27/6/2020 03:12 PM

ژیان بەردەوامە...

زایۆن، ئەو گەنجە وورزشوانە تەمەن 22 ساڵەیە کە بە بێ قاچ لەدایک بووە و هیوای ئۆڵۆمپیادی لە دڵدایە."زایۆن کلارک" بە هۆی کێشەیەکی جینەتیکی بە ناوی "کۆنیشانەی کۆدال رێگرێسیۆن" هەر لە سەرەتای لەدایکبوونیەوە قاچی نەبووە بەڵام بە پشتیوانی خێزانێک کە لەڕاستیدا خێزانی خۆی نین تواناییە ناوازەکانی دەرخستووە.
ئەو باسی رابردووی خۆی دەکات و دەڵێ لە خانەی بێ سەرپرشتان گەورە بووە و زۆر جار ئەبوومە گاڵتەجاڕی مناڵانی‌تر. بەڵام زڕدایکەکەی واتە "کیمبرلی" هەمیشە ئاگاداری لێ ئەکرد و هەر ئەم پشتگیرییانەی کیمبرلی بووە هۆی ئەوەی زایۆن لە وەرزشدا سەربکەوێت و ئێستا یەکێک لە پرۆفیشناڵترین وەرزشوانانی بواری زۆرانبازییە.
زایۆن دەڵێ: "پۆلی دووی سەرەتایی بووم کە زۆرانبازیم دەست پێ کرد. قەڵافەتێکی بچووکم بوو. نە من دەمزانی چی بکەم نە رکابەرەکەم. هەندێک لە مناڵەکان دەترسان لەگەڵ من زۆرانبازی بکەن. منیش هەستێکی لەو چەشنەم بۆ ئەوان هەبوو. هەر نەمدەزانی بۆ لەوێم. پاش چەندین ساڵ بە هەر جۆرێک بێت فێر بووم. ئێستا شەش رۆژ لە هەفتەدا راهێنان دەکەم و هەر رۆژەی دوو جار. ئیتر زۆرانبازی بۆتە بەشێک لە ژیانم. حەزم نەدەکرد کەمئەندام بوونم بەر بە هیواکانم بگرێت".


ئەو باسی سەردەمی قوتابخانە دەکا و دەڵێ کە گاڵتەیان پێ ئەکردم زۆر تووڕە ئەبووم، بەڵام دواتر هاتمە سەر ئەو باوەڕەی کە لە هەڵسوکەوتی نەشیاوی دەوروبەریانم پەیژەیەک دروست بکەم بۆ سەرکەوتن. لەڕاستیدا ئەوانەی وا قینیان لێمانە باشترین هاندەرمانن.
یەکێک لەو هۆکارانەی کە زایۆنی بەم ئاستە گەیاند و بوو بە هەوێنی گۆڕانکاری لە ژیانی زۆر کەسدا، لەڕاستیدا روانگەی پۆزەتیڤی خۆی و ئەو پەیوەندییە باشەیە کە لەگەڵ "کیمبرلی" هەیەتی. ئەو دەڵێ: "پەیوەندیم لەگەڵ دایکم زۆر باشە، دایکم باشترین ژنێکە کە تا ئێستا بینیومە". زایۆن دەڵێ هیوادارم رۆژێک لە یارییەکانی ئۆڵۆمپیاد دەرکەوم  و ببەم بە یەکەمی وەرزشی زۆرانبازی.

 

سەرچاوە: dailymail

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved