7/7/2020 03:40 PM

چەند شاکاری ئەدەبیاتی روسیا

روسیا وڵاتێکی پان و بەرین و سەرسوڕهێنەرە و مێژوویەکی پڕ لە هەوراز و نشێوی هەیە. لەم نێوەندەدا ئەدەبیاتی روسیا کە یەکێک لە دەوڵەمەندترین ئەدەبیاتەکانی جیهانە لەوانەیە زیاتر لە هەر بوارێکی دیکە سەرنجی خەڵکی وڵاتانی دیکەی بۆ لای خۆی راکێشابێت. لە رێگای ئەدەبیاتی روسیاوە دەتوانین بەشێکی گرنگ لە فەرهەنگ و نەریتەکانی ئەم وڵاتە بناسین و بە خوێندنەوەی کتێبێک لە نووسەرانی روسی دەتوانین بە ئاسانی هەست بە روسیایی بوون بکەین. لەم بابەتەدا بەتەماین چەند دانە لە شاکارەکانی ئەم ئەدەبیاتە دەوڵەمەندە بخەینە روو.

شەڕ و ئاشتی، لیو تۆلستۆی(1869)
قوتابیانی وڵاتی روسیا دەبێ لە دەورانی خوێندندا ئەم بەرهەمە حیماسییە بخوێننەوە و هەر کەسێک بیهەوێ روسەکان و فەرهەگەکەیان بناسێت دەبێ سەتاسەت ئەم رۆمانه بخوێنێتەوە. عیشق، مەرگ، ئیمان و ئەوەی وا بیری لێ دەکەنەوە لەلایەن تۆڵستۆیەوە لەم رۆمانەدا باسی لێوە کراوە. ئەم رۆمانە خاوەنی کۆمەڵێک کەسایەتییە کە هەر کامیان بە راوێژی خۆیان ئەدوێن و لەڕاستیدا نووسەر کۆمەڵگاکەی خۆی بە هەموو لاوازی و بەهێزییەکانییەوە نیشان داوە.

برایانی کارامازۆف، فیۆدۆر دۆستۆیۆفسکی(1879)
دۆستۆیۆفسکی لە دوایین رۆمانەکەی خۆیدا کەلێنێکی قووڵ دەخاتە رۆحی مرۆڤەوە. لەم رۆمانەدا بەسەرهاتی فیۆدۆر کارامازۆفی ترسناک، لەلایەن یەکێک لە مناڵەکانەوە ئەگێڕدرێتەوە و نووسەر بەشێوەیەکی پاڵەکی و خوازەیی بارودۆخی روسیا، مەسیحییەت و ئەو کێشە ئۆنتۆلۆژیکانە کە هەموو کەس لەگەڵیان رووبەڕوو دەبێتەوە وێنا دەکات.

یۆگنی ئانگین، ئەلەکساندر پۆشکین(1833)
ئەم رۆمانە‌شێعرە چیرۆکی کەسێکی تەڕپۆش و بەکارنەهاتووی سەدەی 19ـی روسیایە کە لەوانەیە بەڕواڵەت چیرۆکێکی تاقەتپڕووکێن بێت. بەڵام دەکرێ یۆگنی ئانگین بە یەکێک لە زیرەکانەترین بەرهەمە ئەدەبییەکانی مێژووی ئەدەبیاتی روسیا بهێنینە ئەژمار. کەسایەتی سەرەکی ئەم چیرۆکە کەسێکی بێ رۆح و ساردە بەڵام بەدواداچوونەکانی ئەم کەسایەتییە زۆر سەرنجڕاکێش و رۆشنگەرانەیە.

باخی بڵالوک، ئەنتوان چخۆف(1904)
چخۆف یەکێک لە سەرنجڕاکێشترین نووسەرانی مێژووە. چەشنی کەسایەتییەکانی ناو چیرۆکەکانی ئەم نووسەرە جۆراوجۆرن؛ لە کەسانی خۆشەویستەوە بگرە هەتا کەسانی نەفرەتی. شانۆنامەی باخی بڵالوک دوایین بەرهەمی شانۆیی چخۆفە کە لەوێدا دەگاتە لوتکەی هونەری نواندنەوەی تراژیدیای ژیانی رۆژانەی مرۆڤەکان.

 

سەرچاوە: rbth

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved