25/7/2020 03:58 PM

بەرهەمهێنانی ئایفۆن 11 لە هیند دەستی پێکرد

کۆمپانیای ئەپڵ بەرهەمهێنانی ئایفۆن 11ـی لە کارگەی کۆمپانیای فۆکس‌کانی وڵاتی هیند دەست پێکرد بۆ ئەوەی بتوانێ تا رادەیەک پێویستییەکانی بە چین کەم بکاتەوە.
بەپێی پلانێک کە ناوی "Make in India"ـیە و حکومەتی ئەم وڵاتە دەستی پێکردووە، کۆمپانیای ئەپڵ بەرهەمهێنانی مۆبایلە زیرەکە نوێیەکەی خۆی واتە ئایفۆن 11ـی لە کارگەی فۆکس‌کانی هیند دەست پێکرد.
کۆمپانیای ئەپڵ لە رابردوودا هەندێک لە بەرهەمهێنانەکانی لە وڵاتی هیند بوو. بەڵام بەرهەمە ناوازەکانی خۆی لەم وڵاتە بەرهەم نەدەهێنا. ساڵی رابردووش سەریەکخستنەوەی مۆبایلی ئایفۆن XRـی لە هیند ئەنجام دا؛ بەڵام ئەمساڵ بەتەمایە مۆبایلی ئایفۆن 11 لەم وڵاتە بەرهەمه بهێنێت.
بێگومان ئەم بابەتە دەبێتە هۆی ئەوەی نرخی ئایفۆن 11 لە بازاڕەکانی هیند کەم بێتەوە و خەڵکی ئەم وڵاتە بتوانن بە نرخێکی کەمتر ئەم بەرهەمە بکڕن. بەپێی راپۆرتەکان بە ئەگەری زۆر کۆمپانیای ئەپڵ، بەرهمهێانی ئایفۆنی SE 2020ـش هەر لەم وڵاتە ئەنجام بدات.
زۆرینەی بەرهەمهێنەرانی مۆبایل هەوڵ دەدەن بەرهەمەکانی خۆیان لە وڵاتێک جگە لە چین بەرهەم بهێنن، بۆ ئەوەی تەنها لە ژێر رکێفی یەک وڵاتدا نەبن. ئەپڵ چەند رۆژ لەمەوبەر رایگەیاند کە وەشانی نوێی ئایرپادەکانی خۆی لە ڤیتنام بەرهەم دێنێت.
لە ساڵی نوێشدا دەبێ چاوەڕوانی چوار مۆدێلی نوێی مۆبایلی ئایفۆن 12 بین کە بە ئەگەری زۆر لە مانگی 9ـدا پەردەی لەسەر لادەدرێت.

 

سەرچاوە: gizmochina

خاک _ پشکۆ کامەران



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved