لیژنه‌ی باڵای ته‌ندروستی و سه‌لامه‌تی نیشتیمانی عیراق له‌میانی كۆبوونه‌یه‌كیدا له‌گه‌ڵ مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق چه‌ند بڕیارێكی ده‌ركرد، كه گرنگترینیان سه‌پاندنی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆیه بۆ ماوه‌ی 10 رۆژ، له رۆژی پێنجشه‌ممه‌ی داهاتووه‌وه تا دوای جه‌ژنی قوربان. نوسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران له بڵاوكراوه‌یه‌كدا رایگه‌یاندووه: سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق سه‌رپه‌رشتی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی له‌گه‌ڵ لیژنه‌ی باڵای ته‌ندروستی و سه‌لامه‌تی نیشتیمانی عیراقی كرد، چه‌ند بابه‌تێك له خشته‌ی كاری كۆبوونه‌وه‌كه گفتوگۆیان له‌سه‌ر كرا. له بڵاوكراوه‌كه‌دا هاتووه: لیژنه‌ی باڵای ته‌ندروستی و سه‌لامه‌تی نیشتیمانی كۆمه‌لێك بڕیاری ده‌ركرد: یه‌كه‌م/ سه‌پاندنی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ له‌رۆژانی جه‌ژندا، له رۆژی پێنجشه‌ممه 30-7-2020 تا 9-8-2020 لیژنه‌ی باڵای له‌دوای پشووه‌كانی جه‌ژن، چاو به بڕیاره‌كه‌دا ده‌خشنێته‌وه. دووه‌م/ بڕیاردرا نۆرینگه تایبه‌ته‌كان به مه‌رجی پابه‌ندبوون به رێنمایی و رێوشوێنه‌كانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و سه‌ندیكای پزیشكان بكرێنه‌وه. سێیه‌م/ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی بوار بۆ وه‌به‌رهێنه‌ران ده‌ڕه‌خسێنێت كارگه‌ی به‌رهه‌مهێنانی ئۆكسجینی پزیشكی دابمه‌زرێنن، له‌و پێناوه‌شدا هه‌موو ئاسانكارییه‌ك به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان و لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان پێشكه‌ش ده‌كات. چواره‌م/ ئه‌مینداری گشتی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران راده‌سه‌پێررێت به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ وڵاتی كوه‌یت، ئاسانكاری بۆ هاتنه‌ناوه‌وه‌ی ئۆكسجین له ده‌روازه‌ی سه‌فوانه‌وه بكرێت. پێنجه‌م/ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ی راوێژكاران توێژینه‌وه‌یه‌ك سه‌باره‌ت به بابه‌تی كردنه‌وه‌ی ده‌روازه‌ی ئه‌لیكترۆنی بۆ راوێژی پزیشكی پێشكه‌ش ده‌كات كه له‌لایه‌ن میلاكی پزیشكی له وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی به‌ڕێوه‌ده‌برێت. شه‌شه‌م/ بڕیار له‌سه‌ر راسپارده‌كانی تیمی ئاماده‌كردنی رێكاره خۆپارێزییه‌كان له په‌تای كۆرۆنا له‌ناو فڕۆكه‌خانه‌كانی عیراقدا درا. حه‌وته‌م/ ده‌زگا ئه‌منییه‌كان، بڕیاره‌كانی لیژنه‌ی باڵا سه‌باره‌ت به مه‌رجه‌كانی ته‌ندروستی و رێكاره خۆپارێزییه‌كان جێبه‌جێ ده‌كات، وه‌ك (به‌ستنی كه‌مامه‌و دانانی پاكژكه‌ره‌وه و دووركه‌وتنه‌وه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان)، پێبژاردنی ماڵی به‌سه‌ر سه‌رپێچیكه‌رانداو ده‌ستبه‌سه‌ركردنی ئوتومبیله‌كانیان. هه‌شته‌م/ تۆڕی راگه‌یاندنی عیراق، به‌رنامه‌یه‌كی چڕی هۆشیاركردنه‌وه‌و رووناكبیری له‌باره‌ی خۆپاراستن له په‌تای كۆرۆنا جێبه‌جێ ده‌كات. خاك - راگه‌یاندنی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure