21/7/2020 12:07 AM

زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و دەزگای مرۆیی مام رێككەتننامەیەك ئیمزادەكەن

لە سۆنگەی هەستكردن بە بەرپرسیارێتی و بە مەبەستی بەرەوپێشبردنی كۆمەڵگەی كوردی لەڕووی زانستی و خزمەتكردن و پێشخستنی كایە جیاوازەكانی تری كۆمەڵگە، زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و دەزگای مرۆیی مام رێككەوتننامەیەكی هاوبەشیان ئیمزا كرد كە لە هەشت ماددە پێكهاتووەو لە رۆژی واژۆكردنییەوە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.

لەلایەن پ.ی.د.ئالان فەرەیدون عەلی ئەمین سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و فەلاح سەڵاح سەرۆكی دەزگای مرۆیی مام و بە ئامادەبوونی پ.د.سۆران ئەبوبەكر یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆ بۆ كاروباری زانستی و پ.ی.د.دانا ئەحمەد مستەفا یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆ بۆ كاروباری كارگێڕی و دارایی و شیروان حامد بەڕێوەبەری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانی زانكۆو ئارام بەكر بەڕێوەبەری راگەیاندن و چالاكییەكان، لە سەرۆكایەتی زانكۆ كارنامەی ئەنجامدانی كاری هاوبەشی زانستی و رۆشنبیری و مرۆیی لەنێوان زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و دەزگای مرۆیی مام ئیمزا كرا.

پاشان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا هەریەك لە پ.ی.د.ئالان فەرەیدون عەلی ئەمین سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و فەلاح سەڵاح سەرۆكی دەزگای مرۆیی مام ئاماژەیان بە ئامانج و گرنگی رێككەوتننامەكە كرد كە لە بەرژەوەندی هاووڵاتیاندایەو كار بۆ پێشخستنی كۆمەڵگەو كۆمەككردنی ئەو كەسانە دەكەن كە پێویستیان بە هاوكاری و پاڵپشتییە.

لە سەرەتای كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی دەستخۆشی خۆی گەیاندە كارو چالاكی و خزمەتە هەمەچەشنەكانی دەزگای مرۆیی مام كە لە ماوەیەكی كورتی دامەزراندنیاندا پێشكەشی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستانیان كردووەو ڕایگەیاند: خۆشبەختانە لەگەڵ ئیمزاكردنی ئەم رێككەوتننامە چەندین كاری هاوبەشمان لەرێگەی سەنتەری خزمەتی كۆمەڵگەی زانكۆوە دەستپێكردووەو ئەنجامداوە لەگەڵ دەزگای مرۆیی مام وەك ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی و پێشكەشكردنی كۆمەك و هاوكاری بۆ ئەو كەسانەی كە پێویستیان بە هاوكاری بووە، هەروەها پ.ی.د.ئالان فەرەیدون عەلی ئەمین ئاماژەی بەوە كرد كە لە دوو مانگی داهاتوودا زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی كۆنفرانسێكی نێودەوڵەتی لە بواری تەندروستی و پزیشكی و ڤایرۆسی كۆرۆنا ئەنجامدەدات بە هاوبەشی لەگەڵ دەزگای مرۆیی مام.

وتیشی: ئەم رێككەوتننامە هاوبەشە چەندین كارو چالاكی هاوبەشی وەك زانستی و ئەكادیمی و تەندروستی و خێرخوازی و رۆشنبیری دیكە لەخۆدەگرێت و لە پلاندایە لەگەڵ دەزگای مرۆیی مام لە ئایندە جێبەجێی بكەین، ئێمە وەك زانكۆ بڕوامان بەوەیە كە دەبێت بەشێك بین لە كۆمەڵگەو دابینكردنی پێداویستییەكانی كۆمەڵگەكەمان، لەرێگەی ئەم رێكخراوانەشەوە هەوڵدەدەین زیاتر بچینە ناو كۆمەڵگەو خزمەت بە سەرجەم چین و توێژەكان بكەین لەگەڵ ئەركە زانستییەكەیدا خزمەت بە كۆمەڵگە بكەین لەو كات و ساتانەی كە هاووڵاتیان پێویستیان پێیەتی.

پاشان فەلاح سەڵاح سەرۆكی دەزگای مرۆیی مام سوپاسی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی كردو ئەم رێككەوتننامەیەی بە هەنگاوێكی گەورە ئەژمار كرد كە زانكۆ وەك دامەزراوەیەكی زانستی و مەعریفی دەستی لە خزمەتكردنی كۆمەڵگەشدا هەبێت هەروەك چۆن لە پێشتریشدا كاری ناوازەی تری ئەنجامداوە، هەروەها فەلاح سەڵاح ئاماژەی بەوە كرد كە دەزگای مرۆیی مام بەتەنها كاری خێرخوازی ئەنجام نادات بەڵكو لە بنەڕەتدا كار لەسەر گەشەپێدانی مرۆیی و زانستی و تەندروستی و فكیری و سەرجەم بابەتە ئەكادیمییەكان دەكات و دەیەوێت ببێتە پردێكی پەیوەندی لەنێوان زانكۆكان و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانداو ئەم رێككەوتننامەیەی ئەمڕۆ لەگەڵ زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی یەكەم هەنگاوی گەشەپێدانە كە دەزگای مرۆیی مام لە بنەڕەتدا كاری بۆ كردووە.

لە كۆتاییدا سەرۆكی دەزگای مرۆیی مام رایگەیاند: بەو هیوایەین پرۆژە هاوبەشەكانمان لەگەڵ زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی لە ئایندەدا ببێتە جێگەی بایەخ و سوودی گشتی و خزمەت گەیاندن بەتەواوی كۆمەڵگەكەمان.

شایەنی باسە هەر لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناو راگرتنی دەوامی فەرمی و پاشان كەرەنتینەكردن و راگەیاندنی قەدەغەی هاتوچۆی گشتی، زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی لەرێگەی سەنتەری خزمەتی كۆمەڵگەی زانكۆوەو بە هاوبەشی لەگەڵ دەزگای مرۆیی مام هاوكاری و پێداویستی رۆژانەیان گەیاندە سەدان ماڵە هەژارو كەمدەرامەت.

دەزگای مرۆیی مام دەزگایەكی ناحكومی بێلایەن و قازانج نەویستە، لەژێر دروشمی (ئاشتی، پێكەوەژیان، گەشەپێدان) پلان بۆ پرۆژەو چالاكییەكانی دادەڕێژێت بە پشتبەستن بە بنەما سەرەكییەكانی مافی مرۆڤ.

خاك - راگەیاندنی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved