29/6/2020 04:01 PM

عەترێک کە بۆنی ئاسمانی لێ دێت

لەوانەیە لە هەواڵەکاندا گوێتان لێ بووبێت کە یەکێک لە سەرنجڕاکێشترین تایبەتمەندییەکانی بۆشایی ئاسمان ئەو بۆنە سەیر و تایبەتەیەتی. خاتوو "ئەنووشە ئەنساری" کە خەڵکی ئێرانە و یەکەم گەشتیاری بۆشایی ئاسمانە ساڵی 2066 بە سەرفکردنی تێچوویەکی زۆر لە "بایکۆنۆر"ـی کازاخستانەوە  گەشتی بۆشایی ئاسمانی کرد. ئەم خاتوو لە بیرەوەرییەکانیدا دەڵێ سەرەتا پێیان وتم ئەگەر گەیشتینە بۆشایی ئاسمان هەناسەی قووڵ هەڵمەکێشە چونکە بۆشایی ئاسمانی بۆنێکی هەیە و لەوانەیە ئازارت بدات. بەڵام من ئەو بۆنەم بە تەواوی هەڵمژی و زۆر ناوازە بوو.
ئەگەر ئێوەش حەزتان لەوەیە ئەم بۆنە ئەزموون بکەن دەبێ خۆشحاڵ بن چونکە کۆمپانیایەکی عەترسازیی بەتەمایە عەترێک دروست بکات کە بۆنی بۆشایی ئاسمانی لێ دێت. ئەم عەترە کە ناوی "Eau de Space"ـە بۆنی بۆشایی ئاسمانی لێ دێت و لەلایەن "ستیو پیرس"ـەوە دیزاین کراوە. پیرس کیمیازانە و کۆمپانیایەکی دامەزراندووە بە ناوی Omega Ingredients و خەریکی دروستکردنی مەوادێکە کە تام ئەدات بە خواردنەوە و خۆراکەکان.
بە گوتەی یەکێک لە ئاسمانگەڕان کە پێشتر لە وێستگەی ئاسمانیی نێودەوڵەتی بووە، بۆنی بۆشایی ئاسمان هاوشێوەی بۆنێکە کە پاش تەقاندنی فیشەک هەستی پێ ئەکەیت. ئەو دەڵێ ئەم بۆنە تاڵە و بۆنی سووتان و دووکەڵی لێوە دێت.
بەرپرسی کۆمپانیای بەرهەمهێنەری ئەم عەترە گوتوویەتی کە وەسفکردنی بەرامەی ئەم عەترە هەندێک ئەستەمە. بە گوتەی ریچمۆند(بەرپرسی کۆمپانیاکە) سەرەکیترین مەبەستی ئێمە لە بەرهەمهێنانی ئەم عەترە زیادکردنی هۆگری قوتابیانە بۆ خوێدن لە بواری ماتماتیک و زانستەکان لەلایەن شێوەی فێرکاریی ئەزموونخوازانەوە.  ریچمۆند گوتیشی لە داهاتوویەکی نزیکدا عەترێکی دیکەش دروست دەکەن بە ناوی "Smell of the Moon" کە بەپێی کاردانەوەی مشتەرییەکان دەربارەی ئەو عەترەی کە بۆنی بۆشایی ئاسمانی لێوە دێت، دروست دەکرێت.

 

سەرچاوە: CNN

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved