27/7/2020 01:02 AM

رێنمایی پێویست بۆ خۆپاراستن لە گەرمای بەتین

پلەکانی گەرما لەم ھەفتەیەدا بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزدەبنەوە. بەوهۆیەی گەرما زۆر لێکەوتەو کاریگەری تەندروستی هەیە بەسەر لایەنی جەستەیی مرۆڤەوە، واباشە ئەم رێنماییە پزیشکیانەی لای خوارەوە بخوێنیتەوەو هەوڵی جێبەجێکردنی بدەیت.

١. هەوڵبدە خۆت بپارێزی لە بەرکەوتنی راستەوخۆی تیشکی خۆر، بەوپێیەی لەمکاتەدا بەرکەوتنەکە زیاترە هەربۆیە کاریگەری لەسەر جەستەو پێست بەتایبەت زۆرە.

هەروەها بۆ خۆپاراستن لەم بەرکەوتنانە دەتوانیت جلێک لەبەربکەی کە ئەستور نەبێت و هاوینە بێت و زۆرتر لە مادەی کەتان پێکهاتبێت، ئەمە سەرباری سوودبینین لە کڵاو و چاویلکەی دژەخۆر.

٢. بەهۆی گەرماوە رێژەیەکی زۆر ئاوی لەشت لەدەستدەدەی، ئەم رێژەیەش پێویستی بە قەرەبووکردنەوەیە. بۆیە تا دەتوانیت بە شێوەیەکی بەردەوام ئاو بخۆرەوەو هەروەها شلەو شلەمەنیش لە ژەمە خۆراکییەکانتدا زیاتر بکە.

٣. هەوڵبدە کەمتر خۆت ماندووبکەی، چونکە ماندوێتی لەگەڵ گەرمای بەتین سەردەکێشێت بۆ حاڵەت و نەخۆشی دیکە.

٤. بنەماکانی پاکوخاوێنی زیاتر لە جاران رەچاوبکە، بۆ ئەوەی بەدووربیت لە توشبوون بە نەخۆشیيە گوازراوەکان بەتایبەتی کۆرۆناو سکچون و رشانەوە کە لەم وەرزەدا زۆرتر بڵاودەبنەوەو مەترسیيەکەشیان بۆسەر جەستە بەهۆی زۆر لەدەستدانی ئاوەوە زیاتر دەبێت.

٥. مناڵ لەناو ئۆتۆمبیلدا بەجێمەهێڵەو هەوڵیش بدە کە ئۆتۆمبیلەکەت لەکاتی راوەستان و کوژانەوەی دابپۆشی لەبەر خۆرو هەروەها جامەکانیشی قەپات نەکەیت کە بەهۆی ئەو خاڵانەوە پلەی گەرمی نێو ئۆتۆمبیلەکە زۆر بەرزبێتەوەو کێشەو زیانی لێبکەوێتەوە لەسەر جەستەی خۆت و سەرنشینەکانی تر.

٦. بۆ توشبووانی کۆرۆنا، پێویستە زیاتر لەھەر کەسێک خۆیان بپارێزن و نەچنەبەر ھەتاو و لە شوێنی فێنکدا بمێننەوە، ئەمە سەرباری ئاوخواردنەوەی زۆرو ھەروەھا ئاو بەخۆداکردن لەکاتی بوونی تا.

خاك - راگەیاندنی بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی گەرمیان




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved