28/6/2020 03:39 PM

کتێبی "لە خەوما"

دکتۆر فەرهاد پیرباڵ
نۆڤلێتی لە خەوما نووسراوی جەمیل سائیب (۱۹۵۰-۱۸۸۷) کە لە کۆتاییەکانی ساڵانی حەفتادا خوێندمەوە. یەکەمین بەرهەمی کورد بوو کە دژی سەرکردەیەکی کورد و دەسەڵاتێکی کوردی نووسرابێت. من ئەم دیاردە و تایبەتمەندییەم بەلاوە تازە و گرنگ و هەندێک سەمەرەش بوو … لە سەری زۆر ڕاوەستام.
پێش ئەم بەرهەمەی جەمیل سائیب کە ڕەخنەیەکی زۆر توند و تیژ لە عەقڵیەتی شێخ مەحموود و سیستەمی سیاسی و ئیداریی حکوومەتەکەی شێخ مەحموود دەگرێ لە ساڵانی بیستەکاندا، من هەرگیز پێشتر نەمدیبوو نووسەرێکی کورد ڕەخنەی هێندە هەژەند لە دەسەڵاتێکی کوردی و ڕێبەرێکی سیاسی نەتەوەکەی خۆی بگرێت.
من لەم دیاردە ڕەچەشکێنەی ناو مێژووی چیرۆکی کوردییەوە زۆر شت فێر بووم. بۆ من نوقتە وەرچەرخانێک بوو. بێگومان لە بواری توێژینەوەی ئایدیۆلۆژی و ئێستاتیکی و نەوەناسی و توێژینەوەکانی چیرۆکنووسیشەوە… ئەم نۆڤلێتە بایەخی گرنگی خۆی هەیە؛ تەنانەت لە بەستێنی ئەو لێکۆڵینەوانەشدا کە بایەخ دەدەنە سەرهەڵدانی ڕێبازە ئەدەبییەکان و پەرەسەندنی ژانرەکاندا لای کورد بە تایبەتی ئەوەی پەیوەندیی بە نۆڤلێت و رۆمان و چیرۆک یان پەیوەندییان بە ڕێچکەکانی ڕیالیزمەوە هەیە.
نۆڤلێتی لە خەوما بە زنجیرە، لە ۱۹۲۵/۷/۱ لە ژمارە (۲۹)ی (ژیانەوە) تا ژمارە ۲۶ ئنجا لە ژمارە (۱)ی (بەیان) لە ۱۹۲۶/۷/۲۹ تا ژمارە (۲۶) بڵاوکراوەتەوە. پاشان جەماڵ بابان لە ۱۹۷۵ دووبارە بڵاوی کردۆتەوە.
لە خەوما باس لە ملاملانێیەکی توندوتیژ دەکا لە نێوان تاکەکەسی کورد و دەسەڵاتێکی دکتاتۆری عەشایەرییانەی کورد، زۆرانبازییەکی تراژیدییە لە نێوان پیاوێکی بەلەنگاز کە هیوای بەوەیە لەسای ئەو حکوومەتە کوردییەدا کارێک بۆ خۆی پەیدا بکات تا بتوانێ ماڵ و منداڵەکانی خۆی بەخێو بکات…
کەچی بێ ئەوەی هیچ گۆناهێکیشی کردبێ، هەموو ئومێد و ئارەزووەکانی خۆی تا هەتایە لەناو زیندانێکدا دەدۆزێتەوە!
جەمیل سائیب لەو رۆژگارەدا شتێکی گوتووە کە تا ئەمڕۆش هەر نوێخوازە، بەپێچەوانەی ئەوانەی هەن و باون… شتێکی گوتووە پەیوەندیی بە جەنگی تاکەکەسەوە هەیە دژی دەسەڵات، شەڕی گەنج دژی پیر، شەڕی دیموکراسی دژ بە سیستەمی عەشایەر، پەیوەندیی بە ئازادی و خۆ ئازادکردنەوە هەیە لەدەست دیسیپلینەکانی ئیدارەیەکی گەندەڵ و دکتاتۆر کە بەناوی«حکومەتی نەتەوەیی» و مەلیکاتیی کوردستانەوە خەڵکی گەنج و هەژار و بەلەنگاز دەڕووتێننەوە؛ لە کۆتاییشدا فڕێیان دەدەنە ناو زیندانەکانەوە.
لەگەڵ ئەم نۆڤلێتەی جەمیل سائیب، سەرەتایەک بۆ سروشتی تاکڕەوباوەڕی Individualisme دەست پێدەکات لە ئەدەبی کوردیدا، بەمەش مۆرکی سروشتێکی تاکەکەسییانە وردە وردە دەنووسێتە سەر بیر و بۆچوون و ڕاستییەکانی ناو ئەدەبی کورد.
خوێنەری کورد بۆ یەکەمین جار لەم نۆڤلێتەوە دەگاتە ئەو قەناعەتەی کە لە ئەدەبیاتدا بۆچوونەکانی هونەرمەند دەشێ قووڵ و جوان و کاریگەر بن بەڵام مەرج نییە بە دڵی هەموو کەسێک بن؛ گرنگ ئەوەیە بە گوێرەی هونەرمەندەکە خۆیەوە راستگۆ بن.
ئەم دیدە تازەگەرەی جەمیل سائیب بێگومان تەنانەت بەگوێرەی سەردەمی ئەمڕۆشەوە تازەیە. چونکە تا ئەمڕۆش لاساییکردنەوەی واقیع و ئاراستەی عەقڵ و خۆگونجاندن و تەبایی و لەسەر نیزام ڕۆیشتن باوە؛ زۆر کەس جارێ هێشتا نەیانتوانیوە تێگەیشتنی جیهان لە چاوی پاڵەوانەوە تەماشا بکەن.
لە هەموو سەردەمێکی تاریکدا بینینی شەخسی و گۆشەنیگای تاکڕەوانە بۆ جیھان وەک شزوورێک و تەنانەت موستەحیل دێتە بەر چاو. ئەگەر سەریش هەڵبدا ئەوا پێویستە نووسەر تەنیا لەڕێگەی خەونێکەوە ئەو دید و هوشیاییەی خۆی دەرببڕێت… وەک خەونی کۆمێدیا خواوەندییەکەی «دانتی» یانیش وەک وەهم و هەلوەسە و شێتایەتییەکەی «دۆن کیشۆت».
خەون و وەهم و هەلوەسە و شێتایەتیش، وەک هۆشیاربوونەوەیەکی تاکەکەسیانە وایە کە تازە خەریکە گەراکانی خۆی لەناو کۆمەڵگای تۆتالیتار و لەناو ئیدارەی عەشایەرگەریدا دادەنێ.

جێگای ئاماژەیە ئەم بابەتە لە پەرتووکی «ئەو کتێبانەی ژیانیان گۆریم» نووسینی دکتۆر فەرهاد پیرباڵ وەرگیراوە.

 

سەرچاوە: Kurdishbookhouse

خاک _ پشکۆ کامەران



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved