19/7/2020 06:31 PM

جۆکەر هێمای سەربزێوی و شۆڕش

لەگەڵ پەخشکردنی فیلمی جۆکەر زۆربەی وڵاتانی جیهان کەوتنە ئامادەباشیکردن، لە ترسی ئەوەی دیمەنەکانی فیلمەکە بێتە هۆی زیادبونی توندوتیژی لە وڵاتەکانیان، چونكه‌ سه‌رجه‌م لێكدانه‌وه‌كان ده‌ڵێن "كرۆكی په‌یامی جۆكه‌ر، گێره‌شێوێنییه‌ و ده‌ربڕینی بۆچونه‌كانه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی تێكده‌رانه‌".
پێش بڵاوبونەوەی فیلمەکە سوپای ئەمریکا نامەیەکیان بۆ دەرهێنەرانی فیلمی جۆکەر نارد، کە لەئەگەری هەر روداوێک دوای فیلمەکە ئەوا بەرپرسیار دەبن و روبەڕوی رێکاری یاسایی دەبنەوە چونکە پێیان وابو گورزێکی دەرونی گەورە بڵاودەکاتەوە.
لەگەڵ ئەوەی جۆکەر کەسایەتییەکی شەڕانگێزی هەیە، لە زۆرینەی وڵاتانی جیهان وەک کەسایەتییەک دەبینرێت کە دەیەوێت یاسا باوەکان بشکێنێت، لە چوارچێوە کۆمەڵایەتییەکان بێتەدەرەوە، لەو کۆت و بەندانە رزگاربێت کە سەپێنراوە بەسەر کۆمەڵگەدا و کودەتا بەسەر ستەمکاریدا دەکات.
هاوکات بەسروشتی واکین فینێکس خاوەنی کەساییەتییەکی وه‌ك یاخییه‌ك له‌ دیارده‌ باوه‌كان کە بەشداری لە خۆپیشاندانەکاندا دەکات بەتایبەت خۆپیشاندانەکانی ژینگە، ئەوەش وایکردوە جۆکەر ببێتە باوترین ماسکی بەکارهێنراو لەلایەن خۆپیشادەرانەوە.
لەسەرەتای ئەمساڵدا فینێکس بریاردا لە سەرجەم بۆنە و ئاهەنگەکاندا بە یەک قاتەوە دەربکەوێت، هۆکاری ئەم بڕیارەی دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەوەی کە بە تەواوی بڕوای وایە زەوی پێویستی بە پارێزگاری هەیە و پێویستە رێزی سروشت بگیرێت، دەیەوێت تەواوی ئەمساڵ بە یەک جلەوە دەربکەوێت بۆ ئەوەی پارێزگاری لە ژینگە بکات.
لە رێکەوتی 11ی کانونی دوەمی ئەمساڵ لەخۆپیشاندانەکانی واشنتن کە دژ بە گۆرانکارییەکانی ژینگە ئەنجامدەدرا، واکین فینێکس لەگەڵ چەندین هونەرمەندی ناسراوی دیکەی وەکو ماگی گیلێنهال، سوسان ساراندن و مارتن شین، قسەیان بۆ هەزاران کەس کردوە دەربارەی کاریگەریەکانی گۆشت و بەرهەمە سپیاییەکان، دەستگیرکرا
لە خۆپیشاندانەکانی لوبناندا کە لە 19ی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردودا بەمەبەستی رزگارکردنی وڵات لە قەیرانی ئابوری و دورخستنەوە بەرپرسە گەندەڵکارەکانی وڵات بەڕێوەچو، چەندین خۆپیشاندەر بە ماسکی جۆکەرەوە دەرکەوتن.
25ی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوش کە خۆپشاندان لەشارەکانی ناوەڕاست و باشوری عێراق بەشێوەیەکی بەرفراوان بەمەبەستی گۆڕینی حکومەتی وڵات و ئەنجامدانی چاکسازی لە وڵات بەڕێوەچو، نیگاركێشێك كاراكتەری جۆكەری لەنێو خۆپیشاندانەكاندا جێكردوەتەوە، وەك خۆپیشاندەرانی وڵاتانی دیكە پەیامی نادادی ناهاوسەنگییەكانی لە رێگەی هونەرەكەیەوە گەیاندوە.
لە خۆپیشاندانەکانی هۆنگ کۆنگ-یش کە ماوەی زیاتر لە ساڵێکە لەدژی سەپاندنی یاسای ئاسایشی نیشتمانی چین لە هەرێمەکە بەڕێوەدەچێت، سەرجەم خۆپیشاندەران بەرگی جۆکەریان پۆشیبو، لە چیلیش ماسکی جۆکەر هێمای دیاری خۆپیشاندەران بو، بە جۆرێک یەکێک لەسەر پەیکەری بەناوبانگی سانتیاگۆ نوسیبوی "ئێمە هەمومان قەرەقۆزین".
هەزاران كەس لە دانیشتوانی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا، لە 27ی مانگی رابردوەوە بەمەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی دژ بە كوشتنی هاوڵاتییەكی رەشپێستی ویلایەتی مینێسوتا لەو وڵاتە و لەلایەن پۆلیسێکی سپی پێسەتەوە، رژانە سەر شەقامەكان و داوای بەرپاكردنی دادپەروەرییان كرد تایبەت بەو دۆسییەیە، وەک هەمو جارێک ماسکی جۆکەر وەک هێمایەک بۆ بەرەنگاربونەوەی رەگەز پەرەستی لەو خۆپشاندانەشدا بەکارهێنرا.
ئەمە لەکاتێکدایە رێکەوتی یەکی ئازاری ئەمساڵ 73مین مەراسیمی دابەشکردنی خەڵاتی بافتا بەڕێوەچو، واکین فینێکس، پاڵەوانی فیلمی جۆکەر، دوای وەرگرتنی خەڵاتی باشترین ئەکتەر بۆ رۆڵی پێشەنگ، رەخنەی لە مەراسیمەکە گرت و وتی "زۆرن ئەو ئەکتەرانەی شایەنی ئەم خەڵاتەن، بەڵام پێیان رەوانەبو بانگهێشتیان بکەن، ئەمەش پەیامێکی رونە بۆ ئەو کەسانەی رەش پێستن، بۆ ئەوەی پێیان بڵێن ئێوە شایەنی ئێرە نین".
هەرچەندە خۆپیشاندانەکان لەسەرتاسەری جیهاندا بە هۆکاری جیاواز ئەنجامدەدرێت و داواکاری جیوازیشیان هەیە، بەڵام خاڵی هاوبەشیان لەوەدا یەکدەگرێتەوە کە سەرجەمیان باس لە ناهاوسەنگییەكان دەكەن، لەنێوان چین و توێژە جیاوازەکاندا.

 

سەرچاوە: fandom

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved