی هونەری گۆرانییەوە خزمەتێكی زۆری بەهونەری كوردی كردووە‌و شوێن پەنجەی بەگەشەپێدانی ئەو هونەرەوە دیارە.
ساڵی 1944 لەگەڕەكی مەڵكەندیی شاری سلێمانیی شاری رۆشنبیری‌و هونەر لەدایك بووە.
هەر لەم شارە خراوەتە بەرخوێندن‌و تا پۆلی پێنجەمی سەرەتایی خوێندووە‌و بەهۆی بارودۆخی ژیانی تایبەتی خۆیەوە نەیتوانیوە درێژە بەخوێندن بدات.
بۆ بژێوی ژیانی خۆی‌و خانەوادەكەی ،مەیدانی كارو كەسابەتی هەڵبژاردووە‌و بەشێكی زۆری ژیانی سەرقاڵی كاری بەرگدروویی بووە‌و لەو بوارەدا دەست رەنگین بووە.
عوسمان عەلی پیاوێكی دڵسۆز‌و نیشتمانپەروەر بووە‌و لەساڵی 1963ەوە تێكەڵاوی ژیانی سیاسی بووە‌و بووە بەپێشمەرگە‌و هەردەم لەریزی گەل‌و نیشتمانەكەیدا بووە.لەسەردەمی شۆڕشی ئەیلولیشدا هونەری فەرامۆش نەكردووە‌و لەگەڵ تیپی مۆسیقای سلێمانی‌و تیپی مۆسیقای شۆڕش خزمەتی هونەری كوردی كردووە.
عوسمان عەلی لەسەردەمی ژیانی لاوێتییەوە خولیای هونەری گۆرانی بووە‌و لەساڵی 1965ەوە دەستی بەكاری هونەری كردووە‌و چل ساڵی تەمەنی بەخزمەتی هونەری گۆرانی كوردی بەخشیوە.
ئەندامێكی كارای تیپی مۆسیقای سلێمانی‌و یەكێتیی هونەرمەندانی كوردستان بووە‌و هاوكاریی تیپە مۆسیقییەكانی مەولەوی‌و شۆڕش‌و نەورۆزی كردووە.
ئەم هونەرمەندە گەورەیە لە بۆنە نیشتمانی‌و كۆمەڵایەتییەكان‌و كۆنسێرت‌و فیستڤاڵەكانی كوردستان‌و عیراق بەشداری كردووە.
هونەرمەند عوسمان عەلی خاوەنی چەندین گۆرانییە كە بەدەنگە بەسۆزەكەی تۆماری كردوون.
بەداخەوە ئەم هونەرمەندە ناسراوو گەورەیەی كورد لەشەوی 21 لەسەر 22ی حوزەیرانی 2005 لەكاتی چڕینی مەقامدا لەسەر تەختەی شانۆ گیانی پاك‌و بێگەردی بەجیهانی پیرۆزی هونەر بەخشی‌و چووە ریزی نەمرانی نیشتمانەوە.
درودی رێزو وەفا‌و ئەمەكداری بۆ گیانی پاك‌و پیرۆزی عوسمان عەلی هونەرمەندی گەورەو بەهەڵوێست.

خاك - زاموا زاهیر 




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved