26/7/2020 05:44 PM

بووتیقای نەگونجاوی پاژەکان

پێکهاتەی گێڕانەوە لە ڕۆمانی (ئەلف/یا)دا، نووسینی ڕەزا عەلی‌پوور

کاوان محەمەدپوور
لەم چەند ساڵەی دواییدا، سەرنجی نووسەری کورد زیاتر لە ڕابردوو بۆ لای ئەدەبیاتی داستانی ڕاکێشراوە و شایەتی ئەوەین گەلێک دەق بەناوی کورتەچیرۆک و ڕۆمان بڵاودەبنەوە. ئەگەرچی بڵاوبوونەوەی ئەم دەقانە لەلایەکەوە جێگەی دڵخۆشییە، بەڵام لە لایەکی دیکەوە دەبینین بەشێکی زۆر لەم دەقانە-چ لە باشوور و چ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان- ئەوەندە لاواز و بێ‌بنەمان کە ناتوانین ناوی چیرۆکیان(fiction) لەسەر دابنێین. یەکێک لە خەسارە بەرچاوەکانی ئەم چەشنە دەقانە، نزم کردنەوەی ئاستی سەلیقەی بەردەنگ و لاوازکردنی مێژووی چیرۆکنووسییە. بەتایبەت هەر دەقێک بەناوی ڕۆمان بڵاو دەبێتەوە لەلایەن کەسانێکەوە بەناوی ڕەخنەی ئەدەبی، وتاری (شرۆڤەکارانە)ی لەسەر دەنووسرێت و بەبێ‌ هیچ بەڵگەیەکی زانستی ناوی دەقی واڵا، دەقی بەهێز یان نموونەی ڕۆمانی سەرکەوتووی لێ‌دەنرێت. ئێمەی ڕۆژهەڵاتی، ئەزموونی ئەم (نزم کردنەوەی سەلیقە)ـیەمان لە شێعری هاوچەرخدا -بەتایبەت لە هەشتاکان بەم لاوە- دیوە. بڵاوبوونەوەی گەلێک شێعری نەشیاو و لاواز لەهەر سووچێکەوە، بۆتە هۆی ئەوەی بەردەنگی کورد هیچ پێوەندییەک لەگەڵ شیعری هاوچەرخ نەگرێت و تەنیا ڕوو لە شاعیرە گەورەکانی پێشوو بکات. ئەم خەسارەی داوێنی شێعری گرتۆتەوە، مەترسی ئەوە هەیە ڕوو لە ئەدەبیاتی داستانیش بکا. بەڕای من ڕەنگە ئەدەبیاتی داستانیی کوردی لەم ڕێگەیەدا زووتر و زۆرتر لە شێعر بەرەو نزمی بڕوات و لاواز بێتەوە. لە ڕاستیدا شێعری کوردی، بەو گشتە ئەزموونە مێژوویی و کەڵە شاعیرانەی ڕابردوو نەیتوانی خۆی لەم زیانە ڕزگار بکات، جا دەبێ ئەدەبیاتی داستانی کە هەموو مێژووەکەی ناگاتە سەد ساڵ و بە ئەژماری قامکەکانی دەست نووسەری لێهاتووی تێدا نییە چی بەسەر بێت!؟. بۆیە پێموایە ئەگەر لە پێشوودا کاری ڕەخنەگری کورد-زیاتر- شیکردنەوە و هەڵسەنگاندنی بەرهەمە باشەکان بووە و زۆر بە دەگمەن پەرژاوەتە سەر دەقە لاوازەکان، ئەمڕۆکە ئەرکێکی سەلبیشی بۆ دەستنیاش کراوە، ئەویش شیکردنەوە و ناساندنی دەقە لاوازەکان و هۆی لاوازبوونیان لە ئاست (پێکهاتە) و ئەدەبییەتی دەقە. ئەم کارە- لە سەردەمی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان- تا ڕادەیەک دەتوانێ پێش بە شانتاژ و پێهەڵاگوتنی ساختەچیانە بگرێت و لانیکەم بەشێک لە خوێنەران  لەم هرووژمە ئاگادار بکاتەوە.
لە حەوتەکانی ڕابردوودا ڕۆمانی (ئەلف/یا) لە نووسینی بەڕێز ڕەزا عەلی‌پوور، لەلایەن (چاپەمەنی مانگ)ـەوە بڵاوکرایەوە. لە درێژەی ئەم وتارەدا دەمهەوێت هەندێک لە لایەنە لاوازەکانی ئەم کتێبە شی بکەمەوە و لە ڕێگەی هەڵسەنگاندنی “پێکهاتە” و “کەرەستەکانی گێڕانەوە”ـەوە، پاژە نەگونجاوەکانی دەربخەم.
بەپێوستی دەزانم بەرلەوەی بچەمە سەر باسی ڕۆمانەکە، ئاماژە بە دوو وتار بدەم کە بەناوی ڕەخنە و هەڵسەنگاندنی ئەلف/یا پێشتر بڵاوبوونەوە. دیارە لەم وتارەدا دەرفەتی ئەوە نییە بە وردی کێشەی ئەم نووسراوانە تاوتوێ بکەم، بۆیە تەنیا لەنگەر دەگرمە سەر چەند هەڵەی سەرەکی لە شێوازی نووسین و هەڵسەنگاندیاندا:
وتاری یەکەم «تێکچرژانی تەکنیکەکان؛ لە نێوان گێڕانەوە و گێڕەرەوە و بەردەنگدا لە ڕۆمانی (ئەلف/یا)»ـیـە نووسینی بەڕێز (دلاوەر ڕەحیمی)، کە لە ماڵپەڕی (negativegroup.org)ـدا بڵاوکراوەتەوە و چەند هەڵەی بەرچاوی تێدایە. یەکەم: نووسەر لەسەرەتادا بێ‌ئەوەی پێوەرەکانی (دەقی نووسیاری)-دەقی نڤیساری- لە ڕوانگەی ڕۆڵان بارت لەناو ڕۆمانی (ئەلف/یا)دا دەستنیشان بکات، ئەم ڕۆمانە دەخاتە خانەی (دەقی نووسیاری)ـیەوە و لەم دەلاقەیەوە تاوتوێی دەکا. دیارە بۆ ناوزەدکردنی هەر دەقێک بەناوی (دەقی خوێنیاری) یان (دەقی نووسیاری) دەبێ لەپێشدا، بەڵگەکانی لەناو دەقدا دەستنیشان بکەین و دواتر بڕیاری لەسەر بدەین. ئەم بەڵگانە لە چوارچێوەی تێۆری بارتدا لە لایەن نووسەرەوە دەستنیشان نەکراون. دووهەمین گرفتی ئەم وتارە، ئەوەیە کە دەستەواژەکانی دە‌ق‌ئاوێزان، پاراتێکستی، ئەودیودەق، سەروودەق و…، وەک (تەکنیک) ناودەبا، لەحاڵێکدا بەو جۆرەی –ژێرار ژێنێت، ڕۆڵان بارت، ژولیا کریستوا، مایکێڵ ڕیفاتێر و….- باسیان دەکەن، ئەمانە “دەستەواژەی نوێی ڕەخنەی ئەدەبی” بۆ خوێندنەوەی دەقن، نەک “تەکنیکی ئەدەبی”. بەواتایەک، بوونی ئەم دەستەواژانە لە ناو دەقێکدا، هەرگیز بەمانای بەرزی، واڵا یان مۆدێرن‌بوونی دەق نییە. بۆ نموونە لە دەقە پیرۆزەکانیشدا نموونەی دەق‌ئاوێزانمان هەیە، بەڵام نایەنە خانەی دەقی مۆدێرنیستییەوە، یان لە چیرۆکێکی ساویلکەی مناڵانەشدا نموونەی پاراتێکست هەیە و ئەمەش هەرگیز بەمانای واڵا بوونی ئەم چیرۆکە نییە. سێهەمین کێشەی وتاری ڕەحیمی، نەبوونی مێتۆدێکی دیاری‌کراو بۆ هەڵسەنگاندنە، ئەو لەسەرەتاوە بە ڕوانگەی پێکهاتە‌خوازەکان دەستپێدەکا و دواتر دەچێتە سەر دەروون‌شیکاری یۆنگ. لە فەلسەفەی مێتۆددا، بەم گرفتە دەڵێن: (ئاڵۆزیی پارادایمی)، واتە دوو یان چەند تێۆری کە هەر کام سەر بە پارادایمێکن و ئەنتۆلۆژی و ئیپیستمۆلۆژییان پێکەوە جیاوازە بە زۆر لەگەڵ یەکیان تێکەڵکەین. یەکێک لە خەسارەکانی ئاڵۆزیی پارادایمی، ئەوەیە کە دیار نییە نووسەر بەپاڵپشتی چ ڕوانگە و فەلسەفەیەک بیر لە جیهانی دەق دەکاتەوە. بەڕێز ڕەحیمی هەڵبەت دەیتوانی وتارەکەی لە دووبەشدا ئاراستە بکات، بەشێک پێکهاتەیی و بەشی‌تر بۆ شیکردنەوەی سیمبۆلە دەروون‌شیکارییەکان. وتاری کاک دلاوەر کێشەیەکی‌تریشی هەیە، ئەویش بە هەڵە بەکارهێنانی هەندێک لە دەستەواژەکانی ڕەخنەی ئەدەبییە، بەڵام لێرە دەرفەت نییە باسیان بکەم.
نووسراوەیەکی‌تر -کە من لە ناو تۆرەکۆمەلاتییەکاندا هاتە بەر چاوم و وێدەچێت نووسەر لەسەر پەیجی خۆی بڵاوی‌کردبێتەوە-، وتاری «چۆن ڕۆمان بنووسین؟؛ لەبارەی ڕۆمانی “ئەلف/یا”ی ڕەزا عەلی‌پوور»ـە لە نووسینی بەڕێز حەمە مەنتک. گرفتی سەرەکی ئەم نووسراوەیە نەبوونی تێۆری و مێتۆدی دیاری‌کراوە، دیار نییە نووسەر لەسەر چ خانەیەکی تێۆریک ئەم دەقە شی دەکاتەوە، بۆیە زیاتر وەک خوێندنەوەی تاکەکەسیانە و شرۆڤەکارانە دەچێت تا ڕەخنەی ئەدەبی. دووهەمین گرفت: ناوزەد کردنی (ئەلف/یا) بە ڕۆمانێکی پۆست‌مۆدێرنیستییە، نووسەر دەڵێت: «ڕۆمانی ئەلف/یا، ڕۆمانێکی پۆستمۆدێرنەیە، لە هەمان کات میتاسەرهاتە(میتافیکشن). تەکنیکی چیرۆک لەناو چیرۆک یەکێکە لە خاسیەتەکانی ئەم ڕۆمانە». نەبوونی تایبەتمەندییە پۆست‌مۆدێرنیستییەکان لە ڕۆمانی (ئەلف/یا)دا لە درێژەی ئەم وتارەدا باس دەکەم. بەڵام ئەوەی کە نووسەر بوونی چیرۆک لەناو چیرۆکدا بە مێتافیکشن ناوزەد دەکا جگە لەوەی هەڵەیەکی بنەڕەتی و ساویلکەیە بۆ پێناسەکردنی مێتافیکشن، بەڵکوو مانای فەرهەنگ‌نامەیی ئەم دەستەواژەیەش دەخاتە ژێر پرسیارەوە. چیرۆک لەناو چیرۆکدا تەنیا یەک خسڵەتی مێتافیکشنە و زەرووریش نییە حەتمەن بوونی هەبێت- و، ئەم خسڵەتەش تەنانەت لە چیرۆکی هەرە کلاسیک‌دا هەیە و پێوسیت نییە حەتمەن چیرۆک پۆست‌مۆدێرن بێت تا چیرۆک لەناو چیرۆکی‌دا هەبێت، بۆ نموونە (بەیت)ی “شێخ فەرخ و خاتوو ئەستی”، پۆست‌مۆدێرن نییە بەڵام چیرۆکی لەناو چیرۆکدا هەیە. مێتافیکشنی پۆست‌مۆدێرنیستی زۆر بەربڵاوە و زۆرجاریش چیرۆک لەناو چیرۆکدا بوونی نییە.
لە درێژەی ئەم وتارەدا هەوڵ دەدەم بە ڕوانگەی فۆرمالیستی و کەڵک وەرگرتن لە مێتۆدی قوتابخانەی (پێکهاتە‌خوازی)، کە پرسیاری سەرەکییان لەسەر پێکهاتەی دەقە و، بە هەڵسەندگاندنی نیزامی دەق، هەوڵ دەدەن ئەدەبی/هونەری بوونی دەقێک دیاری بکەن، هەندێک لە پاژەکانی (ئەلف/یا) شی‌کەمەوە. قوتابخانە فۆرمالیستییەکان- فۆرمالیزمی ڕووس، پێکهاتە‌خوازی و، فۆرمالیزمی ئەمریکی-ئینگلیسی-، بەر لە هەر شتێک ئەم بابەتە دەخەنە بەر باس: کە چ خسڵەتگەلێک لە ناو بەرهەمدا، بەرهەمەکە دەکاتە بەرهەمێکی هونەری و ئەدەبی؟. «بەپێی ئەم تێۆریانە [فۆرمالیزم] خاڵی جیاوازیی بەرهەمی هونەری لە دیکەی بەرهەمەکان، نابێت لە پێوەندی ئەو لەگەڵ جیهانی دەرەوە، هونەرمەند یان بەردەنگ، بەڵکوو دەبێ لە نیزامی خودی بەرهەمەکەدا بۆی بگەڕێی.»(موران،١٣٩٩:١٨٥). هەر بۆیەش بۆ تاوتوێی (پێکهاتەی گێڕانەوە)، مێتۆدی گێڕانەوەناسی و بۆ شیکردنەوەی (پێکهاتەی چیرۆک)یش، نیشانەناسیی گێڕانەوەیی بەکار دێنن. بەشی یەکەم جەختی لەسەر کەرەستەکانی گێڕانەوەیە و بەشی دووهەم، تاوتوێی “ئەو شتەیە وا دەگێڕدرێتەوە” و جەختی لەسەر گەڵاڵە و کاراکتێرسازییە.(ژوو،١٣٩٤: ٧١-٦٩). ڕەنگە یەک دوو سەرچاوە کە ئاماژەم پێکردوون، نووسەرەکانیان سەر بە قوتابخانەی پێکهاتە‌خوازی نەبن-وەک تێری ئیگڵتۆن- بەڵام ئەم کتێبانەی لەوانم هەڵبژاردەوە هەر بەم ڕوانگەیەوە نووسراون، واتە هەڵسەنگاندنی پێکهاتە و فۆڕمی دارژتنی بەرهەمی ئەدەبی. سەبارەت بە مێتۆدی ئەم وتارە، پێویستە ئەمەش زیاد بکەم: لە چەند جێگەدا بۆ جیاکردنەوەی شێوەڕوانینی (کلاسیک، مۆدێرنیستی و، پۆست‌مۆدێرنیستی)، لە مێتۆدی (شیکاری-وەسفی) لە بەستێنی فەلسەفیدا، بۆ پێناسەکردنی خسڵەتە جیاوازەکانی (بەسووژەکردن) کەڵکم وەرگرتوە.
بوونی کەمایەسی لە نیزام و پێکهاتەی دەق و هەروەها نەگونجانی کەرەستەکانی گێڕانەوە ڕاستەوخۆ پێوەندی بە لاوازیی نووسەرەوە هەیە. ئەوەی کە نووسەر نەیتوانیوە بووتیقا و لۆژیکی ڕۆمان ڕەچاو بکات کێشەیەکە کە دەگەڕێتەوە سەر فامی ناتەواوی ئەو لە بەکارهێنانی ماکەکانی گێڕانەوە و هەڵبژاردنی شێوەڕوانینی بۆ سووژەی چیرۆک. بە هۆی ئەوەی لە زۆربەی لێدوانەکاندا، ڕۆمانی (ئەلف/یا) بە دەقێکی مۆدێرنیستی یان پۆست‌مۆدێرنیستی ناسراوە، بەشێکی ئەم وتارەم تەرخان کردووە بە بنەما فەلسەفییەکانی کلاسیسیزم، مۆدێرنیزم و پۆست‌مۆدێرنیزم. لەم باسەدا هەوڵم ‌داوە ئەوە نیشان بدەم کە تەنیا بەکارهێنانی “تەکنیک”، “ئاڵۆزکردنی پاژەکان” یان “لێڵ‌کردنی فەزای چیرۆک”، نیشانەی جیاوازبوونی دەق نییە، بەڵکوو جیاوازبوونی دەق ڕاستەوخۆ دەگەڕێتەوە سەر شێوەڕوانینی دەق بە جیهان.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم وتارە سەردانی ماڵی کتێبی کوردی بکەن.

 

خاک _ پشکۆ کامەران



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved