13/7/2020 04:03 PM

مناڵ و تەلەفزیۆن

لە جیهانی ئەمڕۆدا بە هۆی زۆر بوونی کێشە و گرفتەکانی ژیان، توش بوون بە نەخۆشییەکانی ڕووحی و فکریی و خەیاڵی و زۆر بوونی خەفەت و کێشە و گرفتی کۆمەڵایەتی و ماددی، بیری پەروەردە و بارهێنانی منداڵ وەک شتێکی گرینگ و بنەڕەتی ئەو جۆرەی کە دەبێ لە بەرچاو نییە و تا ڕادەیەک کەمتەرخەمی بنەماڵەکان لە هەمبەر ئەواندا بەدی دەکرێ. ئەمە لە حاڵێک دایە کە ئێمە یا زۆر بێ ئاگاین یا خود خۆمان بێ ئاگا دەکەین لەو ڕاستییە کە منداڵەکانمان موڵکی ئێمە نین، بەڵکوو ئەمانەتێکن کە لە گەردنی ئێمە دان و چاک و خراپ بارهێنانی ئەوان سبەینێ لە ناوە کۆمەڵگادا بەرۆکی خۆمان دەگرێتەوە. بۆیە پێویست دەکات بە هەست بە بەرپرسیارەتییەوە لە هەمبەر بارهێنانی منداڵەکان هەنگاو بنێین.
سروشتی ژیانی ئێستا وای لێ هاتووە کە منداڵان زۆر لە کاتەکانیان بۆ سەیری تەلەفزیۆن دادەنێن. زۆریش دەگوترێ و دەبیستین کە تەلەفزیۆن کاریگەریی خراپی لەسەر گەشەی فیکریی منداڵ هەیە، بەڵام لە ڕاستیدا هەموو ئەم شتانەی لەسەر تەلەفزیۆن دەگوترێن وا نییە و ئەم ئامرازە لایەنی باش و ئەرێنیی خۆیشی هەیە. لەو نێوەدا ئەوە ئێمەین کە دەبێ لە بەکارهێنانی‌دا وردبین بین. ئەوەندەی دەکرێ لەگەڵ منداڵەکەتان پێکەوە دابنیشن و سەیری تەلەفزیۆن بکەن، بۆوەی ئەگەر بەرنامەیەکتان بینی کە لەگەڵ تەمەن و باری ڕووحیی منداڵەکەتان گونجاو نەبوو؛ بتوانن بیگۆڕن و قسەی لەسەر بکەن و ڕوونکردنەوەی پێویستی بۆ بدەن.

 

ئەم خاڵانە لەبەرچاو بگرن:
*کاتەکانی سەیرکردنی تەلەفزیۆن بۆ منداڵەکەتان سنووردار بکەن.
*بۆ هاندانی منداڵەکەتان و ڕاکێشانی سەرنجیان بۆ لای شتی دی، کتێب و گۆڤاری تایبەت بە منداڵان لە ژوورەکەیان دابنێن و لەبەر دەستی بنێن.
*نابێ تەلەفزیۆن لە ژووری نووستنی منداڵ بێ و کاتی نان خواردنیش دەبێ تەلەفزیۆن کوژابێتەوە.
*نابێ بێڵن منداڵەکەتان لە کاتی ڕاپەڕاندنی کاروباری قوتابخانە و دەرس و مەشقی خوێندنی‌دا سەیری تەلەفزیۆن بکا.
*ئەوە بکەنە یاسا: سەیرکردنی تەلەفزیۆن پتر لەوەی ماف بێ ئیمتیازە. بۆیەش یاسای تایبەت بە خۆتان بۆ پێدانی ئەو ئیمتیازە بە منداڵەکەتان هەبێ.
*چاودێریی هەموو ئەو بەرنامە و کاناڵانە بکەن کە منداڵەکەتان سەیریان دەکا.
*لە کاتی پێویستدا پرس و ڕاوێژتان بە لایەنی پسپۆڕ و شارەزای ئەم بوارە هەبێ.

 

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved