22/6/2020 02:31 PM

شێخ مارف بەرزنجی: شەھیدی فکرو قەڵەم

چراکانی نیشتمان - خەلیل عەبدوڵڵا

شێخ مارف بەرزنجی تێكۆشەر‌و روناكبیرێكی گەورە‌و بەهەڵویستی كوردستانە‌و لەچەند رشتەیەكی كلتووریی كوردی وەك شاعیر‌و چیرۆكنووس‌و رەخنەگر خزمەتی كردووە‌و كەسێكی چەپ‌و خاوەن بیروباوەڕێكی شارستانی‌وپێشكەوتنخواز بووە‌و لەپێناوی بیرو باوەڕەكەیدا گیانی خۆی بەخشیوە.

شێخ مارف كوڕی شێخ عەبدولكەریمی قادركەرەمە، باوكی كەسایەتییەكی ناسراوو بەدیمەنی سەردەمی خۆی بووە. لەشوباتی 1921 لە ناوچەی قادركەرەم لەدایك بووە‌و لەباوەشی خانەوایەكی ئاینی‌و رۆشنبیردا پەروەردە بووە، قۆناغەكانی خوێندنی لە قادركەرەم‌و كەركوك ‌و بەغدا تەواو كردووە‌و ساڵی 1948 بڕوانامەی حقوقی لە بەغدا بەدەستهێناوە‌و لەشاری كەركوك بووە بەپارێزەر.

شێخ مارف لەكۆتایی سییەكانی سەدەی رابردوەوە، تێكەڵاوی جوڵانەوەی سیاسی بووە‌و لە ساڵی 1939 بۆتە ئەندامی حزبی هیوا، دواتر لە حزبی شیوعی عیراق درێژەی بەتێكۆشانی خۆی داوە،ساڵی 1954 لەگەڵ مامۆستا برایم ئەحمەد وەك نوێنەرانی بەرەی نیشتمانی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق پاڵێورا بوون، قانعی شاعیر ئەم شیعرەی بۆ وتون:

لاوی كوردی نیشتمانی مارف‌و نوری‌و بلە

چەندەها رۆڵەی تریش ئامادە بوون بۆ ئەم پلە

ساڵی 1958 ئەندامی دەستەی نوسەرانی گۆڤاری شەفەق بووە كە لەشاری كەركوك دەرچووە، بەرهەمەكانی لەم گۆڤارە‌و رۆژنامە‌و گۆڤارەكانی تری ئەو سەردەمەدا بڵاو كردۆتەوە، بەهۆی ئەوەی كە شێخ مارف كادرێكی دیارو چالاكی شیوعی بووە لەساڵی 1959 دەستگیر دەكرێ‌‌و دەدرێ‌ بەدادگای سەربازی‌و ئەو دادگایە بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ دەردەكات‌و تا ساڵی 1963 لەزیندان دەمێنیتەوە‌و تا لە 23ی حوزەیرانی ئەو ساڵەدا لەسێدارە دەدرێت، سەرباری ئەوەی كە بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ دەردەچێت‌و چوار ساڵ لەزیندان دەمێنێتەوە، ئەو بڕیارە نەیترساندووە‌و لەسەر هەڵویستە شۆڕشگێڕییەكانی بەردەوام بووە، لەزیندانەوە شیعرو چیرۆك‌و وتارە رەخنەییەكانی نوسیوە‌و بەناوی خۆی‌و نازناوی پشكۆ لەرۆژنامە‌و گۆڤارەكاندا بڵاو بۆتەوە.

شێخ مارف لەبەر ئەوەی خاوەنی فكری چەپ بووە، هەمیشە ئەو فكرە لەنوسینەكانیدا رەنگی داوەتەوە‌و هەردەم لایەنگرو پشتیوانی هەژاران‌و رەنجدەران بووە، سەرەتای نوسینی شێخ مارف بۆ ساڵانی كۆتایی سییەكانی سەدەی رابردوو دەگەڕێتەوە، یەكەم هۆنراوەی نەتەوەیی لەساڵی 1937 نوسیوە‌و ساڵی 1942 دەرفەتی بۆ رەخساوە لەرۆژنامەی دەستنووسیی باسەڕەی مامۆستا شاكر فەتاح كە لە قادر كەرەم دەرچووە، هۆنراوەكانی بڵاو بكاتەوە.

شێخ مارف چیرۆكیشی بەشێوەی تەكنیكی نوێ‌ نوسیوە‌و خاوەنی چەندین چیرۆكی جوان‌و ناوازەیە كە لە گۆڤارەكانی شەفەق‌و هیوا‌و روناهی بڵاوی كردونەتەوە، شارەزای بواری شانۆش بووە‌و شانۆگەری نوسیوە‌و رەخنە‌و لێكۆڵینەوەشی لەو بوارەدا پێشكەش كردووە
نوسینەكانی لەسەر مەم‌و زینی خانی‌و شانۆگەرییەكانی عەبدولڕەزاق بیمار‌و شیعرەكانی كامەران موكری نموونەیەكی جوانی لێكۆڵینەوە‌و وتاری ئەدەبی‌و رەخنەیین.

شێخ مارف لەپیشەی پارێزەریشدا پارێزەری هەژاران‌وجوتیاران‌و رەنجدەران بووە‌و بەپارێزەری هەژاران ناسرابوو، ساڵی 1993 چاپی یەكەمی بەرهەمەكانی كە لەئامادەكردنی مامۆستا عومەر مەعرووف بەرزنجی ‌و شێخ سامانی كوڕی شەهید بوو، بڵاو كرایەوە. چاپی دووەمیشی كە چەند بابەتێكی بۆ زیاد كراوە لەچاپخانەیە‌و بەم نزیكانە بەبەرگ‌و كاڵایەكی جوانترەوە بڵاو ئەبێتەوە.

ئەم كەسایەتییە هەڵكەوتووە سیاسی‌و روناكبیرییەی كوردستان لە23ی حوزەیرانی1963 لەسەر فكرو هەڵوێستە شۆڕشگیرییەكانی لەسێدارە درا‌و چووە ریزی شەهیدان‌و نەمرانی نیشتمانەوە.

درودی رێزو وەفا‌و ئەمەكداری بۆ گیانی پاك‌و پیرۆزی شێخ مارف بەرزنجی تێكۆشەری ئازا‌و روناكبیری بەهەڵویست‌و شەهیدی فكر‌و قەڵەم.

 

خاك - زاموا زاهیر




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved