29/6/2020 04:04 PM

دەمامکێک کە قسە ئەکات بە نووسین

کۆمپانیایەکی ژاپۆنی پەرەی بە دەمامکێکی زیرەک داوە کە توانای جووت بوون لەگەڵ ئینتەرنێتی هەیە، دەنگ بەهێز دەکات و پەیامەکان لە زمانی ژاپۆنییەوە وەردەگێرێتە سەر 8 زمانی دیکە.
ئەم دەمامکە پلاستیکییە سپییە ناوی "C-mask"ـە و لەلایەن کۆمپانیای "Donut Robotics"ـەوە دروست کراوە. ئەم بەرهەمە کە بەڕواڵەت هاوشێوەەی دەمامکی ئاساییە، لەلایەن "بلۆتووس/ Bloutooth"ـەوە لەگەڵ مۆبایل یا تابلێت جووت ئەبێت و کۆمەڵێک توانایی هەیە کە بریتین لە: قسە ئەکات بە نووسراوە، پەیوەندیی تەلەفوونی دروست دەکات و دەنگی بەکارهێنەرەکەی بەهێز دەکات.
"Taisuke Ono"ـی بەرپرسی کارگێڕیی "Donut Robotics" دەڵێ ئەوان چەندین ساڵە بۆ پەرەپێدانی رۆبۆتێکی رێنوێن کە ناوی "Cinnamon"ـە هەوڵ ئەدەن و ئێستا بە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیایەک کە لەم رۆبۆتەدا هەیە، بەرهەمێکیان دروست کردووە کە کارکردەکەی بەپێی گۆڕانکاری لە ژیانی خەڵک بەهۆی کۆرۆناوە پێکهاتووە.
ئەندازیارانی Donut Robotics بەشوێن دروستکردنی بەرهەمێکەوە بوون کە یارمەتیان بدات بۆ تێپەڕبوون لە قەیرانی کۆرۆنا و دواجار بیرۆکەی دروستکردنی ئەم دەماکەی لێکەوتەوە. ئەم کۆمپانیایە پاش بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا تەنها گرێبەستێکی هاوکاریان لەگەڵ فڕۆکەخانەی "هانەدا"ـی تۆکیۆ هەبوو بۆ ئاراستەکردنی رۆبۆتی رێنوێن و وەرگێر کە بەهۆی دابەزینی رێژەی گەشتە ئاسمانییەکان، رۆبۆتەکانی ئەم کۆمپانیایەش بێ کەڵک ماونەوە.
ئەم کۆمپانیایە لە مانگی 9ـەوە پێنج هەزار دەمامکی C-mask ئاراستەی مشتەریانی خەڵکی تۆکیۆ دەکات و لەدرێژەدا ئەم بەرهەمە لە چین، ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئەوروپاش دەفرۆشرێت.
نرخی ئەم بەرهەمە ناوازەیەی کۆمپنیای Donut Robotics وەک باس دەکرێ 40 دۆلارە.

 

سەرچاوە: Reuters

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved