21/7/2020 03:41 PM

ئەدەبی بەراووردكاری وتیۆری هەڵوەشاندنەوە

 

  پ.د.زاهیر لەتیف كەریم

 لەم نووسینەدا ولەڕێگەی ئامانج وكارنامەوە،هەوڵدەدەین پەیوەندییەك لەنێوان ئەدەبی بەراووردكاری وتیۆری هەڵوەشاندنەوەدا دروست بكەین،ئەمە لەكاتێكدا وهەتا ئەمڕۆكە باس لەم پەیوەندییەی نێوانیان نەكراوە،بەڵكو بەدوو جەمسەری سەربەخوی جیاواز باسیان لێوە كراوە.لەئەدەبی بەراووردكاریدا،جگە لەئامانج وكارنامەكانی گەڕان وپشكنین وچاودێری وساغكردنەوە وپێداچوونەوە ودۆزینەوەی هێڵی پەیوەندییە ئەدەبی ومێژوویی وكاریگەرییەكان،جێگەی هەڵوەشاندنەوە وفراوانكردنیش بۆتەوە.بەمەش جۆرە لێكچوونێك لەنێوان كارنامەی ئەدەبی بەراووردكاری وهەڵوەشاندنەوەدا بەدی دەكرێت،ئەویش بەوەی ئەنجامەكانی ئەدەبی بەراووردكاری بەكراوەیی دەمێننەوە.واتە گەرچی بۆ هەر لێكۆڵینەوەیەكی تایبەت جۆرێك لەئەنجام بەڵام ئەم ئەنجامە كۆتا ئەنجام نیە وتوێژەری بەراووردكاری هەمیشە لەسۆراخ وگەڕاندایە تابتوانێت زانیارییەكی تر لەسەر ئەو بابەتە كۆ بكاتەوە.ئەمەش لێكچوونێك لەگەڵ تیۆری هەڵوەشاندنەوەدا دروست دەكات،بەوەی هەڵوەشاندنەوە،لەپێناو گەیشتن بەدوای ڕاستییەكانی دەق، ولەبنەڕەتدا گەڕانە بەدوای نەسەقە ناوەكی ودەرەكییەكان. میكانیزمی ئەم گەڕانە بریتیە لەكردنەوەی كۆدەكان وبەستنەوەیان بۆ جارێكی تر،بەڵام بەجیاوازی مانای پێشوو.لێرەدا دوو جۆر لەخوێندنەوە دێنە بەردەم هەڵوەشاندنەوە،یەكێكیان خوێندنەوەیەكی سادەیی كەمانایەكی جێگیری پێدەبخشێت،دوهەمیان،خوێندنەوەیەكی قووڵ كەمانا جێگیرەكە هەڵدەوشێنێت وبەرەو فرەماناییەكی بێ كۆتایی دەبات.بۆ هەر خوێندنەوەیەك جۆرێك لەمانا ودید وبۆچوون.ئەمە بەدیوێكی تردا مەسەلەی دەقی داخراو وكراوەمان بۆ دەخوڵقێنێت.هەر لەبەر ئەمەشە (هێڵس میلەر) دەڵێت"هەڵوەشاندنەوە لێكۆڵینەوە لەچەقی دژایەتییە ماناییەكان دەكات وخۆی نابەستێتەوە بەمانایەكی دیاریكراو".لەبنەماكانی هەڵوەشاندنەوە باس لەچەند تەوەرێك كراوە،لەوانە:
- جیاوازییەكان. بەمانای گواستنەوەی بابەتێك بۆ بابەتێكی تر دێت.ئەمەش تاكگەرایی لەماناكاندا ڕەتدەكاتەوە،بەڵكو كۆتایی هێنانە بەخاڵی چەقێتی.لەبری ئەمە دەگەڕێت بەدوایی چەندێتی چەقێتیدا.ئەمە بەلای (جاك دریدا )وە پێی دەگوترێت"لادان"،وەك ئەوەی هیچ لێكچوونێك لەخوێندنەوەكاندا بوونیان نامێنێت.
- سڕینەوەی تاك مانایی وگەڕان بەدوای چەندێتی ماناكاندا.
- نووسین وەك ئەوەی هەر نووسینێك بەچەندین قۆناغی جیاوازی فیكری وهونەری وسۆسیۆڵۆژی وسایكۆڵۆژیدا تێپەڕ دەبێت وهەر قۆناغە وگرنگی وخوێندەوەی جیاواز لەخۆ دەگرێت.
- كوشتنی نووسەر ولەدایكبوونی خوێنەر وەك دەسەڵاتێكی ڕەها بۆ كردنەوەی دەقەكان.
گەر بێنە سەر ئەدەبی بەراووردكاری،هەروەك پێشتر ئاماژەمان پێدا،ئەوا ئەمیش قایل نابێت بەئەنجامێكەوە ،توێژەر وەك گەڕیدەیەك،دەگەڕێت بەدوای دەقە هاوشێوە ولێكچووەكان.بۆ هەر گەڕانێك لێكۆڵینەوە لەلێكچوون وجیاوازییەكان دەكرێت ئەویش بەپێی هەڵكەوتە زەمەنی وجێگەیی وجوگرافی وسۆسیۆڵۆژی وفیكرییەكانی ئەو دەقانە.بۆ نموونە، دەقی "گوڵی خوێناویی"گۆران،گەر خوێنەرەكە سروشتی بێت ونموونەیی وبەراووردكار نەبێت ئەوا یەكسەر بڕیار لەسەر خاوەندارێتی ئەم دەقە دەكات ودەیگەڕێنێتەوە  تەنها بۆ خودی گۆران.یان ناوەڕۆكی بابەتەكە دەبەستێتەوە تەنها بەكۆمەڵگای كوردی.بەڵام پشكنینی ڕەخنەگرە بەراووردكاریییەكان ئەوەیان ئاشكرا كردووە لەپشت ئەم دەقەوە كاریگەرییە دەرەكییەكان بوونیان هەیە،یان بابەتەكان دابەشبوون بەسەر كۆمەڵگا جیاوازەكاندا وهەر كۆمەڵگایەكیش جۆرێك لەهەڵسوكەوت ومامەڵە.لەم ڕووەوە ئەم ڕەخنەگرانە هەتا ئەمڕۆكە ئاماژەیان بەكاریگەری كورتە چیرۆكێكی نووسەری ئیرلەندی وجیهانی (ئۆسكار وایەڵد) كردووە بەنێوی"بوولبول وگوڵ".لێرەدا نامانەوێت جارێكی تر باس لەلێكچوون وجیاوازی وپردی پەیوەندییەكان بكەین،چونكە پێشتر كاری زۆری لەسەر كراوە،بەڵام ئەوەندە هەیە كە گۆران لەنزیكەوە ئەم نووسەرە ئیرلەندییەی ناسیوە بەتایبەتی لەڕێگەی كورتە چیرۆكێكی تری بەنێوی "شازادەی بەختیار"كە گۆران لەئینگلیزییەوە وەریگێڕاوەتە سەر زمانی كوردی ولەپەراوێزیشدا ئاماژەی بەكورتە چیرۆكە ئاماژەپێكراوەكەی پێشووتری كردووە.ئەمەی لەبەرهەمەكەیدا بەنێوی"هەڵبژاردە"ئەنجامداوە.پشكنینەكان كۆتایان پێنەهاتووە ولەڕێگەی (دكتۆر شادمان فوئاد مەستی) یەوە،نیشتەجێی هەمیشەیی لەمەكدۆنیا،توانرا دەقێكی درامی نووسەری بوڵگاری-مەكدۆنی (ڤۆیدان چیرنۆدرێنسكی – 1875- 1951)بدۆزرێتەوە بەنێوی "شایی خوێناویی مەكدۆنیا "كەلەساڵی 1900 نووسراوە وناوەڕۆكەكەی پشتی بەڕووداوێكی ڕاستەقینە بەستووە كەسەرچاوەكەی هەمان كێشەی "گوڵی خوێناویی "یە.ئەم دەقە ئەگەری زۆری هەیە  لەبەرهەمهێنانی دەقێكی گەورە نووسەری ئیسپانی فێدریكۆ كارسیا لۆركا (1898- 1936)بەنێوی "شایی خوێناویی" كەلەساڵی 1932 نووسراوە.ئەمەی( لۆركا ) ش ئەگەری زۆرە كەوتبێتە ژێر كاریگەری نووسەر وڕۆژنامەنووس ووەرگێڕ ومافناسی ئافرەتان لەئیسپانیا،كارمن دی بۆرگیس (1867- 1932) بەنێوی "خەنجەری مێخەكی"كەلەساڵی   1931نووسراوە.لێرەدا ئەوەی جێگەی سەرنجە لێكچوونێكی زۆر هەیە لەنێوان دەقە ئاماژەپێكراوە دەرەكییەكانی سەرەوە لەگەڵ دەقی "گوڵی خوێناوی"ی گۆران.گۆران لەپەیوەندییەكەیدا زۆر زیرەكانە وژیرانە مامەڵەی لەگەڵدا كردوون.بەتیرێك دوو نیشانی پێكاوە،لەلایەكەوە،لەدەقەكەیدا،وەك گریمانەیەك، سوودی لەناوەڕۆكی ئەو دەقانە بینیوە،لەلایەكی تریشەوە دەقێكی تریشی پێ دامەزراندووە بەنێوی "بووكێكی ناكام"،كەناوەڕۆكی ئەم دەقەی زۆر نزیكترە لەناوەڕۆكی ئەو دەقە دەرەكیانەی سەرەوە، لەكاتێكدا پیاوانی ئاغا ودەرەبەگ ودەسەڵات بەهۆی هێزەكانیانەوە توانیویانە مەبەستێتی خۆیان مسۆگەر بكەن وئەوەی وویستیانە ومەبەستیان بووە بەزۆرە ملێی جێبەجێیان كردووە ولەبەرامبەریشدا كەسە هەژار وچەوساوەكان ،بەڵكو زۆرینە، هەمیشە لەژێر هەڕەشەی ئەم هێزەدا بوون ودەرئەنجامیش زیانێكی گەورەی ئابووری وسۆسیۆڵۆژیان لێ كەوتووە.لەگەڵ ئەمانەشدا،گەر ئەو دەقانە كاریگەریان لەسەر دەقەكانی گۆران بەجێهێشتبێت ئەوا گۆران لەجەمسەرێكەوە نوێنەرایەتی ئەدەبە نەتەوایەتییەكەی خۆی دەكات ولەجەمسەرێكی تریشەوە ڕۆحیانەتێكی سۆسیۆڵۆژی كوردانەی بەخشیوە بەو دەقانەی. (ئەم بابەتە،لەئایندەیەكی نزیكدا دەبێتە پڕۆژەیەكی لێكۆڵینەوەیی).هەموو ئەمانە ئەوە دەگەیەنن كەپشكنین وگەڕانەكانی ئەدەبی بەراووردكاری هەمیشە بەكراوەیی دەمێننەوە ودەرگاكان لەسەر خۆیان داناخەن.هەر لەبەر ئەمەشە هیچ دەقێك بەبێ كارلێكە دەرەكی وناوەكییەكانی دەق لەدایك نابێت ویەكێك لەكارنامەكانی ئەدەبی بەراووردكاریش بریتیە لەكردنەوەی دەقە ئەدەبی وشیعرییەكان وهەوڵەكانی لەم بوارەدا خۆی لەڕەتكردنەوەی چەقێتی دەقدا دەبێنێتەوە ولەوێشەوە قایل نابێت بەتاكگەرایی مانایی وبابەتی دەق. لەهەمان كاتدا،ئەم كردنەوەی دەقە لەڕێگەی ئەدەبی بەراووردكارییەوە،ئەوە دەگەیەنێت كەهەر جارە وجۆرێك لەبیركردنەوە ناوەڕۆكییەكان.واتە چەند دەرگا دەرەكییەكان لەسەر دەقە لۆكاڵییەكان بكرێنەوە ئەوا لەبەرامبەریشدا زانیارییەكانیش فراوانتر دەبن وبۆچوونی نوێش لەخۆیان دەگرن.

تێبینی:
ئەم نووسینە بەشێكە لەوانەی "الادب المقارن"بۆ خوێندكارانی خوێندنی باڵا،ماستەر،بەشی زمانی عەرەبی،كۆلێژی زمان،زانكۆی سلێمانی كەلەڕێگەی ئۆن لاینەوە،ڕۆژی 12 / 7 / 2020   ئەنجام دراوە.  






زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved